رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و ئەوروپا بڵاویکردەوە، سوپای ئۆکراین لە دوو هەفتەی سەرەتای هێرشی پێچەوانەدا دووچاری زیانێکی “گەورە” بووەتەوە.
بەگوێرەى رۆژنامە، سوپاى ئۆکراین 20%ی ئەو چەکانەی لەدەستداوە، کە وڵاتانى رۆژئاواوە بۆى ناردوون، لە پێشیانەوە زرێپۆشەکانی برادلی و تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی و زرێپۆشەکانی گواستنەوەی سەرباز، کە ئۆکراین ئەمانەی وەک زامنکەری سەرکەوتنی هێرشی پێچەوانە دادەنا.
ماڵپەڕی ئۆریکس Oryx کە ماڵپەڕێکی سەربازییە، ئاماری ئەو زیانانەی بڵاوکردووەتەوە، کە بە چاو بینراون و پشڕاستکراونەتەوە.
زیانی زۆر لە لیوای 47 کەوتووە، کە یەکێکە لەو سێ یەکەى وڵاتانى رۆژئاوا راهێنانى پێکردووەن. ئەم یەکەیە لە دەستپێکی هێرشەکانى روسیادا ئامادەکرا و 100 زرێپۆشی برادلی بۆ دابینکرا.
ماڵپەڕەکە دەڵێت لیواکە سێ یەکی ئەم زرێپۆشانەی لەدەستداوە، بەهۆی تێکچوون یان بەجێهێشتنیان، تەنها لە ماوەی دوو رۆژدا سوپای ئۆکراین 28 زرێپۆشی لەدەستداوە کاتی پەڕینەوە لە کێڵگەی مینی روسی لە باشوری وڵاتەکە.
لیوای 33 بەهەمان شێوە زیانی کوشندەی بەرکەوتووە، 30%ی ئەو تانکە ئەڵمانیانەی لەدەستداوە، کە بەدەستی گەیشتوون.
تەنها لە مانگی حوزەیراندا 24 تانکی تێکشکاون لە نێویاندا 10 تانکی لیۆپارد، لەگەڵ ئامێری مینرێژکردن.
هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین خاوبووەتەوە و لە هەندێک شوێن وەستاوە، بەهۆی هێرشی بەردەوامی روسیاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوپای ئۆکراین مەودای هەشت کیلۆمەتری بڕیوە، لە کۆی 96 کیلۆمەتر بۆ گەیشتن بە دەریای ئازۆڤ لە باشور.
پسپۆڕانیش دەڵێن، هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر هێرشی پێچەوانە و وەسفکردنی بە شکستخواردوو.
هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین لە 4ی حوزەیران دەستیپێکرد، لە میحوەرەکانی باشوری دۆنیتسک، زاپۆریژیا و باخموت، کە سەرنجی زیاتر لەسەر میحوەری زاپۆریژیا بوو.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پەیامنێرانی جەنگی روسی لە 13ى حوزەیران رایگەیاند، سوپای ئۆکراین زیانی کوشندەیان بەرکەوتووە و لە هیچ میحوەرێک سەرکەوتوو نابن لە هێرشی پێچەوانەدا.