بەدواداچوونی زووم:
راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی هاوشێوەی بۆمبێک “ئەگەری کۆتاییهاتنی سەردەمی ئینتەرنێت”ـی خستە نێو سۆشیالمیدیاوە، بە گوێرەی راپۆرتەکە شەپۆلێک لە خۆرەوە دەگاتە سەر زەوی و لە دوو ساڵدا کۆتایی بە ئینتەرنێت دێنێت. بەو مانایەی مرۆڤ دەستی لە تۆڕە جاڵجاڵۆکەییەکە بەردەبێت، ئەو تۆڕەی خۆی خزاندووەتە نێو هەموو پنت و قوژبنەکانی ژیانی مرۆڤەوە.
“خۆر نزیکبووەتەوە لە تۆمارکردنی بەرزترین پلەی گەرمیی خۆی، هەربۆیە شەپۆلێکی توندی خۆر بەر زەوی دەکەوێت و رەنگە لە دوو ساڵدا تەواوی ژێرخانی ئینتەرنێت لە جیهاندا لەناوببات”. واشنتن پۆست تەنانەت نووسیویەتی “ئەو شەپۆلەی خۆر کە بەر زەوی دەکەوێت هەڵگری شەپۆلی کارۆموگناتیسییە، کە رەنگە سیستمەکانی ئینتەرنێت لە جیهاندا تووشی داڕووخان بکات، لەهەمانکاتدا کاردەکاتە سەر پچڕانی تۆڕەکانی کارەبا لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان”.
راپۆرتەکەی واشنتن پۆست دوو رووداوی هاوشێوەی بیر مرۆڤایەتی هێناوەتەوە، کە هەردووکیان بەهۆی شەپۆلی خۆرەوە روویانداوە و کاریگەرییان لەسەر کارەبا دروستکردووە.
یەکێک لەو رووداوانە بە کارینگتۆن ناسراوە و لە ساڵی 1859دا روویداوە، تاوەکو ئێستا بە گەورەترین شەپۆلی خۆر دادەنرێت بۆ سەر هەسارەی زەوی. بەهۆی کارینگتۆنەوە سیستەمەکانی کارەبا لە پاریسی فەرەنساوە تاوەکو بۆستنی ئەمریکا زیانیان بەرکەوتووە.
تازەترین شەپۆلی خۆریش لە ساڵی 1989دا بوو، کە بۆ چەند کاتژمێرێک تۆڕی کارەبای لە هەرێمی کوبیکی کەنەدا پچڕاند.
ئەو پسپۆڕانەی قسەیان بۆ واشنتن پۆست کردووە، دەڵێن زەوی لە ساڵی 2012ەوە هەستی بە هیچ شەپۆلێکی بەهێزی خۆر نەکردووە، وا ئێستاش خولێکی 11 ساڵیی تەواودەکات و کاتیەتی شەپۆلێک بەرەو روومان بێت “پێدەچێت کاریگەرییەکەی زۆر بێت”.
ئەگەر ئەم راپۆرتە ئەمریکییە ترسی لە کۆتاییهاتنی سەردەمی ئینتەرنێت هەبێت، ئەوا راپۆرتێکی رووسی بەرپەرچی دەداتەوە.
ڤلادیمێر کۆزنیتسۆڤ زانایەکی رووسییە، پێشبینییەکانی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست رەتدەکاتەوە، پێیوایە باسکردنی ئەو بابەتە زیادەڕەویی تێداکراوە.
زانا رووسییەکە ئەوە رەتناکاتەوە کە بڵێسەی خۆر شەپۆلی موگناتیسی لە دەرەوەی گۆی زەوی و چینی ئایۆنسفێر دروستدەکات و تەنانەت محەویلەی کارەباش دەسووتێنێت، بەڵام پێیوانییە سیناریۆکە بەو شێوەیە بێت کە هەموو شتێکی سەرزەوی لەناودەچێت، ئەو دەڵێت “کۆتاییهاتنی سەردەمی ئینتەرنێت، دوورە”.
کۆزنیستۆڤ دەڵێت هەرکاتێک چالاکییەکتانی سەر رووی خۆر 100 هێندەی ئێستا زیادیان کرد، ئەوکات دەکرێت باس لە کۆتاییهاتنی ئینتەرنێت بکرێت، بەڵام ئەمە روونادات.