لە سەرەتای دامەزراندی کۆماری تورکیاوە لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک، سوپای ئەو وڵاتە پێنج کودەتای سەربازی ئەنجامداوە لە ساڵەکانی 1960، 1971، 1980، 1997 و 2016.
رۆڵی سوپا لە هەر پێنج کودەتاکە دەبینرێت، بەڵام بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە چوار کودەتایان بەشداربووە لە ماوەی 40 ساڵدا بۆ گۆڕینی حکومەتی هەڵبژێردراو، ئەمەش لەبەر چەندین هۆکار کە گرنگترینیان پاراستنی سیستمی عەلمانیەت بووە لە باڵادەستبوونی سۆفیگەرایی و ئیسلامگەرایی.
کودەتای دژ بە مێندرێس لە ساڵی 1960
لە 27ی ئایاری 1960 کودەتای سەربازی دژ بە عەدنان مێندرێس، سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی ئەوکاتی تورکیا ئەنجامدرا، ئەمەش بە یەکەم کودەتای سەربازی دادەنرێت دژ بە حکومەتی هەڵبژێردراو و سەرەتایەک بوو بۆ کودەتا سەربازییەکانی وڵات.
مێندرێس دامەزرێنەری پارتى دیموکراتی بوو، لە ساڵی 1950 هاتبووە سەر حوکم، لە ماوەی دەسەڵاتیدا چەند رووداوێک روویاندا، کە دەکرێ وەک هۆکاری کودەتاکە ببینرێن.
لە ساڵی 1955 لە یۆنان دوو بۆمب هەڵدرانە باخچەی کونسوڵخانەی تورکیا کە دراوسێ بوو لەگەڵ ئەو خانوەی کەمال ئەتاتورکی تیا لەدایکبووە، کە ئەم بۆمبانەش زیانی بە هەردوو بیناکە گەیاند و بووە هۆی خۆپیشاندان لە تورکیا.
لەگەڵ خۆپیشاندانەکان هێرشکرایە سەر ئەو گەڕەکانەی کەمینەکانی تێدادەژیان و زیان بە کڵێسا و گۆڕستان گەیەندرا.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کودەتاکە، تۆمەتبارکردنی مێندرێس بوو بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، ئەمەش ئەمریکای توڕەکردبوو، بۆیە دەوترێت دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە پشت کودەتاکە بوون.
ژمارەیەک ئەفسەری وڵات بە سەرۆکایەتی جەنەراڵی خانەنشینکراو جەمال گورسیل بە پاساوی ئەوەی پارتەکەى مێندرێس وڵات بەرەو جەنگی ناوخۆ دەبات” لە 27ی ئایاری 1960 کودەتایان راگەیاند، دواتر دەستیانگرت بەسەر سوپا و پەرلەماندا و کارکردن بە دەستوریان وەستاند.
مێندرێس بە تۆمەتی تێکدانی سیستمی عەلمانی دەوڵەت و ئازادکردن و رێگەدانی هێزە ئیسلامیەکان دادگایی کرا و لە 17ی ئەیلولی هەمان ساڵ لەسێدارەدرا.
کودەتای یاداشت لە ساڵی 1970
کودەتای یاداشت لە 11ی ئازاری 1970 بە بڵاوکردنەوەی یاداشتێک بوو لەلایەن سوپا کە واژۆکرابوو لەلایەن سەرۆک ئەرکان مەمدوح تاگماش، یاداشتەکە لە کەناڵی فەرمی “تەرەتە” بڵاوکرایەوە و پەرلەمان و حکومەتی سلێمان دەمیرێل.
کودەتاچییەکان دەیانگوت دەمیرێل و حکومەتەکەی ئابورییان بەرەو گێژاو بردووە و جەنگی نێوان براکانیان هەڵگیرساندووە، یاداشتەکە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات لەلایەن کودەتاچییەکان.
