زووم، رۆیتەرز
هەواڵەکە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەووەتەوە و دەڵێت، پیاوەکە ناوى تیمۆسی لیندسایە، لەگەڵ سەگەکەى لەسەر بەلەمێکی بچوک ئەو سێ مانگە ماوەتەوە، تاوەکو ئەوکاتەى لەلایەن بەلەمێکی ماسیگرەوە رزگارکراون.
لیندسا و سەگەکەى نزیکەی هەزار و 900 کیلۆمەتر لە وشکاییەوە دوربوون، ئەوان لەنێو زەریای هێمندا بەلەمەکەیان لەکارکەوتبوو.
تیمێکى راوچى ماسی کۆمپانیایەکی مەکسیکی، بەلەمەکەى لیندسایان دۆزیوەتەوە. کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەوکاتەی گەیشتنە لای بەلەمەکە پیاوەکە و سەگەکەی لە دۆخێکی ناجێگیردابوون، بەلەمەکەیان تێکشکابوو، تەنانەت شوێنێکی ئەوتۆ نەمابووەوە کە بتوانن بە ئاسودەیی لەسەری بمێننەوە.
ماسیگرەکان خواردن و خواردنەوەیان پێدابوون و چاودێری تەندروستییان کربوون، تاوەکو ئەوەى دۆخى باشتر بوو.
دامەزرێنەری کۆمپانیاکە سوپاسی تیمەکەی دەکات کە توانیویانە وەک ئەركێکی مرۆڤایەتی گیانی کەسێک لە مردن رزگار بکەن، کە لە زەریادا پەکی کەوتبوو.
ئەمڕۆ بەلەمەکە دەگاتەوە کەناراوەکانی شاری مانزانیلۆی مەکسیک، کە زیاتر لە 12 هەزار کیلۆمەتر لە ئوسترالیاوە دورە.
تیمۆسی لیندسا بە کەناڵێکی ئوستراڵی گوتووە، لە ماوەی ئەو سێ مانگەى لە دەریادا گیری خواردبوو لەگەڵ سەگەکەى ماسی کاڵیان خواردووە و باراناویان خواردووەتەوە، بەهو رێگەیە لە ژیان بەردەوام بوون.
ئەو دەڵێت، بەهۆی باران و زریانەوە ئامێرە ئەلیکترۆنی و کارەباییەکانی بەلەمەکەی لەکارکەوت و هەموو پەیوەندییەکى بە وشکانییەوە پچڕاوە.
ئێستا تیمۆسی لیندسا، جەستەی لاوازە و سەروقژ و ریشێکی درێژی هەیە. دەڵێت، تەندروستیم باشە، بەڵام کەمێک پێویستم بە حەوانەوە و خواردنی باش هەیە، چونکە ئەو ماوە دورودرێژە بەتەنها بووە و نەهامەتی زۆری بینیوە.
تیمۆسی دانیشتووی شاری سیدنی ئوسترالیایە، لە مانگی نیسانەوە لەگەڵ سەگەکەیدا لەشاری لاپازی مەکسیکەوە بەرەو دورگەی پۆلینیزیای فەرەنسی بەرێکەوتووە، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی زەریای هێمنەوە. بەڵام دوای چەند هەفتەیەک پەیوەندییان پچڕاوە و بێسەروشوێن بوون.