زووم، ئاژانسەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی ژیری دەستکرد رەنگە ببێتە مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، داواشی لە وڵاتانی ئەندام کرد یاسا دابنێن بۆ هێشتنەوەی تەکنەلۆژیاکە لە ژێر کۆنترۆڵدا.
گۆتێرێز گوتی، ژیری دەستکرد توانای بێ سنووری هەیە بۆ خێر و شەڕیش، دەزانم کە تەکنەلۆژیاکە دەتوانێت سنوورێک بۆ هەژاری دابنێت و هاوکار دەبێت لە چارەسەری شێرپەنجە، بەڵام رەنگە مەترسی زۆریش دروستبکات لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
گرنگترین ئەو خاڵانەی گۆتێرێز ئاماژەی پێدا:
- داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد تا ساڵی 2026 بەڵگەنامەیەکی یاسایی پابەندکەر ئامادە بکەن بۆ “قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئۆتۆنۆمی کوشندە”.
- دەکرێت ژیری دەستکرد بۆ ناسینەوەی شێوازەکانی توندوتیژی، چاودێری ئاگربەستەکان، بەهێزکردنی ئاشتی و هەوڵە مرۆییەکان بەکاربهێنرێت.
- بەکارهێنانی زیانبەخشانەی ژیری دەستکرد بۆ مەبەستی “تیرۆریست”ـی و تاوانکاری یاخود لە بەرژەوەندی دەوڵەتێک رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی و ماڵوێرانی و زیانێک لە سەروو پێشبینیەکانمان.
- کارلێکی نێوان ژیری دەستکرد و چەکە ئەتۆمیەکان و تەکنەلۆژیا بایۆلۆجیەکان و تەکنەلۆژیای رۆبۆتەکان “بابەتێکی نیگەرانکەرە”.
- جەختیکردەوە لەسەر رێککەوتن لەسەر بنەمایەکی گشتی، کە پێویستە چەکی ئەتۆمی لەژێر کۆنترۆڵ و دەستی مرۆڤدا بێت و نابێت دەستی لێبکێشرێتەوە.
- داوای لە گرووپێک کرد تا کۆتایی ساڵ راپۆرتێک ئامادەبکەن دەربارەی هەڵبژاردەکانی حکومەتی جیهانی بەرامبەر ژیری دەستکرد.
- پشتگیری خۆی بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە بۆ بەڕێوەبردنی ژیری دەستکرد، هاوشێوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی یان رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی.
جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتی ئەم خولەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات رایگەیاند، ژیری دەستکرد کاریگەری دەبێت لەسەر کاری ئەم ئەنجومەنە، دەتوانێت سەقامگیری ستراتیژی جیهانی بەهێز بکات یان لەکاری بخات.
کلیڤەرلی کە وڵاتەکەی ئەمساڵ لوتکەیەک لەخۆدەگرێت دەربارەی ژیری دەستکرد رایگەیاند، تەکنەلۆژیاکە تەحەدای گریمانەکانمان دەکات لەبارەی بەرگری و وەڵامدانەوە، پرسیاری ئەخلاقی دەوروژێنێت بڕیارە بکوژەکان لەبەرەکانی شەڕ.