دەمیرێل سەر بە پارتی دادپەروەری بوو، لە ساڵی 1965 بووە سەرۆکوەزیرانی تورکیا.
لە سەردەمی دەمیرێل تورکیا تووشی قەیرانێکی ئابووری بوو لەگەڵ ململانێیەکی خوێناوی لە نێوان راسترەوەکان “ئیسلامی و نیشتیمانپەروەرەکان” لەگەڵ چەپەکان کە لەلایەن دەوڵەت پشتگیری دەکران.
ئەمریکا دەترسا لەوەی هێزە راسترەوەکان ببنە هێزێکی جدی لە وڵاتەکەدا بە تایبەت کە بنکەی ئەمریکیەکانیان بە ئامانج گرتبوو هەروەها کونسوڵی ئەمریکایان رفاندبوو پاشان تیرۆریان کردبوو.
هەر وەک بەڵگەنامەیەکی نهێنی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ساڵی 2017 دەیسەلمێنێت هۆکاری سەرەکی کودەتاکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بووە.
یاداشتەکەی کودەتاچییەکان هەم ئاراستەی حکومەت کرابوو هەم لە کەناڵی فەرمی خوێندرایەوە، لە یاداشتەکەدا هاتبوو کە حکومەت و پەرلەمان بە سیاسەتەکانیان وڵاتیان بەرەو دۆخی ئاژاوە و شەڕ بردووە و دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵاتیان تێکداوە.
لە یاداشتەکە هاتبوو ئەگەر حکومەت هەڵنەوەشێتەوە ئەوا هێز دەسەپێنن، هەر بۆیە حکومەتەکەی دەمیرێل دەستیلەکارکێشایەوە.
کودەتای کەنعان ئێڤرێن لە ساڵی 1980
کودەتای ساڵی 1980 لەلایەن تورکەکان بە خوێناویترین کودەتا دادەنرێت، کە لە 12ی ئەیلولی 1980 لەلایەن جەنەراڵ کەنعان ئێڤرێن ئەنجامدرا، بووە هۆی هەڵوەشانەوەی حکومەتی مەدەنی و سەپاندنی حوکمی عورفی و هەڵوەشاندنەوەی لایەنە سیاسیەکان. کودەتاکە پێش ئەنقەرە لە واشنتنەوە راگەیەندرا.
کودەتای سێیەمی تورکیا لەنێو دۆخێکی ناوخۆیی هاوشێوەی کاتی کودەتای پێشوو رویدا، بەڵام بە ئاراستەیەکی هەرێمی. لەو کاتەدا یاخیبوونی کورد لە باشوری وڵات هەبوو، هەروەها شۆڕشی ئێران رویدابوو، پاشان جەنگی ئێران و عێراق دەستیپێکردبوو، لەگەڵ دەرکەوتنی ململانێ سوننە و عەلەوییەکان، کە چەندین جا شەر رویدابوو.
چەند فەرماندەیەکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە پشت کودەتاکەی ساڵی 1980 بوون بە پاساوی ناسەقامگیری سیاسی و قەیرانی ئابوری و بارودۆخی پڕ دڵەڕاوکێی وڵات کە چەندین سیاسی و راگەیاندنکار و پیاوانی ئەمنی تیرۆر کرابوون.
کودەتاچییەکان لە رێگەی ئەجومەنی ئاسایشەوە هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و وەستانی کارکردن بە دەستوریان راگەیاند، لەگەڵ دەستگیرکردنی سەرکردەکانی لایەنە سیاسیە راستڕەو و چەپڕەوەکان و دەستگیرکردنی 650 هەزار هاوڵاتی و راگەیاندنی باری لەناکاو لە وڵاتدا.
کودەتای سپی لە ساڵی 1997
کودەتای چوارەم کە بە “کودەتای سپی”ش ناسراوە لە 28ی شوباتی 1997 روویدا. کودەتاچیەکان بە زرێپۆشەکانیان هاتوونەتە سەر شەقامەکانی ئەنقەرە و هەڕەشەیان لە حکومەت کرد، نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بە ناچاری یاداشتی کودەتاچیەکانی واژۆکرد و پاشان دەستیلەکارکێشایەوە و حکومەتی هاوپەیمانی هەڵوەشاندەوە.
