ئێران دوایین مۆڵەت بۆ چەککردنى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دیاری دەکات و دەڵێت ئەگەر تاکو مانگى ئەیلول، واتە کەمتر لە دوو مانگى دیکە بەڵێنەکان لەوبارەیەوە جێبەجێ نەکرێن، ئەوا توندتر لە جاران هێرش دەکەنەوە سەر بنکە و بارەگاى ئەو حزبانە لە قوڵایی خاکى هەرێمى کوردستاندا.
ئەم هۆشدارییەى ئێران، ئەمڕۆ لە زارى محەمەد باقرى، سەرۆک ئەرکانى هێزە چەکدارەکانى وڵاتەکەوە ئاشکراکرا. باقرى بە ئاژانسى تەسنیمى سەربە سوپاى پاسدارانى گوتووە، حکومەتی عێراق پابەندکراوە کە دەبێت تاوەکو مانگی ئەیلول حزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان چەک بکات. دەشڵێت ئەگەر عێراق بەڵێنەکانی لەوبارەیەوە جێبەجێ نەکات، هێرشی توندتر دووبارە دەکەنەوە.
ئەم هۆشداریی و دوامۆڵەتەى کە محەمەد باقرى باسى دەکات پاشئەوە دێت چوار مانگ لەمەوبەر رێککەوتنێکى ئەمنى لەنێوان عێراق و ئێران لە بەغداد ئیمزاکرا، بەرپرسانى هەردوولا نەیانشاردەوە کە ئامانجى سەرەکى رێککەوتنەکە بۆ کۆتاییهێنانە بە چالاکى حزبە دژبەرەکانى ئێران لە هەرێمى کوردستان و کۆنتڕۆڵکردنى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات.
لە پاش ئیمزاکردنى رێککەوتننامەکەوە، قاسم ئەعرەجى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق زیاد لە جارێک سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە بەمەبەستى جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى رێککەوتننامەکە، تەنانەت لە کۆتاییەکانى مانگى ئایارى رابردوودا ئەعرەجى بە سەرۆکایەتى شاندێکى باڵاى ئەمنى گەیشتە تاران کە هەریەکە لە رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆى هەرێم و هیوا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاندەکەدا بەشداربوون، ئامانجى سەرەکى سەردانەکەش بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەى جێبەجێکردنى رێککەوتننامە ئەمنییەکەى بەغداد.
دیاریکردنى مانگى ئەیلول وەکو دوامۆڵەت بۆ جێبەکردنى رێککەوتننامەکە و چەککردنى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات لەکاتێکدایە، ساڵى رابردووش کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەمان مانگدا و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنى خۆپیشاندانەکانى دژى مەرگى ژینا ئەمینى، هێرشێکى فراوانى کردە سەر کۆیە و پردێ و زڕگوێز لە قوڵایی خاکى هەرێمى کوردستاندا کە بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی لێیە، ئەمە دوایین هێرش نەبوو بەڵکو لە مانگى یانزەشدا دووجارى دیکە هێرشەکانى دووبارە کردەوە. ئەوکات تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردبوو بەهۆى ئەو سێ هێرشەى ئێرانەوە 21 کەس لە ئەندامانی حزبەکانى رۆژهەڵات و بنەماڵەکانیان کوژراون.
لەبارەى هەڵوێستى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان سەبارەت بە چەکدانان و جێهێشتنى خاکى هەرێم، زووم قسەى لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى ئەو حزبانە کرد، ئەوان “چەکدانان” بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە و دەڵێن هیچ حزبێکى رۆژهەڵات ئامادەنییە بچێتە ژێربارى ئەو داواکارییەوە.
بەرپرسانى حزبەکانى رۆژهەڵات دەڵێن حکومەتى عێراق پێشنیازى کردووە دواى ئەوەى حزبەکانى رۆژهەڵات “چەک دادەنێن” کەمپێکیان لە نزیک موسڵ بۆ دروستبکرێت و تیایدا نیشتەجێ بکرێن، بەڵام ئەوان ئەو پێشنیازەیان بە هەموو شێوەیەک رەتکردووەتەوە و پێیانوابووە پێشنیازەکە بۆ ئەوەیە تاوەکو ئەو دۆخەى بەسەر موجاهیدینى خەڵقدا هات لە کەمپى ئەشرەف بەسەر ئەوانیشدا دووبارە ببێتەوە بەوپێیەى ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵى حەشدى شەعبى دایە و ئەگەرى زۆربوو رۆژانە روبەڕوى هێرشى مووشەکى ببنەوە.
زووم لەسەر ئەم بابەتە قسەى لەگەڵ شەش بەرپرسى حزبى دیموکرات و چوار بەرپرسى کۆمەڵەدا کرد، لە زارى ئەوانەوە ئەوەى دەستکەوت کە لە بەرامبەر پێشنیازەکەى حکومەتى عێراقدا، حکومەتى هەرێم پێشنیازى کردووە دوو کەمپ دروست بکرێن، یەکێکیان لە هەولێر لە ناوچەى بنەسەڵاوە و ئەوەى دیکەیان لە سلێمانى لە ناوچەى تاسڵوجە، بەرپرسانى حزبەکانى رۆژهەڵات دەڵێن لارییان نییە ئەگەر ئەو کەمپانە بۆ نیشتەجێکردنى خانەوادەکانیان و کەسانى مەدەنى ببێت و لەژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکانیاندا بێت، بەڵام هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەن کە پێشمەرگە چەکبکرێت و لەو کەمپانەدا نیشتەجێ بکرێت.