ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، ئەمریکا لێخۆشبوونێکی چوار مانگی داوە بە عێراق تاوەکو لەڕێگەی بانکێکی ناعێراقییەوە پارەی غازی ئێرانی بداتەوە و چیتر تاران لە گەرمای سەختی هاویندا غاز لە عێراقییەکان نەبڕێت کە پێویستە بۆ کارپێکردنی وێستگە کارەباییەکان.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت دەڵێت، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لێخۆشبوونێکی 120 رۆژی ئیمزاکردووە کە رێگە بە عێراق دەدات لە بانکێکی ناعێراقییەوە و لە وڵاتی سێیەمەوە قەرزەکانی ئێران پاکتاو بکات، نەک لە هەژمارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکەکانی عێراقەوە.
ئەو پارەیەی دەخرێتە بانکە ناعێراقییەکان هێشتا قەدەغەی لەسەرە و ئێران پێویستی بە رەزامەندی ئەمریکا هەیە تاوەکو بتوانێت ئەو پارەیە بەکاربهێنێت، ئەویش تەنها بۆ کەلوپەلی مرۆیی نەک سەربازی.
لە یەکەم رۆژی ئەم مانگەدا، ئێران زیاتر لە نیوەی هەناردەی غازی بۆ عێراق راگرت وەک فشارێک بۆسەر عێراق تاوەکو قەرزەکانی بداتەوە کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لە بانکە عێراقییەکاندا گیریانخوادووە، ئەوەش ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراقی کەمکردەوە، دواتر عێراق و ئێران رێککەوتنی غاز بەرامبەر نەوتی رەشیان ئیمزاکرد، بۆئەوەی چیتر کێشەی پاکتاوی قەرزەکە نەبێتە کێشە، هەر دوای ئەو رێککەوتنە، ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق دەستپێکردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەشڵێت، لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ پێدانی پارەکە لە بانکێکی دەرەوەی عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە ئێران لەسەر عێراقی دەکات.
بەرپرسە ئەمریکییە بە رۆیتەرزی گوتووە،”دەبێت هاوکاری عێراقییەکان بکەین لەم فشارە هەمیشەییەی ئێرانییەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بەو پارەیە”.
بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێت: “عێراقییەکان داوایان کردووە و ئێمەش ڕەزامەندیمان دا بۆ درێژکردنەوەی لێخۆشبوونەکە، ئەوەش هاوکاری بەغداد دەکات کە پارەکانی تاران لەرێگەی بانکە ناعێراقییەکانەوە بنێرن.”
بەڵام هێشتا روون نییە ئاخۆ ئێران بەو رێکارە رازی دەبێت یاخود نا، چونکە تاران دەتوانێت بڵێت بانکەکانی عێراق بۆ ئەو باشترن وەک لە بانکی وڵاتانی دیکە و بەردەوام بێت لە فشارکردن.
رۆیتەرز هەوڵی داوە لێدوانی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە وەربگرێت، بەڵام بەردەست نەبووە.