لەدوای داواکاری سەرۆکایەتی هەرێم بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیکرد بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و تاوەکو 11ی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقییەی راگەیاند، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 11ی ئابی داهاتوو بەردەوام دەبێت، تێیدا رێگە بە “زیادکردن، راستکردنەوە، سڕینەوە و گواستنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت و هێزە ئەمنییەکان دەدرێت.”
گوتیشی، “ئەنجومەنی کۆمسیۆن رەزامەندی نیشان دا لەسەر گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران لەنێوان هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەروەها لەناو پارێزگاکان خۆشیاندا، بەڵام گواستنەوەی تۆمار بۆ دەرەوەی هەرێم یاخود بە پێچەوانەوە رەتکرایەوە.”
دوێنێ چوارشەممە، 12ی تەموزی 2023، سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بە فەرمى داوای لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرد سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.
بەگوێرەى راگەیەندراوێک کە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، سێ رۆژ پێش ئێستا بە نوسراوێكى فهرمی بە واژۆى فەوزى هەریرى، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان داوا لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق كراوه، ئامادەیی نیشان بدات بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، کۆپییەکى نوسراوەکەش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان نێردراوە.
سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان دوو پێشنیازى بۆ کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کردووە، یەکەمیان هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە رۆژى 18ى مانگى 11ى ئەمساڵ ئەنجام بدات، ئەم وادەیە پێشتر فهرمانى ههرێمی بۆ دەرکراوە.
پێشنیازى دووەمى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، کە لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراقدا، کە بڕیارە رۆژى 18ى مانگى 12ى ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش لەو رۆژەدا ئەنجام بدرێت.
دواتر حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى عێراق بە زوومى راگەیاند، تاوتوێى داواکارییەکەى هەرێمى کوردستان دەکەین و ئەوکات وەڵامى دەدەینەوە. ئەو گوتى هێشتا ناتوانین بڵێین دەتوانین سەرپەشتى هەڵبژاردنەکە بکەین یان نا.
داواکارییە تازەکەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە مانگى رابردوو سەرۆکایەتى هەرێم شاندێکى کۆمسیۆنى بانگهێشتى هەولێر کردبوو بۆ گفتوگۆ لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە، بەڵام ئەوکات رونکردنەوە لەبارەى ئەنجامى گفتوگۆکان نەدرا.
پەرلەمانى کوردستان رۆژى 6ى مانگى 11ى ساڵى رابردوو ماوەکەى کۆتاییهات، پێش ئەو وادەیە سەرۆکایەتى هەرێم رۆژى 1ى مانگى 10ى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە دیاریکرد، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان هەڵبژاردنەکە ئەنجام نەدرا و تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بۆ ماوەى ساڵێک درێژکرایە، بەڵام رۆژى 30ى ئایارى ئەمساڵ دادگاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندنەوە، سەرئەنجام لە سەرەتاى ئەم مانگەوە بە فەرمى کۆتایی بە کارەکانى پەرلەمان هێندرا و تەواوی بڕیارەکانیشی لەو ماوەیەدا هەڵوەشێنرایەوە کە یەکێکیان چالاککردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بوو.