ململانێی عەلمانیەت و ئیسلامیەکان لە دیارترین هۆکارەکانی ئەم کودەتایەبوون، ئەم ململانێیەش لە ساڵانی حەفتاکانەوە بوونی هەبوو بەتایبەت دوای دەرکەوتنی چەند کەسایەتیەکی سیاسی ئیسلامی کە یەکێکیان نەجمەدین ئەربەکان بوو، کە دامەزرێنەری پارتى سیستمی نیشتیمانی بوو، پاشان پارتى روفای دامەزراند.
ئەربەکان یەکەم پیاوی خاوەن ئاڕاستەی ئیسلامی بوو، کە گەیشتە دەسەڵات لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، ئەمەش عەلمانیەکانی توڕەکردبوو وایلێکردبوون هەنگاو بنێن بۆ روخاندنی حکومەتەکە.
عەلمانیەکان گەورە دادوەران و سەرۆکی زانکۆکان و یەکێتیەکانیان و کەسایەتیە چەپڕەوەکانیان هاندەدا دژ بە حکومەت، دادگا دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە، کە ئایا حکومەت پێشێلی بنەماکانی عەلمانیەتی کردووە.
پاشان سوپا بە 15 تۆپهاوێژ و 20 زرێپۆشەوە هاتە نێو شەقام و هۆشداریدا بە حکومەت، حکومەت لەژێر فشاردا واژۆی یاداشتەکەی کودەتاچیەکانی کرد، کە عەلمانیەت زەمانی دیومکراتیەتە و بڕیاریدا بە داخستنی بنکەکانی قورئان خوێندن تەریقەتە سۆفیگەرایەتیەکان، هەروەها سەپاندنی یاسای پۆشاک، کە سەرپۆشی قەدەغەکرد لە زانکۆکان.
پارتى روفای لەلایەن دادگای باڵا بەشێوەیەکی هەمیشەیی هەڵوەشایەوە، ئەمەش وای لە ئەربەکان کرد دەستلەکاربکێشێتەوە و حکومەتەکەشی هەڵوەشێنێتەوە.
ئەم کودەتایە وای لە حکومەت کرد دەستلەکاربکێشێتەوە بێ پەکخستنی کارەکانی پەرلەمان و بێ پەکخستنی دەستوور، هەر بۆیە ناونرا “کودەتای سپی”.
کودەتای پێنج کاتژمێری لە ساڵی 2016
ئێوارەی 15ی تەموزی 2016 سوپای تورکیا کودەتای راگەیاند بەسەر دەسەڵاتی هەڵبژێردراو لە تورکیا، دوای دەستبەسەراگرتنی کەناڵی فەرمی تورکیا و ناچارکردنی کارمەندەکان بە پەخش کردنی بەیاننامەی روخاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان و پێکهێنانی دەستەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
کودەتاچیەکان بەڵێنی دەستورێکی نوێیاندا، بەڵام بۆ یەکەم جار “گەل” هاتە دەنگ و روبەڕوی سوپا و کودەتاچیەکان بووەوە و کودەتاکەیان کرد بە کورتترین کودەتا.
هەڵمەتەکانی چاکسازی دیموکراتی، کە ئەردۆغان و پارتەکەى لە ساڵی 2013 دەستیانپێکرد بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات و رۆڵی سوپا بوو لە ژیانی سیاسیدا، دوای تێپەڕبوونی ئەم چاکسازیانە ئەردۆغان هەلەکەی قۆستەوە و گۆڕانکاری کرد لە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە جۆرێک لە نۆ کەسی مەدەنی و پێنج کەسی سەربازی پێکبێت، ئەمە لە کاتێکدا لە سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنەکەوە ژمارەی کەسایەتیە مەدەنییەکان تەنها چوار کەس بووە.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بەردەوام دەسپێردرا بە جەنەراڵەکان، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنەکە گۆڕدرا بۆ کەسێکی مەدەنی شوێنکەوتەی سەرۆکوەزیران، بەمەش چیتر بڕیارەکانی ئەنجومەنەکە مولزەمی نەبوون بۆ حکومەت.
