پێشبینی دەکرێت نرخی برنج لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت ئەگەر هیندستان بڕیاری کۆتایی بدات بە راگرتنی هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە کە خۆرکی سەرەکییە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی برنج بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا، حکومەتەکەی نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ قەدەغەکردنی هەناردەکردنی هەموو جۆرە برنجێکی نا بەسمەتی، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی.
ئەگەر هاتوو ئەو پلانەش جێبەجێکرا، هیندستان قەدەغە دەخاتەسەر هەناردەکردنی 80%ی جۆرەکانی برنج، ئەوەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا لەکاتێکدا پێشتر خۆی بە دەست بەرزی نرخی خۆراکەوە دەناڵێنێت بەهۆی جەنگی ئۆکراین و روسیاوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هیندستان بە ئاژانسی بلومبێرگی گوتووە، ئامانج لەو هەنگاوە دانانی سنورێکە بۆ مەترسییەکانی هەڵئاوسان لە هیندستان، بە تایبەت پێش هەڵبژاردنەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە “بەکارهێنەرانی هیندستان گیریان بە دەست بەرزی نرخەوە خواردووە بە شێوەیەک هەندێک کەس ناتوانن تەماتەش بکڕن.”
لەم چوارچێوەیەدا، گاریس ڕێدمۆند کینگ لە یەکەی هەواڵگری وزە و کەشوهەوا کە بنکەکەی لە لەندەنە بە ئاژانسەکەی گوتووە، “بەکارهێنەرانی بەریتانیش لەم بەرزبوونەوەی نرخانە بێبەری نابن”.
گوتیشی، “دوو لەسەر سێی ئەو برنجەی هاوردە دەکەین کە بەهای 229.2 ملیۆن پاوەند بووە لە ساڵی ڕابردوودا، لەو ناوچانەوە دێت کە کاریگەری گۆڕانکاریی کەشوهەوایان لەسەرە، و زیاتر لە نیوەی ئەو برنجەش لە هیندستانەوە دێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەگەڵ خراپبوونی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا، تێچووی ئەو خۆراکە سەرەتاییانە زیاد دەکات کە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردەیان دەکەین، چونکە ئێمە خۆمان ناتوانین لە ناوخۆدا بەرهەمیبهێنین”.
هەروەها پێیوایە “دابەزاندنی ئاستی دەردانی گازی ژەهراوی بۆ سفر تاکە ڕێگایە بۆ وەستاندنی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆ سنووردارکردنی گەرمبوون و دوورکەوتنەوە لە خراپترین کاریگەرییەکان”.
زیاتر لە 40%ی برنجی جیهان لە هیندستانەوە هەناردەکرێت، مانگی حوزەیرانی رابردوو نرخەکەی بەرزترین ئاستی بەخۆیەوە بینی لە پێنج ساڵی رابردوودا پاش ئەوەی حکومەت نزمترین نرخی بۆ پاڵپشتی جوتیاران بەرزکردەوە.
ئەو هەنگاوەش دوای ئەوە هات هەفتەی رابردوو رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رایگەیاند کە دیاردەی کەشوهەوای ناسراو بە ئێل نینۆ گەراوەتەوە کە چەند ساڵ جارێک روودەدات، ئەوەش دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی گەرمی و وشکەساڵی و نرخی خۆراک زیاتر دەکات.
هیندستان لەگەڵ شەپۆلی گەرمای بەردەوام و بای وەرزی پچڕپچڕدا دەجەنگێت کە کاریگەری لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی هەیە، چونکە دەبێتەهۆی وشکەساڵیی درێژخایەن و بای وەرزی بەهێزیش دەبێتە هۆی بارانبارینی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا کە ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی دانەوێڵە هەیە.