ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانیا دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای مشتومڕاوی کۆچی نایاسایی دا دوای ئەوەی حکومەت رەزامەندی دا بە هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەک و لەمەودوا مافی پەنابەرێتی نادرێت بەوانەی بە قاچاخ دەربازی ئەو وڵاتە دەبن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش رەخنەی لێدەگرێت.
پڕۆژەیاساکە یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو پێنج ئەرکە لەپێشینەی ڕیشی سوناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ وەستاندنی چوونی بەلێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بە تایبەت بەلەمە بچوکەکانی ئاوی ئینگلیزی بۆ ئەو وڵاتە. بەپێی پڕۆژەیاساکە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەرک و مافی یاسایی هەیە بۆ دەستگیرکردن و ناردنەوەی هەر کۆچبەرێک کە بە نایاسایی دەچێتە بەریتانیا.
لەئێستادا پڕۆژەیاساکە یەک قۆناغی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و جێبەجێبکرێت، ئەویش ڕەزامەندی و ئیمزای کۆتایی شاهانەیە لەلایەن پاشا چارڵزی سێیەم.
هێشتا چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکە و چارەنوسی ئەوانەی بە نایاسایی دەچنە بەریتانیا دیارنییە، هەرچەندە بەپێی پڕۆژەیاساکە، هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی بچێتە بەریتانیا، ئەرکی یاسایی حکومەتە دەستبەسەریان بکات و بیاننێرێت بۆ وڵاتی رواندا یاخود وڵاتی سەلامەتی سێیەم، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو وڵاتە هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نەکردووە لەوبارەیەوە، بە تایبەت مانگی رابردوو پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بە نایاسایی لەقەڵەم درا، هەرچەندە حکومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە.
پڕۆژەیاساکە ناردنەوەی هەموو ئەو کەسانەشی تێدایە کە قوربانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کۆلایەتین، هەروەها ناردنەوەی ئەوانەی خوار تەمەنی 18 ساڵن کاتێک تەمەنیان گەیشتە 18 ساڵ.
هەر بەپێی پڕۆژەیاساکە، کۆچبەران بۆ ماوەی 28 ڕۆژی یەکەمی دەستبەسەرکردنیان کەفالەتیان پێنادرێت و ناتوانن داوای پێداچوونەوەی دادوەری بکەن، ژمارەی ئەو پەنابەرانەشی کە بەریتانیا لە “رێگای سەلامەت و یاساییەوە” نیشتەجێیان دەکات، سنووردارە.
لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە فەڕەنساوە بە بەلەمی بچووک و لە ئاوی ئینگلیزییەوە دەربازی بەریتانیا دەبن بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، 45%ی ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2022دا چوونەتە بەریتانیا لەڕێگەی ئەو بەلەمانەوە بووە کە ژمارەی سەرجەمیان دەکاتە 45 هەزار و 755 کۆچبەر لەو ساڵەدا.
ئەمساڵیش تاوەکو رۆژی 9ی تەموز، 12 هەزار و 772 کۆچبەر لەو رێگەیەوە چوونەتە بەریتانیا، زۆرترینیان لە مانگی حوزەیران بووە کە سێ هەزار و 824 کۆچبەر بوون.
لە ساڵی 2022دا، نزیکەی 89 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە لە بەریتانیا کە شەش هەزار و 295 کەسیان خەڵکی عێراق بوون، ئەوانی تریش بە زۆری خەڵکی ئەلبانیا، ئەفغانستان و ئێران و چەند وڵاتێکی تر بوون.
هەر لە ساڵی 2022دا، حکومەتی بەریتانیا نزیکەی 38 هەزار کەس گەڕاندووەتەوە، سێ هەزار و 860 کەس بە زۆر نێردراونەتەوە و دیپۆرتکراونەوە، 10 هەزار و 710 کەسیش خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە دوای ئەوەی مافی پەنابەرێتییان پێ نەدراوە، ئەوی تری لە سنورەکانەوە گەڕێنراونەتەوە.
پرۆژەیاساکەی بەریتانیا روبەڕووی رەخنەی توندی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بوویەوە، رێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە ئەم پرۆژەیاسایە رێگە لە پەناخوازان دەگرێت مافی پەنابەرێتی پێشکەش بکەن بەبێ ئەوەی دۆخی ئەو کەسانە لەبەرچاوبگیرێت.
دەشڵێت، پڕۆژەیاساکە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و کۆچبەر و پەناخوازان دەخاتە مەترسییەوە.