سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بە فەرمى داوا لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەکات سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.
بەگوێرەى راگەیەندراوێک کە کەمێک پێش ئێستا سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دوو رۆژ پێش ئێستا بە نوسراوێكى فهرمی بە واژۆى فەوزى هەریرى، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان داوا لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق كراوه، ئامادەیی نیشان بدات بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، کۆپییەکى نوسراوەکەش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان نێردراوە.
سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان دوو پێشنیازى بۆ کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کردووە، یەکەمیان هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە رۆژى 18ى مانگى 11ى ئەمساڵ ئەنجام بدات، ئەم وادەیە پێشتر فهرمانى ههرێمی بۆ دەرکراوە.
پێشنیازى دووەمى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، کە لەگەڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراقدا، کە بڕیارە رۆژى 18ى مانگى 12ى ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش لەو رۆژەدا ئەنجام بدرێت.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنى عێراق بە زوومى راگەیاند، تاوتوێى داواکارییەکەى هەرێمى کوردستان دەکەین و ئەوکات وەڵامى دەدەینەوە. ئەو گوتى هێشتا ناتوانین بڵێین دەتوانین سەرپەشتى هەڵبژاردنەکە بکەین یان نا.
داواکارییە تازەکەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لەکاتێکدایە مانگى رابردوو سەرۆکایەتى هەرێم شاندێکى کۆمسیۆنى بانگهێشتى هەولێر کردبوو بۆ گفتوگۆ لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە، بەڵام ئەوکات رونکردنەوە لەبارەى ئەنجامى گفتوگۆکان نەدرا.
پەرلەمانى کوردستان رۆژى 6ى مانگى 11ى ساڵى رابردوو ماوەکەى کۆتاییهات، پێش ئەو وادەیە سەرۆکایەتى هەرێم رۆژى 1ى مانگى 10ى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە دیاریکرد، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان هەڵبژاردنەکە ئەنجام نەدرا و تەمەنى پەرلەمانى کوردستان بۆ ماوەى ساڵێک درێژکرایە، بەڵام رۆژى 30ى ئایارى ئەمساڵ دادگاى فیدراڵى عێراق درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستانى هەڵوەشاندنەوە، سەرئەنجام لە سەرەتاى ئەم مانگەوە بە فەرمى کۆتایی بە کارەکانى پەرلەمان هێندرا.
ئێستا لایەنەکان لە بەردەم دوو هەڵبژاردندان، لەلایەک هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، کە وادەکەى دیاریکراوە لە 18ى مانگى 12دایە، لە لایەکى دیکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە کە هێشتا کاتەکەى دیار نییە کەى ئەنجام دەدرێت، لەبارەى هەردوو هەڵبژاردنەکە لایەنەکان لە گفتوگۆدان، سەرەتاى ئەم هەفتەیە پارتى و یەکێتى کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتن بە ئەنجامێکى ئەوتۆ، ئەمڕۆش شاندى دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتى سەردانى کۆمەڵى دادگەرى کرد و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانى کرد.
دەچمە لای هەردى عوسمان لە شوێنى کۆدبوونەوە لەبارەى دواین پێشهاتەکانى پەیوەست بە هەڵبژاردن.