ئێلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەرە ئیسرائیلییەکە پێش دیارنەمانی لە عێراق چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کەسانە هەبووە کە رفاندوویانە، ئەوەش لە چوارچێوەی توێژینەوەی دکتۆراکەیدا لەسەر بزووتنەوە شیعەکان لە عێراق و رەوتەکەی موقتەدا سەدر بە تایبەتی، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەکی عێراقی کە قسەیان بۆ کەناڵ 12ی ئیسرائیلی کردووە.
تسورکۆڤ لە کۆتاییەکانی ئازاری رابردوو پاش هاتنەرەوەی لە کافێی “رضا علوان”ی بەناوبانگی ناوچەی کەڕادەی شاری بەغداد رفێنراوە، کەناڵی “الرابعة” ڤیدیۆی ساتی هاتنەدەرەوەی تسورکوڤ و پیاوێک لە کافێکە بڵاوکردەوە کە بەزۆری بیانییەکان هاتوچۆی دەکەن، واتە چەند ساتێک پێش رفاندنی.
بەپێی راپۆرتەکەی کەناڵ 12ی ئیسرائیلی، تسورکۆڤی پەیوەندی بە پیاوێکی شیعەوە کردووە بە ناوی “ئەحمەد عەلوانی” و داوایلێکردووە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئامۆزاکەی بە ناوی “محەمەد عەلوانی” ساز بکات کە بەرپرسێکی باڵای کەتائیبی حزبوڵای عێراقییە.
لە دووەم چاوپێکەوتندا، ئەو دوو پیاوە دەزانن کە تسورکۆڤ ئیسرائیلییە، بۆیە بڕیار دەدەن بیڕفێنن و دواتریش هەوڵیان داوە رەوانەی ئێرانی بکەن، ئەوەش بەپێی راپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە.
پێشتر تسورکۆڤ چەندینجار سەردانی عێراقی کردووە بەڵام زۆرتر لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە، خوشکێکی ناوبراو بە پێگەی ئەلمۆنیتەری گوتووە، تسورکۆڤ بە بەردەوامی ئامادەکاری پێشوەختەی کردووە بۆ پاراستنی گیانی خۆی لە عێراق.
کۆتا گەشتی تسورکۆڤی تەمەن 36 ساڵان بۆ عێراق ساڵی رابردوو بوو، ئەو هەمیشە بە پاسپۆرتی روسی داغڵی عێراق بووە و خەریکی نوسینی توێژینەوە بووە بۆ دکتۆراکەی لە زانکۆی برینستنی ئەمریکی.
راپۆرتەکەی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی دەڵێت، چەندینجار بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشدارییان داوەتە تسورکۆڤ لەبارەى گەشتکردنی بۆ عێراق.
رۆژی 5ی تەموزی 2023، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژنێکی ئیسرائیلی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە عێراق بێسەروشوێن بووە، “لەلایەن میلیشیایەکی چەکداری شیعییەوە دەستبەسەر کراوە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو ژنە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕوسی و ئیسرائیلییە، “هێشتا لە ژیاندایە و عێراق بە بەرپرسیار دەبینین لە چارەنووسەکەی”.