زووم
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، گەیشتە دیمەشق و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەلایەن بەشار ئەسەد، سەرۆکى سوریا پێشوازیی لێکرا. سودانى، وەزیرانى دەرەوە و بازرگانى و جێگرى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان یاوەرى دەکەن.
نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، سودانی و ئەسەد لە زۆر بواردا گفتوگۆ دەکەن، لەسەروو هەموویانەوە هەماهەنگیی ئەمنی بۆ روبەڕوبوونەوەی “تیرۆر”.
ئابووری، گواستنەوە، بازرگانی، گەشتیاری، ئاو و روبەڕوبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، تەوەرەکانى دیکەى گفتوگۆکى نێوان سودانى و ئەسەد دەبێت.
سەرەتاى مانگى رابردوو فەیسەڵ میقداد، وەزیرى دەرەوەى سوریا سەردانى بەغدادى کرد و لەگەڵ سودانى کۆبووەوە، بانگهێشتنامەى فەرمى ئەسەدى بە سودانى گەیاند، بۆ سەردانى دیمەشق.
سەردانەکەى سودانى یەکەمین سەردانى سەرۆکوەزیرانى عێراقە لە دواى سەرهەڵدانى جەنگی ناوخۆى سوریا لە ساڵى 2011ـەوە. پێشتر عادل عەبدولمەهدى، ئەو کاتەى سەرۆکوەزیران بوو بەرنامەى سەردانى بۆ دیمەشق هەبوو، بەڵام سەردانەکەى ئەنجام نەدا.
بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵى سوریا، ئەسەد سەردانەکەى سودانى بە دەرفەتێک ناوهێناوە بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندی و هاوکارییەکانى نێوان هەردوو وڵات. ئاژانسەکە دەڵێت، “سەرۆکوەزیرانى عێراقیش جەختیکردووەتەوە سوریا پێگەیەکى تایبەتى لە دڵى عێراقییەکاندا هەیە و گەلى عێراق شانازى بە خۆڕاگرى گەلى سوریاوە دەکەن، بۆ روبەڕوبوونەوەى قورسترین هێرشی تیرۆریستى”.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی رایگەیاند، عێراق و سوریا گرێدراون بەیەکەوە و دەبێت هەماهەنگی هەبێت بۆ رووبەرووبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی لە بەردەم عێراق و سوریان.
سودانی گوتیشی، عێراق پشتگیر و پشتیوانی سوریایە، عێراق پابەند بووە بە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیەکانی لە کەمپی هۆل.
راشیگەیاند، : ئاڵنگاری هاوبەشمان لەبەردەمە لەگەڵ سوریا، دەبێت عێراق و سوریا هاوکاری یەک بن لە دۆسیەی ئاو و زامنکردنی پشکی خۆیان، دەبێت ئالیەت بدۆزرێتەوە بۆ هەماهەنگیکردن لە رووبەرووبونەوەی ماددەی هۆشبەر
دواتر بەشار ئەسەد رایگەیاند، پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق مێژووییە، عێراق دەنگی سوریا بووە و هەموو ئەو شتانەی رەتکردوەتەوە کە دژ بە سوریا بوون
بەشار ئەسەد گوتیشی، لەگەڵ سودانی گفتوگۆمان کرد دەربارەی دۆخی عەرەبی و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە هەروەها دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان .
بەشار ئەسەد راشیگەیاند، گفتوگۆمان کرد دەربارەی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانمان