زووم:
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لە بەیننامەیەکدا رایگەیاند: هەفتانە 11 منداڵ بەهۆی هەوڵدان بۆ پەرینەوە لە دەریای ناوەراست و گەیشتن بە ئەوروپا گیانلەدەست دەدەن .
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 289 منداڵ بێسەروشوێنبوون یاخود گیانیانلەدەستداوە لەکاتێکدا هەوڵییان داوە رێگای مەترسیداری کۆچکردن لە دەریای ناوەڕاست لە باکووری ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا ببڕن. ئەمەش بەواتای هەفتانە 11 منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2008وە زیاتر لە 1500 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و یاخود بێسەروشوێن بوون.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەشێکی زۆری ئەو بەلەمانەی کۆچبەران دەگوازنەوە تۆمارناکرێن و کاتێک نوقومدەبن سەرجەم سەرنشینەکان گیانلەدەستدەدەن، هەربۆیە ئەستەمە ژمارەی راستەقینەی ئەو منداڵانە بزانین کە گیانیانلەدەستداوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ەوە 11 هەزار و 600 منداڵ لە باکووری ئەفریقاوە گەیشتوونەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا, کەئەمەش بەراورد بە ئامارەکانی ساڵی رابردوو دوو هێندە زیادیکردووە.