زووم، ئاژانسەکان
دوای ئەوەی دوێنێ روسیا رایگەیاند، لە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵی ئۆکراین بۆ بازاڕەکانی جیهان کشایەوە، نیگەرانییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی لە جیهاندا بەرزبوونەوە.
رێککەوتننامەکە پێنج مانگ لە دوای دەستپێکردنی لەشکركێشی روسیا بۆسەر ئۆکراین لەنێوان روسیا و ئۆکراین بە نێوەندگیریی نەتەوەیەکگرتووەکان و تورکیا لە ئیستەنبوڵ، لە تەموزی 2022 واژۆکرا.
بەگوێرەى رێککەوتننامەکە، روسیا رێگە دەدات دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکراینەوە لەرێگەی دەریای رەشەوە بەرەو وڵاتانی جیهان هەناردە بکرێت.
لەوکاتەوەی رێککەوتننامەکە واژۆکراوە تاوەکو ئێستا 32.9 ملیۆن تۆن دانەوێڵە لە ئۆکراینەوە هەناردەکراوە. ئەمەش هۆکارێکی باش بووە بۆ ئەوەی نرخی خواردەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزین بەخۆیانەوە ببینن، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕەکەوە رووی لە هەڵکشانکرد.
بەگوێرەی سەنتەری هەماهەنگیی رێککەوتنەکە لە ئیتسەنبوڵ، زیاتر لە نیوەی ئەو دانەوێڵەیەی هەناردەکراوە بۆ وڵاتی تازەپێگەیشتوو بووە، کە ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە بەرنامەی خۆراکی جیهانی هاوکاریی مرۆیی بۆ ناردوون.
بەگوێرەى رێککەوتننامەکە کەشتییەکانی ئۆکراین کە لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتەوە دانەوێڵە باردەکەن بە رێرەوێکی دیاریکراوی دەریای رەشدا رێدەکەن کە هەمووی لەلایەن روسیا و ئۆکراینەوە مینڕێژ کراوە، بەڵام بەگوێرەى پلان و نەخشە کەشتییەکان بەسەلامەتی گەشتەکانیان ئەنجامدەدا. ئەم گەشتانەش لەلایەن سەنتەرێکی هەماهەنگییەوە چاودێری و پشکنینیان بۆ دەکرا.
سەنتەرەکە لە ئەندامانی روسیا، ئۆکراین تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان پێکهاتووە. پشکنینی بۆ سەرجەم کەشتییەکان دەکرد، کە بەرەو ئۆکراین دەرۆیشتن بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە کەشتییەکان چەکیان هەڵنەگرتووە.
لەبەرامبەردا روسیا دڵنیایی لە وڵاتانی رۆژئاوا وەرگرت کە چیتر سزای بەسەردا نەسەپێندرێت و کەمێک دەسەڵاتی روسیای بەسەر دەریای رەشدا زیاترکرد بەوپێیەی روسیا خۆی کەشتییەکانی دەپشکنی و دەیتوانی ئەو کەشتیانە رەت بکاتەوە کە مەترسی بوون بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی.
سودی رێککەوتننامەکە چییە؟
لەدوای رێککەوتننامەکە، نرخی دانەوێڵە بەرێژەی 17% دابەزی و نرخی گەنمەشامیش 26% دابەزی. ئۆکراین زیاتر لە 725 هەزار تۆن دانەوێڵەی بە هاوکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی بۆ وڵاتە هەژارەکان دابینکردووە، لەوانەش: ئەسیوبیا، سۆماڵ و یەمەن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە رێککەوتننامەکە وەک دەماری ژیانی 79 وڵات و 349 ملیۆن کەس بووە کە لە هێڵی پێشەوەی ناسەقامگیری ئاسایشی خۆراکیدا بوون.
بۆچی روسیا رێککەوتننامەکە درێژناکاتەوە؟
روسیا چەندین مانگە دەڵێت مەرجەکانی بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکراون. ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکى وڵاتەکە هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ویستوویەتی رۆژئاوا سزاکانی سەر بانکی کشتوکاڵیی وڵاتەکەی هەڵبگرێت.
بەشێکی دیکەی داواکارییەکانی بریتن لە دەستپێکردنەوەی دابینکردنی کەلوپەلی کشتوکاڵیی بۆ وڵاتەکەی کە لەلایەن وڵاتی رۆژئاواوە راگیرابوون.
داواشی کردبوو بلۆککردنی ئەو هەژمارە بانکییە کشتوکاڵییانەی تایبەت بوون بە هەناردەی خۆراک و پەینی کیمیایی، هەڵبوەشێنرێنەوە. بەڵام گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، ئەوبەشەی پەیوەستە بە بەرژەوەندییەکانی روسیا لە رێککەوتنەکەدا جیێبەجێ نەکراوە.
ئەگەر رێککەوتننامەکە درێژنەکرێتەوە ئۆکراین دەتوانێت دانەوێڵە هەناردە بکات؟
ئەگەر رێککەوتننامەکە درێژنەکرێتەوە کەشتییەکانی دانەوێڵەی ئۆکراین لە بەندەرەکاندا دەمێننەوە، چونکە ناتوانن ئەو سەرکێشییە بکەن و بەبێ ترسی لە رێگا ئاوییەکانی دەریای رەشەوە بە دڵنیایی و بەبێ ترس لە روسیا گەشتەکانیان ئەنجام بدەن. پشکنینی ئەم رێگا ئاویانەش بۆ هەر کەشتییەک تێچویی هەزاران دۆلارە بۆ هەر گەشتێک.
هەرچەندە پێش چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە داواکارییەکی فەرمیدا داوای سێبارە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەى لە روسیا کرد، بەهۆی چەند “بیانوویەک” کە تایبەتە بەو سزا ئابورییانەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەسەریاندا سەپاندووە، روسیا هیچ نەرمییەکی نەنواند بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە.