زووم، رۆیتەرز
وەزارەتی بەرگریی روسیا دەڵێت، گروپی ڤاگنەر، کە لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ شەڕی دژی ئۆکراین بەکرێگیرابوو، خەریکە بەتەواوی چەک و تانکەکانی رادەستی هێزەکانی سوپای روسیا دەکاتەوە. پاش تێپەڕبوونى 20 رۆژ بەسەر یاخیبوونەکەى گروپی ڤاگنەر، روسیا چەک و تانکەکانى لێوەردەگرێتەوە.
رادەستکۆدنەوەى چەک و تانکەکان، بەگوێرەى رێککەوتنێکە، کە لەنێوان روسیا و گروپەکەدا بە نێوەندگیرى سەرۆکى بێلاڕوس کراوە.
لە راگەیەندراوێكدا کە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە تیایدا تانک، موشەک و چەکی قورس دەردەکەوێت، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، گروپی ڤاگنەر زیاتر لە دوو هەزار پارچە چەک و دوو هەزار و 500 تۆن تەقەمەنی رادەستی روسیا کردووەتەوە.
📹 | #Russia's Wagner mercenary group hands over all its weapons to the Russian MoD after its mutiny.pic.twitter.com/AUbtMzzkeD
— EHA News (@eha_news) July 13, 2023
یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر کە لە 23 و 24ی مانگی رابردوو سەریهەڵدا، وەک جددیترین ئاڵەنگاریی بۆسەر پوتین دەبینرێت لەوکاتەوەی کە بووەتە سەرۆکی روسیا لە کۆتا رۆژی ساڵی 1999ەوە.
کاتى یاخیبوونەکە، پوتین هەوڵەکەى پریگۆژینی وەک خیانەت و “لێدانی چەقۆ لەدواوە” وەسفکرد، کە مەترسی ئەوەی دروستکرد شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەدا سەرهەڵبدات.
بەڵام لە ئەنجامى ئەو رێککەوتنەی کۆتایی بە یاخیبوونەکەوە هێنا، کۆشکی کرێملین رایگەیاند، بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە خوێنڕشتن بپارێزن دەبێت پریگۆژین بچێتە بێلاڕوس و دۆسێی تۆمەتبارکردنیشی لەدژی دەکرێتەوە. ئەوکات، سەربازانی گروپەکە سەرپشککران وەک سەرکردەکەیان ژیانی پەناهەندەیی هەڵدەبژێرن یان دەبن بە سەربازی ئاسایی سوپای روسیا.
ئێستا وەک بەشێک لەو پلانەی هەیە بۆ کۆنترۆڵکرنی گروپی ڤاگنەر، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، گواستنەوەی چەکەکان بەوشێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت.
ئەوەی کە تا ئێستا بە ناروونی ماوەتەوە، جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی نێوان روسیا و گروپەکەیە، لەوانەش شوێنی پریگۆژینە. ئەم هەفتەیە کرێملین رایگەیاند، پوتین بۆماوەی سێ کاتژمێر و تەنها پێنج رۆژ دوای یاخیبوونەکە، پریگۆژینی بینیوە.
ئاماژەیەکیش بۆ ئەوە هەبوو کە فڕۆکەیەکی سەربە پریگۆژین پێشتر لە بێلاروس نیشتووەتەوە، بەڵام روون نەبووەتەوە کە ئایا پریگۆژینی تێدابووە یان نا.