هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازدان، یەکێکیان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و ئەوی دیکەیان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان.
لە دۆخێکی لەمشێوەیەدا لایەنە سیاسییەکان لە جوڵە ناکەون، مێزی کۆبوونەوەکان چۆڵ نابن و مایکی بەردەم بەرپرسانیش بەردەوام کراوەدەبن، ئەمە جگەلە دەرکردنی ناوبەناوی راگەیەنراو و نیشاندانی هەڵوێستی سیاسی.
جوڵەکانی یەکێتی و پارتی زۆرترین پانتاییان لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا داگیرکردووە، ئەمەیان بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوو رکابەری دێرینی یەکترن و لە زیاتر لە 30 ساڵی حوکمڕانیی کوردیشدا هەرخۆیان هاوبەشی سەرەکیی بوون لە حکومەتدا.
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە گرژی و ناکۆکیی هەردوولا گەیشتە بایکۆتکردن.. کاتێک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد. ئەگەرچی لە بەهاردا بۆیەکەمجار قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی یەکتریان بینی و سەرەنجام کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی هەردوولا دەستیانپێکردەوە، بەڵام ئەمە خاڵی کۆتایی نەبوو، وەکوچۆن هەر لەو کاتانەدا زووم ئاشکرایکرد ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبەکە کۆتاییان نەهاتووە و تەنها گۆڕەپانەکە گوازراوەتەوە.
کاتێک حکومەتی عێراق رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دیاریکرد و کۆمسیۆنیش دەستی بە تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانییەکان کرد، ئیدی جوڵەی لایەنە کوردستانییەکانیش دەستیپێکرد، لێرەوە بە روونی ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی زیندوو بووەوە. بەڵگەش بۆ ئەمە کۆبوونەوە یەکلەدوای یەکەکانی پارتی بوو لەگەڵ چەند لایەنێکی کوردستانیدا، کە تەنها بانگێشتی یەکێتیی نەکردبوو.
پاش کۆتاییهاتنی یەکێک لەو کۆبوونەوانە کەمال کەرکوکی بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکوک و گەرمیان لێدوانێکی هاوشێوەی بۆمبێک بە رووی یەکێتیدا تەقاندەوە. کەرکوکی گوتی، هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنەدا ناکەن کە هۆکاربوون بۆ ئەوەی 16ی ئۆکتۆبەر رووبدات، بەرپرسەکەی پارتی ئەو لایەنەی بە خیانەتکار ناوبرد.
سەرباری ئەو لێدوانە توندەی سەرکردەکەی پارتی، بەڵام هێشتا یەکێتی لە کۆبوونەوەکانیدا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدوای یەکلیستیدا دەگەڕێت. ئەوان بەپێچەوانەی پارتییەوە وەکو سەرکردەیەکی حزبەکەیان گوتی، سانسۆر و هێڵی سووریان بۆ هیچ لایەنێک نییە.
هاوتەریب لەگەڵ جوڵەی حزبەکان لە کەرکوک، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا یەکێتی و پارتی لە ماوەی سێ هەفتەدا دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێکی هەبێ.
26ی مانگی رابردوو یەکەم کۆبوونەوەیان کرد و بەبێ هیچ راگەیەنراوێک کۆتاییان پێهێنا، لە 9ی ئەم مانگەش کۆبوونەوەیەکی دیکەیان کرد وەکو درێژکراوەی کۆبوونەوەی یەکەم، ئەمجارەیان نەوەک راگەیەنراویان نەبوو، تەنانەت سەرۆکی یەکێتی بەبێ ئەوەی ماڵئاوایی لە شاندی پارتی بکات پیرمامی بەجێهێشت، توڕەیی خۆی لە بەردەم میدیاکانیشدا نەشاردەوە و گوتی، “یەکێتی هێزە، لەمڕۆوە هەرچییەک رووبدات وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە”.
