مۆسکۆ بەشداریکردنی لە رێککەوتنی هەناردەى دانەوێڵە لە رێگەى ئۆکرایناوە هەڵپەسارد، وەزارەتى بەرگرى روسیا، ئۆکراینا تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانى هێرشێکی “فراوانی” فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کەشتییەک لە دەریای رەش.
نەتەوەیەکگرتووەکان پشڕاستى هەڵپەساردنى رێککەوتنەکەى لەلایەن روسیاوە کردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی روسیا پەیوەندی دەکەین.
رۆژی 22/7/2020 لە ئیستەنبوڵ، بەڵگەی دەستپێشخەری بۆ گواستنەوەی خۆراک و دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە بەشێوەیەکی پارێزراو لەنێوان نوێنەرانی روسیا، ئۆکراینا، تورکیا و نەتەوەیەکگرتوەکان واژۆکرا، بۆ ئەم مەبەستەش ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش، کە نوێنەرانی هەرسێ وڵات و نەتەوەیەکگرتوەکانی تێدان لە کەمپی زانکۆی بەرگری نیشتمانی پێکهێندرا.
رۆژی 31/7/2022 کەشتی (رازۆنی) کە گەنمەشامی بۆ لوبنان هەڵگرتووە ئۆکراینای جێهێشت و بوو بە یەکەمین کەشتی گواستنەوەی دانەوێڵە، کە بەگوێرەی رێککەوتننامەکە لە بەندەری ئۆدیساوە بەڕێ بکەوێت، لەکاتێکدا لە 20/2/2021، کە هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێکردوە هەناردەی دانەوێڵە بۆ بازاڕەکانی جیهان راگیرا بوو.
دیمتری کۆلیباو، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، پێشتر هۆشداریمان دابوو لە پلانەکانی روسیا بۆ هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە، مۆسکۆ بیانوویەکی “درۆ” بەکاردەهێنێت بۆ داخستنی رێڕەوی هەناردەى دانەوێڵە، کە گەرەنتی ئاسایشی خۆراک بۆ ملیۆنان کەس دەکات.
ئەو دەڵێت، داوا لە هەموو وڵاتان دەکەم داوا بکەن مۆسکۆ یارییەکانی برسێتی رابگرێت و پابەندبێتەوە بە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە.
ئەو رێکەوتنەوەى لە ئیستەنبوڵ کرا، بڕیار بوو چوار مانگ بەردەوام بێت و دەتواندرا درێژ بکرێتەوە، بەمەرجێک هەردوو وڵاتە ناکۆکەکە جارێکی دیکە رێکبکەونەوە.
بەڵام دواى کەمتر لە سێ مانگ روسیا هەڵیپەسارد، ئاژانسى تاس بڵاویکردەوە، روسیا هێشتا تورکیای لە هەڵپەساردنى رێککەوتنی هەناردەى دانەوێڵە ئاگادار نەکردووەتەوە.
روسیا پێشتر چەندینجار رەخنەى لەشێوازى هەناردەکردنى دانەوێڵە گرتووە، رۆژى 10ى ئەیلول ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکى روسیا ڕایگەیاند ” زۆرینەی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ ئەوروپا هەناردە دەکرێت، نەک وڵاتانى هەژاردنشین”
بەگوێرەى گوتەى بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا، نۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هێرشەکەى ئەمڕۆى سەر بەندەرەکەى شارى سیڤاستۆپۆل بەکارهێنراون.