بەرزبوونەی دۆلار بەرامبەر دینار یەکێک بوو لەو کێشانەی هەرزوو بەرۆکی سەرۆکوەزیرانە تازەکەی عێراقی گرت.
هەرچەندە پاش نزیکەى حەوت مانگ لەسەرهەڵدانى قەیرانەکە گرفتەکە لەڕووى یاساییەوە چارەسەرکرا ئەویش لە رێگەى یاسای بودجەوە، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاساکە هێشتا ئاسۆکانى بەرزبوونەوەى بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەرنەکەوتووە.
لە یاساى بودجە سێ ساڵییەکەى عێراقدا 100 دۆلار بەرامبەر بە 130 هەزار دینار دیاریکراوە، بەڵام ئێستا جیاوازی نرخى دۆلار لەنێوان بازاڕ و بانکی ناوەندیدا نزیکەی 18 هەزار دینارە، بەوپێیەی لە بازاڕدا 100 دۆلار تا 148 هەزار دینار دەڕوات.
جگە لە چارەسەرە یاساییەکە گرفتی دیکە ماوە و بانکی ناوەندییش کە دامەزراوەیەکی بەهێزی وڵاتە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو لەئەستۆدەگرێت، پێشتر چەندین هۆکاری بۆ دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار دەخستەڕوو، ئێستاش باسى هۆکارى دیکە دەکات.
بانکی ناوەندی ئەمجارە دەڵێت، گەورەیی قەبارەی بازرگانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا و سوریا لەلایەک و سنوردارکردنەکەی ئەمریکاش بۆ خستنە بازاڕی دۆلار لەلایەکی دیکەوە، بەهای دۆلاریان لە عێراق زیاتر بەرزکردووەتەوە.
مازن سەباح ئەحمەد، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکردووە، “بانکی ناوەندی کێشەی نییە لە خستنەڕووی دۆلار، بەڵکو کێشەکە لە خواستی دۆلاردایە، چونکە عێراق قەبارەیەکی گەورەی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە کۆت و بەندیان لەسەرە، بۆ نمونە قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران کە دەگاتە 10 ملیار دۆلار، لەگەڵ تورکیا نزیکەی 12 ملیار دۆلارە، هەروەها سوریاش بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دۆلاری لە عێراق دەوێت، بەرای بانکی ناوەندی ئەم خواستانە بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە عێراق.
گوتەکانی مازن سەباح لە کۆنفرانسێکی ئابووریدابوو کە وەزارەتی دارایی عێراق و ماڵی حیکمە رێکیان خستبوو، کە تێدایە بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی گوتی، “بانکی ناوەندی هەوڵی دا دۆلار بداتە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیانە، بۆ نمونە ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوە دەکەن، بەڵام تێبینیکرا دەرفەتەکە بەشێوەیەکی دروست بەکارنەهاتووە، بۆیە پێداچوونەوە بە رێکارەکاندا کراوە.”
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی بانکی ناوەندی باسی حەواڵەش دەکات و دەڵێت، ئاستی رەتکردنەوەی گواستنەوەی پارەی عێراقی لەلایەن یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریکاوە لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە لە 80% کەمبووەتەوە بۆ 8%، ئامانج لە سیستەمی سەکۆ ئەلیکترۆنییەکەش پشتبەستنە بە رێکارە جیهانییەکانی حەوالە کە رێڕەوی نادروستی پارەکان سنووردار دەکات.
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی بانکی ناوەندی زیاتر لەبارەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە دواوە و ئاماژەی بەوەداوە کە سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە دەرئەنجامی رێککەوتنێکە لەگەڵ یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا کە میکانیزمەکانی مامەڵەکردن بە دۆلار لەبەرچاو دەگرێت.
سەکۆ ئەلیکترۆنیەکە هەموو وردەکاریەکی تایبەت بە گەرەنتی گواستنەوەی پارە لە خۆ دەگرێت وەکو بەکارهێنانی پارەکە بۆ هەردوولایەنی پرۆسەکە، هاوردەکار و هەناردەکار، ئەوەش روون دەکاتەوە کە لایەنی هەناردەکار سزای لەسەر بێت یاخود نا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سەکۆ ئەلیکترۆنییەکە میکانیزمی بەهێز دەگرێتەبەر کە لەڕێگەیەوە ناتوانرێت پارە بگوازرێتەوە بۆ لایەنێکی نادروست و نەزانراو” ئەم کارە لەلایەن “کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە کاردەکات کەبێ جیاوازی وردبینی لە هەموو گواستنەوەکان دەکات”
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی بانکی ناوەندی جەختی لە گرنگی کارکردنی بانکە عێراقییەکان کرد “بۆ پێشخستنی ئەدای کارەکانیان و بەرزکردنەوەی سەرمایەکانیان بە جۆرێک کە بانکە نێودەوڵەتییەکان بیانکەن بە هاوبەشی خۆیان لە عێراق”.
مازن سەباح لە کۆنفرانسەکەدا داوایکردووە گرنگی بدرێت بە پارەدانی ئەلیکترۆنی و سود لە کارتی ئەلیکترۆنی وەربگیرێت، چونکە لەو مامەڵەیەدا دۆلار بە نرخی فەرمی بەردەست دەبێت.
هاوکات هاشم خالید، کە شارەزایەکی ئابوریی عێراقە، بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، “دەزگای بانکیی عێراقی ئەرکی گەورەی هەیە لە پێدانی متمانە بە بازاڕی کاری ناوخۆیی کە پێویستی بە مامەڵەی دارایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە، پێویستە دەزگای بانکی گەشە بە ئاستی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بدەن بۆ فراوانکردنی بازنەی کارکردنیان.”
بە بۆچوونی شارەزا ئابورییەکە دەبێت هاوڵاتیان بازنەی تێگەیشتنیان بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی و گرنگی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان فراوان بکەن، بۆ ئەوەش پێویستە دەزگای بانکیی عێراقی ئاستی رۆشنبیری مامەڵەی دارایی و سودەکانی بەرزبکاتەوە، ئەوەش جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕە دراوەکان یەک دەخات.”