ئەگەرچی بافڵ تاڵەبانی لە نێو فڕۆکەخانەی هەولێردا داوای لێبووردنی لە شاندی پارتی کرد بەوەی ماڵئاوایی لێنەکردوون، بەڵام پاش گەڕانەوەی بۆ سلێمانی بەرەو بەریتانیا گەشتی کرد و ئەمجارەیان توندتر قسەی لەسەر حزبە رکابەرەکەی کرد.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە خانەی بیری چاتام هاوسی لەندەن کۆڕێکی ئەنجامدا، ئەگەرچی نە میدیای فەرمیی یەکێتی و نە خودی سەرۆکی حزبەکە بە فەرمی قسەکانی نێو کۆڕەکەیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەشێک لەئامادەبووانی کۆڕەکە کە رۆژنامەنووسی کوردیشیان تێدابووە، چیرۆکی قسەکانی تاڵەبانییان گێڕاوەتەوە.
سایتی کوردستان تایمز، کە نووسینگەیان لە ئەوروپایە، بەشێکی قسەکانی بافڵ تاڵەبانییان بڵاوکردووەتەوە، رێنوار نەجم کە ئامادەی کۆڕەکە بووە راپۆرتەکەی نووسیوە دەڵێت، بافڵ تالەبانی رەخنەی لە سیاسەتی پارتی گرتووە، خراپیی دۆخی هەرێمی کوردستانی خستۆتە ئەستۆی پارتی و گوتوویەتی ئەوان هۆکارن بۆ شکستپێهێنانی دانوستانەکانی نێوانیان.
ئەم قسانەی بافڵ تاڵەبانی لە لەندەن راگەیەنراوێکی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی دیکە گرژییەکان دەستیان پێکردەوە.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە کە سلێمانی لەلایەن پارتییەوە پشتگوێخراوە، بۆیە یەکێتی ناچاربووە خۆی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە بۆنموونە یەکێتی پارەی چاککردنەوەی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ و پارەی پاککردنەوەی شارەکەی داوە، لەکاتێکدا ئەمە ئیشی حکومەتە و ئیشی یەکێتی نییە.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێت، دیارە یەکێتی بیری چووەتەوە زیاتر لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کێشە و گرفتیان بۆ حکومەت دروستکردووە، سەرباری ئەوەی هاوبەش بوون لە حکومەتدا.
پارتی دەشڵێت، لەمەدا یەکێتی هۆكاری سەرەکیی بووە و رێگربووه له ئاوهدانكردنهوه و جێبهجێكردنی پرۆژە خزمهتگوزارییهكان، تاوەکو دهگاته بابهتی ئهمنیەت و دهستبهسهرداگرتنی داهاتی ناوخۆی پارێزگاكه و تەواوی ئەو سنوورە.
ئەگەرچی سەرۆکی یەکێتی گوتوویەتی ئەمە یەکەمجار نییە یەکێتی و پارتی کێشەیان هەبێت، بەڵام یەکەمجارە حکومەت و دامەزراوە دادوەرییەکان وەک چەکێک لە دژیان بەکاردەهێنرێت.
گوتەبێژەکەی پارتیش دەڵێت، یەکێتی لهبیری چووەتەوە كه چۆن دامهزراوهكانی حكومهتی فیدڕاڵی و دادگای فیدڕاڵی هێناوهته ناو پرۆسهی حوكمرانی ههرێم و چهنده چارهسهری كێشهكانی بهو بابهته ئاڵۆزكردووه.
یەکێک لە رەخنەکانی دیکەی بافڵ تاڵەبانی ئەوە بووە کە پارتی لە بڕیارداندا مەرکەزی نییە “دەستی چەپ نازانێت دەستی راست چی دەکات”.
بافڵ تاڵەبانی لە کۆڕەکەی چاتام هاوسی لەندەندا چەند جارێک ئەوەی دووبارە کردووەتەوە، کە دەستی تێکدەر لەنێو پارتیدا هەیە و نایەوێت یەکێتی و پارتی رێکبکەون “هەرکاتێکیش نزیک ببنەوە لە رێککەوتن، بە لێدوانێک یان کارێکی تێکدەرانە هەموو شتێک دەگەڕيننەوە بۆ خاڵی سفر”.
لە وەڵامدا گوتەبێژەکەی پارتی دەڵێت، پارتی یهك مهرجهعیهت و یهك ههڵوێستی ههبووه و ئهوهی بڕیاری لێدهدرێت جێبهجێدهكرێت، با دڵنیا بێت مهرجهعیهت و یهكههڵوێستی پارتی له هیچ وێستگهیهك نهگۆڕاوه و لهمهودواش ناگۆڕدرێت.