هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ یەکەمجار دەستیان بەسەر کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی ماددەی هۆشبەر لە جۆری حەپی کەپتاگۆندا گرت، لە ماوەی هەشت مانگی رابردووشدا، 10 هەزار کەس لە عێراق بە تۆمەتی بازرگانیکردن و قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعد مەعن، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بۆ یەکەمین جار لە عێراق هێزەکانمان دەستییان بەسەر کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەر لە جۆری حەپی “کەپتاگۆندا” گرت.”
بە گوتەی مەعن، کارگەکە کەوتووەتە پارێزگای موسەنا لەسەر سنوری سعودیە، لە کارگەکەدا دەستبەسەر 27 کیلۆ و نیو کەرەستەی خاودا گیراوە کە بەکارهاتووە لە دروستکردی حەپی کەپتاگۆن.
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حەپی کەپتاگۆن جۆرێکە لە ماددە هۆشبەرەکان و پێکدێت لە کافایین و ئەمفیتامینەکان و بەوە ناسراوە کە ئاسان درووست دەکرێت.
هەینی رابردوو بەرێوەبەرایەتی روبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرییان دەستگیرکردووە و دەستیشگیراوە بەسەر یەک ملیۆن حەپی کەپتاگۆندا.
سەعد مەعن لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەشڵێت، “کارگەکە هەوڵێک بووە لەلایەن هەندێک کەسەوە کە پرۆسەی درووستکردنی ماددەی هۆشبەر بهێنە ناوخۆی عێراقەوە، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین سەرچاوەی ئەو جۆرە حەپانە لە دەرەوەی خاکی عێراقە.”
وڵاتانی کەنداو، سعودیە بە تایبەتی، شوێنی سەرەکی ساغکردنەوەی حەپی کەپتاگۆنن کە بە زۆری لە سوریا و شارە سنورییەکانی لوبنانەوە بەرهەمدەهێنرێن و بە قاچاخ دەبرێن ئەو وڵاتانە، بە ڕای شارەزایان، بەهای بازرگانیکردن بەم ماددەیە بە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی کەسێکی راگەیاند کە خەریکی دروستکردنی ماددەی کریستاڵ بووە و ئاماژەی بەوەکرد، کەسەکە لە یەکێک لە وڵاتەکانی دەرەوە فێری دروستکردنی ماددەی کریستاڵ بووە و بڕێکی زۆری لە عێراق بەرهەمهێناوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ، حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئاژانسی هەواڵیی عێراقییە ئاشکرایکرد، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا، 10 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، دەستگیرکراون.
حسێن تەمیمی گوتیشی، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی موسەنا بە هەوڵی هەواڵگریی و لە ئەنجامی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و وردبینی ئەنجامدراوە.