چاکسازییەکان سوپایان خستبووە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمان و دەزگا دەستورییەکان.
زیاد لە 100 ئەفسەر لە 2013 سزادران بەهۆی رۆڵیان لە کودەتاکەی دژ بە حکومەتی نەجمەدین ئەربەکان لە ساڵی 1997.
ئێوارەی 15ی تەموزی 2016 کودەتاچیەکان سەرجەم شەقامەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبوڵیان داخست و هێزەکانیان راسپارد بە دەستگیرکردنی ئەردۆغان، هێزەکان هێرشیان کردە سەر هۆتێل کلوب توربان بە بۆمبی دەستی و دووان لە پاسەوانەکانیان کوشت.
پێش گەیشتنی هێزەکان، زانیاری بە ئەردۆغان گەیشتبوو، کە کودەتا ئەنجامدەدرێت بۆیە لە شوێنی مانەوەکەیەوە چوو بوو بۆ فڕۆکەخانەی دالامان لە باشوری رۆژئاوای تورکیا لەوێشەوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت رۆیشتبوو بەرەو ئیستەنبوڵ، فڕۆکەوانەکە ناسنامەی فڕۆکەکەی گۆڕیبوو، بۆیە لە سیسستمی راداردا وەک فڕۆکەیەکی مەدەنی ئاسایی دەرکەوتبوو.
ئەردۆغان لە رێگەی مۆبایلەوە لە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان پەیامی بڵاوکردەوە و بەڵێنی شکستپێهێنانی کودەتاکەی راگەیاند، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەوانەی لەپشت کودەتاکەن.
ئەردۆغان داوای لە هاوڵاتیان کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پاراستنی دیموکراسی و شکستپێهێنانی پلانی کودەتاچیەکان.
“گەل” وەڵامی فراوانیان بۆ داواکەی ئەردۆغان هەبوو، هەزاران هاوڵاتی هاتنە سەر شەقامەکان و چوونە ئەو فڕۆکەخانانەی کودەتاچیەکان دەستیان بەسەرداگرتبوو. فەرماندە باڵاکانی سوپا رایانگەیاند، ئەم هەوڵی کودەتایە تەنها بەشێک لەنێو سوپا سەرکردایەتی دەکات.
لە بەرەبەیانی 16ی تەموز ئەردۆغان رایگەیاند، دۆخەکە لە کۆنترۆڵی حکومەتدایە و کودەتاکە شکستی پێهێنرا، لەگەڵ کوژرانی 251 کەس و برینداربوونی دوو هەزار و 200 کەس.
بەکیر بوزداغ، وەزیری دادی تورکیا دەستگیرکردنی سەدان فەرماندەی راگەیاند، کە دەستیان هەبووە لە کودەتاکەدا، لەگەڵ لەسەرکارلادانی پێنج جەنەراڵ و 29 ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ.
سێ هەزار سەرباز دوای ئەم کودەتایە دەستگیرکران، کە چەندین فەرماندەی پلەباڵای تێدابوو. دادگا دوو هەزار و 745 دادوەری لەکاردوورخستەوە بەهۆی تێوەگلان لە کودەتاکە.
کودەتاکە بووە هۆی رێکخستنەوەی سیستمی سوپا، بەجۆرێک وەزیری ناوخۆ بوو بە لێپرسراوی یەکەمی دامەزراوەی سەربازی، کە پێشتر تەنها هەماهەنگی دەکرد و دەسەڵاتی بەسەر دامەزراوەکە نەبوو.