ئەمریکا بە وردی سەرقاڵی دیاریکردنی چارەنوسی ئەو سەربازەیە کە دوێنێ بەبێ پرس و ئاگاداری دەربازی سنوری کۆریای باکور بوو، تائێستاش کۆریای باکوریش بێدەنگە و هیچ لێدوانێکی نەداوە.
پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ئەتۆمین خۆی لە خۆیدا گەرم و ئاڵۆزبوو، کەچی ئەم کێشەیەشی بۆ زیادبوو، دووشەممەی پێشوو ئەمریکا کەشتی دەریایی ئەتۆمی ناردە ئاوەکانی کۆریای باشور، بەیانی ئەمڕۆ و لە وەڵامی ئەمریکادا، کۆریای باکوریش دوو مووشەکی بالیستیکی تاقیکردەوە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر هەنگاوەکەی ئەمریکا.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاشکرایکرد، رۆژی سێشەممە ئەو سەربازە “بە ویستی خۆی و بەبێ ئاگادارکردنەوە” سنوری نێوان هەردوو کۆریاکەی بەزاندووە و چووەتە کۆریای باکور”.
گوتیشی، “پێمانوایە ئێستا لە زینداندایە و ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێر و لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە دەکەین”.
لۆید جەختیکردەوە کە “بەرپرسانی سوپای ئەمریکا لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای میلیی کۆریای باکور کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە” و پشتڕاستیکردەوە کە “ئێمە هەموو رۆژێک پەیوەندیمان هەیە، ئەوە بەشێکە لە ئاگربەستەکەی نێوانمان.”
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ناسنامەی ئەو سەربازەی ئاشکراکرد کە ناوی “تراڤیس تی کینگ”ـە و تەمەنی 23 ساڵە، ساڵی 2021 پەیوەندی بە خزمەتی سوپاوە کردووە و دووجار بەهۆی سەرپێچییەکانی، سزا دراوە.
تاوەکو ئێستا نە بەرپرسان نە میدیای کۆریای باکور هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە.
سەربازەکە لە گەشتێکدابووە بۆ گوندی پانمونجۆم کە گوندێکی هاوبەشی داماڵدراوە لە چەک، دواتر ئەو سنورەی تێپەڕاندووە کە هەردوو کۆریاکە جیادەکاتەوە و لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساڵی 1953 لەنێوان هەردولا دیاریکراوە، ئەوەش دوای بەستنی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکییەکان.
تاوەکو ئێستا هۆکار و پاڵنەری ئەو کارە نەزانراوە، ئەو سەربازە لەکاتی مانەوەیدا لە خزمەتی سەربازی لە کۆریای باشور، چەند تاوانێکی ئەنجامداوە، بۆ نمونە لە تشرینی یەکەمی رابردوودا تۆمەتبارکراوە بە هێرشکردنەسەر ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس، هەروەها لە شوباتی ئەمساڵدا لە یەکێک لە یانە شەوانەکاندا لە پیاوێکی کۆریای باشوری داوە و برینداریکردووە.
دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، ئەو سەربازە وادەی دەستبەسەرکردنی لە زیندانی سەربازیدا تەواو کردبوو، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە گواسترایەوە بۆ فڕۆکەخانە بۆ ئەوەی بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەمریکا، بەڵام لە فڕۆکەخانە خۆی دزیوەتەوە و هەڵاتووە.