ڕێک دوای 10 مانگ لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی، جارێکی تر “مەفرەزەکانی رێنمایی” یاخود ئەوەی بە پۆلیسی ئەخلاق ناسراوە بە شەقامەکانی تاران بڵاوەیانپێکرا تاوەکو ژنان و کچان ناچاربکەن جلوبەرگی “رێگەپێداوی دابونەریت” بپۆشن.
سەعید مونتەزیرمەهدی، گوتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران جێگیرکردنی چەند مەفرەزەیەکی پۆلیسی ئاشکراکرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە “بەبێ گوێدانە سزا و دەرئەنجامەکان، جلوبەرگی نائاسایی و پێچەوانەی داب و نەریت دەپۆشن و پێداگری دەکەن لە کارەکەیان.”
رۆژی 13ی ئەیلولی 2022، پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە پاساوی “پابەندنەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی” ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵی دەستگیرکرد کە کچێکی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ئەو بۆ میوانی چووبووە تاران، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ژینا تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، رۆژی 16ی ئەیلول لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.
بۆ رۆژی دواتر، تەرمی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروستبوو کە لە ماوەیەکی کەمدا شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە و چەند مانگێکی خایاند و داواکارییەکان بۆ روخاندنی حکومەت پەرەی سەند.
خۆپیشاندانەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا هێوربوونەوە و حکومەت و سوپای پاسداران هەموو جۆرە توندوتیژییەکی بۆ کپکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا، 500 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 20 هەزاری دیکەش دەستگیرکران.
لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکەش، حکومەتی ئێرانی بڕیاری دا بە سڕکردنی چالاکییەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە شارەکان و ژنان و کچانیش تاڕادەیەکی زۆر ئازاد بوون لە پۆشینی جلوبەرگ، هەرچەندە بەرپرسانی حکومەت جەختیان دەکردەوە کە رێنمایی و یاساکانی لەبەرکردنی جلوبەرگ نەگۆڕاون و بەرکارن.
هەردوو ئاژانسی ئاسۆشییەتدپرێس و بی بی سی فارسی ئاشکرایانکرد، مەفرەزەکانی پۆلیسی ئەخلاق لە تاران بڵاوەیانپێکراوە و ئەو ژن و کچانە دەستگیردەکەن کە لە شوێنە گشتییەکاندا حیجاب ناپۆشن، بەڵام هێشتا ژمارەی مەفرەزەکان کەمن بەراورد بە دۆخی پێش خۆپیشاندانەکە.
ئەمڕۆ میدیای فەرمیی ئێرانی هەواڵێکی بە ناونیشانی “گەڕانەوەی پۆلیسی ئەخلاق” لە ماڵپەڕەکەی دانا، بەڵام دواتر سڕییەوە.
بەپێی راپۆرتی میدیا فارسییەکان، دوێنێ شەممە، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی کەسێک بەناوی محەمەد سادقی و دەستگیریان کردووە دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ژنێک دەردەکەوێت کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیردەکرێت.
دواتر رۆژنامەی “همشهری” کە لەلایەن شارەوانی تارانەوە دەردەکرێت گوتی، “سادقی دەستگیرکراوە بەهۆی ئەوەی هانی خەڵکی داوە چەک دژی پۆلیس بەکاربهێنن.”
هەروەها دوێنێ گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت کەسێک کە پێدەچێت ئەفسەری پۆلیسی ئەخلاق بێت لە یەکێک لە گەڕەکەکانی تارانی پایتەخت دەیەوێت بە زۆر ژنێک بباتەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسەوە، لە ڤیدیۆییەدا دەنگی ژنەکە دەبیسترێت و دەڵێت “نایەم خانم”، ئەو بەردەوامی هاواردەکات “یارمەتی، یارمەتی”.
نیسانی رابردوو، ئیبراهیم رەیسی، سەرۆککۆماری ئێران جەختیکردەوە لە گرنگی پۆشینی حیجاب لەلایەن ژنان و کچانی ئێرانەوە بەوپێیە “پێویستییەکی ئاینییە” و گوتی، “حیجاب یاسا و فەرمانێکی شەرعییە و پێویستە لە ئێران جێبەجێبکرێت.”