زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـى تەمووز، ماوەى رێککەوتنى دانەوێڵە کۆتاییهات و روسیاش ئامادە نییە تازەى بکاتەوە، چیتر دانەوێڵەى ئۆکراین هەناردەى بازاڕەکانى جیهان ناکرێت، ئەگەر روسیا لەسەر بڕیارەکەى ئێستاى مکوڕ بێت.
لەدواى هێرشەکانى شوباتى 2022ى روسیا بۆسەر ئۆکراین، هەناردەى دانەوێڵەى ئۆکراین بۆ بازاڕەکانى جیهان راگیرا.
بەنێوەندگیرى نەتەوەیەکگرتووەکان و تورکیا لە 22ی تەمموزی 2020 رێککەوتنى هەناردەى دانەوێڵە لەنێوان روسیا و ئۆکراین لە ئیستەنبوڵ واژۆکرا.
بەهۆی رێککەوتنەکەوە رێگەدەدرا دانەوێڵەی ئۆکراین لەرێگەی دەریای رەشەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان هەناردە بکرێت، رێککەوتنەکە دووجار درێژکرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ ماوەکەى کۆتاییهات.
کۆشکی کرێملن رایگەیاند، بەشداریکردنیان لە رێککەوتنەکە راگرتووە.
بڕیارەکەی روسیا پاش تەقینەوەکەى بەرەبەیانى ئەمڕۆى پردى کریمیا دێت. کە بەهۆیەوە منداڵێک بریندارە و دایک و باوکى کوژراون.
پردەکە کریمیا بە روسیاوە دەبەستێتەوە و درێژییەکەى 19 کیلۆمەترە و درێژترین پردى ئەوروپا.
روسیا ساڵی 2014 دورگەى کریمیاى “داگیر”کرد و لەوکاتەوە پەیوەندی بە خاکی ئۆکراینەوە پچڕاوە.
کۆشکی کرێملن دەڵێت، راگرتنی رێککەوتنى هەناردەى دانەوێڵە هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشی سەر پردەکەوە نییە.
رێککەوتننامەکە دوای چەند مانگێک لەو قەیرانە خۆراکییە جیهانییە هات، کە بەهۆی لەشکرکێشی روسیاوە بۆسەر ئۆکراین دروستبوو، نرخی خواردەمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە. بەڵام لەو کاتەوەی رێککەوتنەکە واژۆکرا، نرخەکان دابەزینێکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینوە.
لە ئێستادا کە رێککەوتنەکە کۆتاییهاتووە، بەرپرسانی جیهان نیگەرانن لەبارەی ئاسایشی خۆراکی جیهانیی. ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە داواکارییەکی فەرمیدا داوای سێبارە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەى لە روسیا کردووە.
بەڵام بەهۆی چەند “بیانوویەک” کە تایبەتە بەو سزا ئابورییانەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەسەریاندا سەپاندووە، روسیا هیچ نەرمییەکی نەنواندووە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە. دیمیتری پێسکۆڤی، گوتەبێژی کرێملن دەڵێت، ئەو بەشەی رێککەوتنەکە کە تایبەتە بە مافەکانی روسیا، جێبەجێ نەکراوە و تا ئەوکاتەی جێبەجێ نەکرێت، ناگەڕێنەوە بۆ نێو رێککەوتننامەکە.
هەرچى پەیوەست بە هێرشەکەى پردى کریمیایە، هەردوولا یەکتر تۆمەتبار دەکەن، روسیا دەڵێت، ئۆکراین لە پشتى هێرشەکەوە بووە، سەرچاوەیەکى ئەمنى ئۆکراینیش بە بی بی سی گوتووە، روسیا بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر پردەکە.
ئەمە جارى دووەمە پردەکە دەتەقێندرێتەوە، پێشتر لە 8ـى ئۆکتۆبەرى 2020 تەقێندرایەوە، ئەوکاتیش هەردوولا وەک ئێستا یەکتریان تۆمەتبارکرد.