پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق، هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدایە، کۆتایی بە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان هێنراوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش کارا نییە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەنای بۆ کۆمسیۆنی عێراق بردووە.
لە دوو مانگی رابردوودا سەرۆکایەتیی هەرێم زیاد لە جارێک لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەتەوە، لە تازەترین پێشهاتیشدا دوو رۆژ لەمەوبەر نووسراوێکیان بۆ کۆمسیۆنەکە ناردووە و داوایان لێکردوون ئامادەیی خۆیان نیشانبدەن بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
لە نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا ئاماژە بەوە دراوە، کە کۆمسیۆنی عێراق ئامادەیی خۆی نیشانبدات کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان جا لە رۆژی 18ی 11دا بێت وەکو ئەوەی فەرمانی هەرێمیی بۆ دەرکراوە، یاخود هاوکات بێت لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کە دەکەوێتە 18ی 12ی ئەمساڵەوە.
زوومی بەغداد قسەی لەگەڵ جومانە غولای کردووە کە گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە، ئەو گوتوویەتی ئامادەین هاوکاریی هەرێم بکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە لە چ رۆژێکدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت.
سێ رۆژە نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دەست کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیارە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەبارەی ناوەرۆکی نووسراوەکەوە بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر. بۆیە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنیش چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە دەکات.
لە بنەڕەتدا بەشێک لە ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم پەیوەندیی بە تۆماری دەنگدەران و یاسای هەڵبژاردنەکانەوە هەبوو، ئێستاش ئەو گرفتە ماوە و کۆمسیۆنی عێراقیش ئەگەر سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات، دەبێت رێگەچارە بۆ ئەو دوو بابەتە بدۆزێتەوە.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبوو لە 10ی 10ی ساڵی رابردوودا ئەنجامبدرێت، بەڵام ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردنەکەی دواخست، بەدوایدا تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە و هەرێم تووشی کێشە بوو، بەوپێیەی سکاڵای لەسەر تۆمارکرا و سەرەنجام دادگای فیدراڵییش درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی بە نادەستووریی ناوبرد.