زووم، ئاژانسەکان
شەپۆلەکانی گەرما ماوەیەکە سەرانسەری جیهانی گرتووەتەوە و پلەی گەرمای پێوانەیی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا تۆمارکراون، هەر لە ئەمریکاوە تا وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆن، ئەمەش وەک نوێترین دەرکەوتەی کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهانییە.
لە ئێستادا ئیتاڵیا، وەک یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا، پێشبینی ئەوە دەکات لەم چەند رۆژەدا روبەڕوی شەپۆلی گەرمای مێژوویی ببێتەوە لە وڵاتەکەیدا. بەهۆی ئەوەشەوە وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە هۆشداری توندی لەبارەی شەپۆلەکەوە لە 16 شاری وڵاتەکەیدا راگەیاندووە، بە رۆمای پایتەختیشەوە.
سەنتەری کەشناسی میتیۆی وڵاتەکە هۆشداری داوە لەوەی کە ئیتاڵییەکان خۆیان بۆ گەرمترین شەپۆلی گەرمای هاوین و یەکێک لە گەرمترین ساڵی مێژووی وڵاتەکەیان ئامادە بکەن.
پێشتر لە مێژووی وڵاتەکەدا لە ساڵی 2007 بەرزترین پلەی گەرما لە 40.5 پلەی سلیزی تۆمارکرابوو، بەڵام هەفتەی رابردوو پلەی گەرما بۆ سەرووی 43 بەرزبووەوە و پێشبینیش دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا زیاتریش بەرز ببێتەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی سپەیسی ئەوروپا، دورگەی سیسیلی و ساردینیا پلەکانی گەرما تیایاندا 48 پلە دەبێت و ئەمەش بە گەرمترین پلەی گەرما دادەنرێت کە تا ئێستا لە مێژووی ئەوروپادا تۆمارکرابێت.
بەهۆی ئەوەی پلەکانی گەرما لە چەندین ناوچەی ئەو وڵاتەدا بۆ سەرووی 44 پلە بەربووەتەوە، بەناوبانگترین ناوچەی گەشتیاریی ئەسینا بەناوی ئەکرۆپۆلیس بۆ دووەم رۆژ داخرا، ئەمە سەرەڕای داخرانی چەندین پارکی دیکە لە پایتەختدا.
سەرەڕای وڵاتی ئیتاڵیا هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و پۆڵەنداش پلەی گەرمای تاقەتپڕوکێنیان بەخۆیانەوە بینیوە.
لەبارەی ئاسیاشەوە، سەرەڕای ئەوەی کە چین چەند هەفتەیەکە شەپۆلەکانی گەرما تیایدا بەرزبوونەتەوە، ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ژاپۆن لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا پلەکانی گەرما تیایدا دەگاتە 38 بۆ 39 پلە، ئەمەش بەهۆی زۆری رێژەی شێوە لەو وڵاتەدا کاریگەرییەکی زۆری دەبێت لەسەر دانیشتووانی ئەو وڵاتە.
ژاپۆن بەدەست گۆڕانکارییەکی دیکەی کەشوهەواوە داناڵێنێت ئەویش باران و لافاوی بەخوڕە لە شاری ئاکیتای باکوری وڵاتەکە کە بەهۆیەوە بووتەهۆی داڕمانی زەوی و ئاوارەکردنی نۆ هەزار کەس لەو ناوچەیەدا.
بەگوێرەی ئاژانسی کەشناسی ئەو وڵاتە، ئەو بارانەی لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لە باشوری ژاپۆندا باریوە، بەهێزترین باران بووە لەمێژووی وڵاتەکەدا بەدیکرابێت کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 11 لە وڵاتەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە کیشوەی ئاسیا، باران و لافای بەخوڕ لە باکوری هیندستان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 90 کەس، ئەمەشە دوای ئەوەهات کە وڵاتەکە پێشتر روبەڕوی شەپۆلێکی بەرزی گەرما بووەوە.
سەبارەت بە ئەمریکا، لە ئێستادا ئەمریکییەکان بە نیگەرانییەوە لەو شەپۆلە گەرمییە بەهێزانەوە دەڕاوانن کە لە کالیفۆرنیاوە تا ویلایەتی تەکساس درێژدەبنەوە. پێشبینی دەکرێت لەم یەک دوو رۆژەدا پلەکانی گەرما بگەنە بەرزترین ئاست لە مێژووی وڵاتەکەدا.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەمریکا، بەرپرسانی وڵاتەکە هۆشدارییان داوە لەوەی خەڵکی ئەنجامدانی چالاکییەکانی دەرەوەی ماڵەکانیان خۆیان بپارێزن و ئاگاداری ئەوە بن بەهۆی عەرەقکردنەوە توشی وشکبوونەوەی لەش نەبن.
هەروەها دۆڵی مردن لە کالیفۆرنیا کە یەکێکە لە گەرمترین ناوچەکانی سەر زەوی، ئەمڕۆ یەکشەممە بەرزترین پلەی گەرما تۆماردەکات کە 54 پلەی سلیزییە.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەردەن کە خۆی کێشەی کەمئاویی بووەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە روبەرووی کەوتنەوەی ئاگر بووەتەوە و بەهۆیەوە سوپای وڵاتەکە 214 تۆن ئاوی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە پرژاندووە.
لە عێراقیش، پلەکانی گەرما لە 50 پلە نزیک دەبنەوە و بەهۆی کەمیی کارەباوە هاوڵاتییانی بەغداد روو لە روباری دیجلە دەکان بۆ ئەوەی خۆیان فێنک بکەنەوە. کێشەکە لە ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لەو روبارەدا قوڵتر بووەتەوە و بەشێک لە هاوڵاتییانیش دەڵێن وڕەی گەرمای عێراق هێندە گەرمە وەک ئامێری قژ وشکردنەوە وایە.
چاودێرانی کەشوهەوای ئەوروپا دەڵێن پلەکانی گەرمای ئەمساڵ هێندە بەرزن لە جیهاندا، مانگی حوزەیران ئاستی پێوانەیی تۆمارکردووە و گەرمترین حوزەیران بووە لە مێژوودا.
ریچارد ئالان، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ریدینگ، رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆر خراپتر روودەدەن کە پێشبینی کراون. هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ چالاکییەکانی مرۆڤ و دەردانی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆناو بەرگە هەوای دەوری گۆی زەوی.
گوتیشی پێویستە دەردانی گازە زیانبەخشەکان چارەسەر بکرێن کە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و لە هەمان کاتیشدا بووەتە هۆی بەهێزترکردنی شەپۆلەکانی بارانبارین و لافاوی بەهێز لە سەرانسەری جیهاندا.