زووم:
هەردووکیان بە رادەیەکی زۆر خواستی سەرکەوتنیان هەیە، 10 ساڵ دەبێت هەوڵدەدەن هەژموونی خۆیان لە جیهانی عەرەبیدا بسەپێنن، یاخود بە مانایەکی دیکە دەیانەوێت بچنە سەر عەرشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەسێک نەبێت شان لەشانیان بدات.
ئەم دوو سەرکردەیە کەس نین جگە لە محەمەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە.
ئێستا ئەم دوو سەرکردە عەرەبە ململانێی یەکتر دەکەن بۆ ئەوەی ببنە دەمڕاست و خاوەن بڕیاری یەکەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا.
لەکاتێکدا ئەمریکا رۆڵێکی کەمتری لە ناوچەکەدا هەیە، هەردوو محەمەد لە کێبڕکێیەکی تونددان لەسەر بازاڕی نەوت و کۆنتڕۆڵکردنی سیاسەت و ئابووریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، شازادەی جێنشینی سعودیە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوودا لە ریازی پایتەخت لەگەڵ کۆمەڵێک رۆژنامەنووسی وڵاتەکەیدا کۆبووەتەوە و پێی گوتوون “ئەو ئیماراتەی دەیان ساڵە هاوپەیمانمانە، لە پشتەوە خەنجەری لێداوین”. محەمەد بن سەلمان بە توڕەییەوە سوێندی خواردووە و گوتوویەتی “دەبینن کە ئێمەش چیمان پێدەکرێت”.
بەرژەوەندییە جیاوازەکان لە یەمەن
ئیمارات و سعودیە هەریەکەیان بەرژەوەندیی خۆیان لە یەمەندا هەیە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەردەوامبوونی شەڕ و ململانێکان لەو وڵاتەدا.
بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی ساڵی رابردوو لەگەڵ ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەندا ئیمزایکردووە، ئیمارات مافی ئەوەی هەیە دەستی بە ئاوەکانی نزیک یەمەن بگات.
ئەمە سعودیەی نیگەران کردووە و پێیانوایە هەوڵێکە بۆ روبەڕوبوونەوەی ستراتیژەکەیان لە ناوچەکەدا، جگەلەوەی توڕەن لە ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن کە رێککەوتننامەیەکی لەو شێوەیەی لەگەڵ ئیمارات ئیمزاکردووە، بەوپێیەی ساڵانێکە خۆیان بە تەنها پاڵپشتیی ئەنجومەنەکە دەکەن.
هاوکات حکومەتی ریاز پلانی داڕشتووە هێڵێکی بۆری لە سعودیەوە بۆ دەریای عەرەب رابکێشێت و بەنێو پارێزگای حەزەرمۆتی یەمەندا بیبات، بەڵام ئەو هێزانەی لەلایەن ئیماراتەوە پشتگیریی دەکرێن هەڕەشە لە پرۆژەیەکی لەو شێوەیە دەکەن.
کێبڕکێی ئابووریی
راپۆرتە دوور و درێژەکەی واڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بە گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا داوە، لەکاتێکدا محەمەدەکەی سعودیە دەیەوێت خۆی لە سێبەری محەمەدەکەی ئیمارات دەربازبکات.
شازادەی جێنشینی سعودیە هەوڵدەدات ئابووریی وڵاتەکەی فراوانتر بکات و چیدیکە بە تەنها پشت بە نەوت نەبەستن، لەو رووەوە هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدات نووسینگەی سەرەکییان لە دوبەیەوە بگوازنەوە بۆ ریاز.
محەمەد بن سەلمان پلانی داناوە سەنتەری گەورەی تەکنۆلۆژی دابمەزرێنێت و گەشتیاری زیاتریش بۆ وڵاتەکەی رابکێشێت، لەمەشدا دەیەوێت ببێتە رکابەری ئیمارات کە ئێستا وەکو سەنتەری بازرگانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوی لێدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ریاز دادەمەزرێنن، کە لە کوالێتیدا رکابەری گەورەترین کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ناوچەکە بکات.
خەرجکردنی ملیۆنان یۆرۆ بۆ راکێشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و چەندین ئەستێرەی دیکەی تۆپی پێ بۆ خولی سعودیە، یەکێکی دیکەیە لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە لەپێناو بەهێزکردنی پێگەکەیان.
نەوت دەتوانێت یارییەکە یەکلابکاتەوە؟
سەرۆکی ئیمارات هاوتا سعودییەکەی تۆمەتباردەکات بەوەی لەرادەبەدەر لە رووسیا نزیکبوونەتەوە و سیاسەتیی نەوتیی ئەو وڵاتەیان قبوڵکردووە، جگەلەوەی هەنگاوی دیکەی مەترسیداریان ناوە و بەبێ راوێژکردن گرێبەستیان لەگەڵ ئێران ئیمزاکردووە.
ئەم تۆمەتبارکردنە سەری کێشا بۆ ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر سیاسەتەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی رابردوودا، ئەوەبوو سەرەنجام ئیمارات بە دوو دڵییەکی زۆرەوە بابەتەکەی قبوڵکرد، هەرچەندە دواتر بەرپرسانی ئەمریکییان لە دۆخەکە ئاگادارکردەوە و پێیانگوتن “ئامادەین لە رێکخراوی ئۆپیک بچینە دەرەوە”.
کێبڕکێی جیۆسیاسی
بەگوێرەی واڵ ستریت جۆرناڵ، محەمەد بن سەلمان هەوڵدەدات خۆی لەو گۆشەگیرییە رزگاربکات کە بەهۆی تاوانی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشوقچییەوە تێی کەتووە.
بن سەلمان پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی وڵاتەکەی فراوان کردووە، ماوەیەک لەمەوبەر بە نێوەندگیریی چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دەستپێکردەوە، دواتر بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریای بانگێشتکرد بۆ ئەوەی بەشداریی لە لوتکەی عەرەبیدا بکات، وەکوچۆن دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا گەیشتە لوتکە، کاتێک سەرۆکی ئیمارات ئامادەنەبوو بەشداریی لەو لوتکە عەرەبییەدا بکات، کە لە ریاز ئەنجامدرا و محەمەد بن سەلمان بانگێشتی سەرۆکی چینی کردبوو.
لەبەرامبەردا، محەمەد بن سەلمان ئامادەی ئەو کۆبوونەوە لوتکەیە نەبوو، کە بن زاید لە ئیمارات رێکیخستبوو، تیایدا چاوی بە دیارترین سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی کەوتبوو.
رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت، شازادەی جێنشینی سعودیە زیاد لە جارێک سەرۆکی ئیماراتی تۆمەتبارکردووە بە تێوەگلانی لە شەڕە کارەساتبارەکاندا، ئەمە لەکاتێکدایە هەردوو محەمەدەکە تاوەکو رادەیەک هەمان سیاسەتی دەرەوەیان پەیڕەوکردووە، بۆ نموونە دەستوەردانەکانیان لە یەمەن و لیبیا، هاوکاریکردنی عەبدولفەتاح سیسی بۆ خستنی ئیخوانەکانی میسر و بایکۆتکردنی قەتەر.