ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) جەختدەکاتەوە “هەرگیز گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵناکرێت بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاڤا” و دەڵێت، وەک مەرجێک بۆ بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، تورکیا داوای لەو وڵاتە کردووە پشتگیری هێرشەکانی لە رۆژئاوا بکات.
ساڵح موسلیم لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقئەلئەوسەت دەڵێت، ئەمە وەک راگەیاندنی شەڕە دژی بوونی کورد، تورکیا هەموو جۆرەکانی فشار تاقیدەکاتەوە لەسەر ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەی لە ئازارەکانی کورد تێدەگەن تا واز لە سیاسەتی بێلایەنەیان بهێنن، تورکیا دەیەوێت سەرجەم وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی ناتۆ بخاتە پاڵ خۆی لەو جەنگەی دژ بە بوونی کورد رایگەیاندووە.
ساڵح موسلیم دەشڵێت، “پەیوەندیمان لەگەڵ سوید و یەکێتی ئەوروپا باشە و هیچ ناکۆکیەک نییە لە نێوانمان، بە دووریشی دەبینم تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر رۆژئاڤا و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پەیەدەن.”
ساڵح موسلیم دەڵێت، “تورکیا هیچی دەستناکەوێت، ئەردۆغان وادەزانێت هەموو جیهان رەزامەندی دەدەنێ بۆ هێرشەکانی، بەڵام هەرگیز ئەوەی دەستناکەوێت کە چاوەڕێی دەکات.”
پێشتر پەیەدە راگەیەنراوێکی بۆ پشتگیری سوید بڵاوکردەوە و دەڵێت، “رێز و پێزانینمان هەیە بۆ گەلی سوید و دامەزراوەکانی، ئێمە هەرگیز کارێکمان نەکردووە زیان بە سوید بگەیەنێت و سەرکۆنەی ئەو فشارانەی تورکیا دەکەین کە دەیانەوێت سوید واز لە هەڵوێستی مرۆڤانەی بهێنێت و پشت لە پشتگیریکردنی دیموکراتی بکات.”
11ی ئەم مانگە لە کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیڵف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوید و یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، ئەردۆغان رەزامەندی دا لەسەر بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ و رەوانەکردنی بابەتەکە بۆ پەرلەمانی تورکیا.
ساڵح موسلیم لە درێژەی لێدوانەکەیدا بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، “ئێمە لە رۆژئاڤا نموونەیەکی سەرکەوتوومان پێشکەشکردووە لە رێگەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری، 10 ساڵە ئەم ناوچانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەرێوەدەبەین، هێندە رێکخراوین ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەک هاوبەشی سەربازی لەگەڵمانن، ئێمەش بەرگری لە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەکەین.”
ساڵح موسلیم داوای یەکبوونی نەتەوەیی دەکات لە کورد بەرامبەر هێرشەکان، داوا لە هەموو هێزەکان دەکات دوورکەونەوە لە بەرژەوەندی حزبی و کەسی، چونکە گەورەترین بەربەستە.
موسلیم دەڵێت، هەر حیزبێکی کوردی ئەگەر یەکبوونی نەتەوەیی دەوێت با بەرژەوەندییەکانی بخاتە لاوە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو هێزە کوردییەکان لە نێویاندا “ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد”ی ئۆپۆزسیۆن.