ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا دەکات، رێکەوتننامەی هەناردەی دانەوێڵە لە ئۆکراینەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان درێژبکاتەوە، لەبەرامبەردا روسیا بتوانێت لقی بانکێکی کشتوکاڵیی وڵاتەکەی بە سیستمی پارەدانی سویفتی نێودەوڵەتی ببەستێتەوە.
رێککەوتننامەکە لە 22ی تەمموزی 2020 لەنێوان روسیا و ئۆکراین بە نێوەندگیری تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئیستانبووڵ واژۆکرا. بەهۆی رێککەوتننامەکەوە رێگەدەدرێت بە دانەوێڵەی ئۆکراین بۆ ئەوەی لەرێگەی دەریای رەشەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان هەناردە بکرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەڕی روسیا و ئۆکراین دەستیپێکرد و روسیا رێگری لەو کەشتییانەی ئۆکراین گرت کە دانەوێڵەیان لە بەندەرەکانی ئۆکراینەوە باردەکرد و هەندێک جاریش دەستی بەسەردا دەگرتن.
رێککەوتننامەکە تاوەکو ئێستا دووجار درێژکراوەتەوە، جارێکیان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو و جارێکی دیکەش لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا تاوەکو 17ی تەموز درێژکرایەوە. لە ئێستاشدا سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە لە سێبارە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە دەڕوانن، چونکە کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر نرخی دانەوێڵە و خواردەمەنیی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
رێککەوتننامەکە رۆژی 17ى ئەم مانگە، واتە دووشەممە کۆتایی دێت و روسیاش هەڕەشە دەکات کە تازەى نەکاتەوە. بیانوی روسیاش ئەوەیە رۆژئاوا خیانەتی لە رێککەوتنەکە کردووە و چەندین بەرهەمی کشتوکاڵیی وڵاتەکەی رێگرییان لێکراوە بگەنە بازاڕەکانی جیهان، کە گرنگترینیان پەینی کشتوکاڵییە.
سەبارەت بەوپرسە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ پوتین رەزامەندن لەسەر ئەوەی رێککەوتننامەکە درێژبکرێتەوە. بەڵام کۆشکی کرێملین لەوبارەیەوە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ راگەیەندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە. هەربۆیە گوتێرێز چاوەڕوانی ئەوەیە سەبارەت بەو پرسە وەڵامێکی لە روسیاوە دەستبکەوێت.
بۆچی رێککەوتاننامەکە گرنگە؟
ئۆکراین یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانی دانەوێڵە و ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی کە رۆنی چێشتیان لێ بەرهەم دێت. بەهۆی وەستانی هەناردەی ئەو بەرهەمانە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە، جیهان روبەڕوی قەیرانێکی سەختی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بووەوە. بەهۆی رێکەوتنەکەوە کە پێنج مانگ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە واژۆکرا، نرخەکان نزمبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی. سەرەڕای ئەوەش ئۆکراین رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە هەناردەکردنی 725 هەزار تۆن دانەوێڵە بۆ وڵاتە هەژارەکان لەرێگەی بەرنامەی خۆراکی جیهانییەوە.
چی رودەدات ئەگەر رێککەوتننامەکە درێژنەکرێتەوە؟
ئەگەر رێککەوتننامەکە درێژ نەکرێتەوە، نرخی دانەوێڵە و خواردەمەنی لە بازارەکانی جیهان بەرزدەبێتەوە، بەڵام بەو شێوەیە نابێت کە لەساڵی پاردا بەرزبووەوە. چونکە سەرچاوەی دیکەی دانەوێڵە لە روسیا و بەرازیل پەرەیان پێدراوە.
ئەمساڵ نرخی گەنم بەرێژەی 17% دابەزیوە و نرخی گەنمەشامیش بەرێژەی 26% دابەزیوە. بەڵام مەترسییەکان بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە هێشتا ماون و مانگی رابردوو بەرنامەی خۆراکی جیهانی رایگەیاند، چەندین حاڵەتی فریاگوزاری روبەروی جیهان بووەتەوە، کە بوونەتە هۆی گەورەترین و ئاڵۆزترین قەیرانی مرۆیی و برسێتی لەماوەی 70 ساڵی رابردوودا.
بەگوێرەى ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، تەنها لە ساڵی 2022دا، زیاتر لە 349 ملیۆن کەس لە جیهاندا روبەروی برسێتی بوونەتەوە و 772 هەزار کەسیش توشی قاتوقڕیی بوونەتەوە.
لە ئێستادا یەکێک لە داواکارییە گرنگەکانی مۆسکۆ بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتننامەکە دووبارە لکاندنەوەی بانکی کشتوکاڵی روسیایە بە تۆڕی پارەدانی نێودەوڵەتی سویفتەوە. کە سیستمێکە لە رێگەیەوە ناوەندە بازرگانییەکانی وڵاتانی جیهانی بەیەکەوە بەستووەتەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی بانکیی و دراو لەرێگای تۆڕێکی ئەلیکترۆنییەوە.
لەدوای هێرشی روسیاوە، ئەمریکا وەک سزایەک، چەندین بانکی روسی بە سیستمەوەکەوە بچڕاند. ئەمەش کاریگەریی تەواوی لەسەر ئابووری وڵاتەکە دروستکردووە، بەوپێیەی سزاکە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلەکانی روسیای قورستکردووە و ئابوری وڵاتەکەی سستکردووە.