گەرمایەکی تاقەتپڕوکێن ماوەی چەند رۆژێکە روبەرووی ئەمریکا بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا شەپۆلەکە لە ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای وڵاتەکە چرتربێتەوە و پلەکانی گەرما زیاتر بەرز ببنەوە.
دوێنێ هەینی رێنماییەکانی خۆپاراستن لەو شەپۆلی گەرمایە لە چەندین ویلایەتی ئەمریکا بڵاوکرایەوە کە لانیکەم 113 ملیۆن کەسی وڵاتەکەی گرتەوە.
لە ویلایەتی تەکساس بەکارهێنانی ئامێری فێنککەرەوە گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی ویلایەتەکە بەوپێیەی زۆرترین خواست لەسەر کارەبا تۆمارکراوە، بەشێوەیەک رۆژی پێنجشەممە بەکارهێنانی کارەبا 81 هەزار و 406 مێگاواتی تۆمارکردووە کە ریکۆردی پێشووتری رۆژی چوارشەممەی شکاندووە.
لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشبینی دەکرێت نزیکە 27 ملیۆن هاوڵاتی روبەرووی شەپۆلی گەرمای زیاتر لە 43 پلەی سلیزیی ببنەوە. خزمەتگوزاری کەشناسی نیشتمانی ئەمریکا (NWS) رایگەیاندووە، گەرماکە لە ئەنجامی پەستانێکی بەرزی هەواوەیە کە بە شێوەیەکی گشتی پلەی گەرمی بەرزتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخەکە بەجۆرێکە یەکێکە لە بەهێزترین شەپۆلەکانی گەرما کە ئەو ناوچەیە لە مێژووی خۆیدا بینیویەتی و شەپۆلەکانی گەرما مێژوویین هیچ ئاماژەیەک نییە بەمنزیکانە نزم ببنەوە.
بەگوێرەی دامەزراوەی سەنتەرەکانی خۆپارێزی و کۆنترۆڵی نەخۆشی ئەمریکا، ساڵانە 700 کەس بەهۆکارە پەیوەندیدارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لە ئەمریکا گیان لەدەستدەدەن.
ئەمڕۆ شەممە پلەکانی گەرما لەو وڵاتەدا هێندە بەرزن لە هەندێ ناوچەدا دەگاتە 46 پلە، ئەمەش تا هەفتەی داهاتوو لە بەرزبوونەوەدا دەبێت.
پێشبینی دەکرێت لە شاری لاس ڤێگاس لە ویلایەتی نێڤادا پلەکانی گەرما 47 پلە تێبپەڕێنن و بۆ چەند رۆژێکیش بەردەوا بێت. سەرەڕای ئەوەش پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە دۆڵی مردوو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، کە یەکێکە لە ناوچە هەرە گەرمەکانی سەر رووی زەوی، 54 پلە تێبپەرێنێت.
سەرەڕای ئەوەی کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر مەترسی لەو ناوچانە دروستدەکات کە لە دەریاکانەوە نزیکن، بەهۆی بوونی زۆری رێژەی شێ، ناوچە بیابانەکانین ئاگادارکراونەتەوە کە شەپۆلی گەرماکە بەجددی وەربگرن، بەوپێەیەی شەپۆلەکە ماوەی چەندین رۆژ دەخایەنێت.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە چەند نەخۆشخانەیەکی لاس ڤێگاس قەرەباڵغی زۆری دروستکردووە کە خەڵکی بەهۆی گەرماکەوە توشی سکچوون و ماندووبوون بوونەتەوە کە بەهۆی گەرماکەوە توشی بوون.
ئەم گەرما تاقەتپڕوکێنەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ هەمان شەپۆلی گەرما کە رووبەرووی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە کە بووە هۆی ئەوەی یۆنان یەکێک لە ناوچە گەشتییارییەکانی وڵاتەکەی دابخات.
هەفتەی رابردوو تێکڕای پلەی گەرمای جیهان ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد کە 17.23 پلە بوو، ئەمەش بەرزترین پلەی سەر ڕووی زەوییە لە مێژووی هەسارەکەدا.
زانایان دەڵێن بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما پەیوەندیی بە گۆڕانی کەشوهەواوەیە کە بەشێوەیەکی سروشتی لەشێوازی کەشوهەوایی ناسراو بە ئەلنینۆیی دەردەکەوێت، کە هەرسێ بۆ حەوت ساڵ جارێک دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلاکنی گەرما.