ساڵانێکە لە سەرەتای وەزری هاویندا هەم خەڵکی عێراق و هەمیش حکومەتەکەی دەکەونە دۆخێکی خراپ و شپرزەییەوە، خەڵکەکەی بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا لە گەرمی زۆر تونددا، و حکومەتیش لە ترسی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک، دەمێکە گوتراوە دەشێت کارەبا حکومەتی عێراق بڕوخێنێت.
هەرچەندە لە سەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵ وەزارەتی کارەبای عێراق بەڵێنی دا دۆخی کارەبا زۆر باشتربێ لەوانەی پێش خۆی چونکە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای بۆ 26 هەزار مێگاوات بەرزکردووەتەوە، بەڵام وادیارە دۆخەکە بە دەست لایەنی ئێرانییە و جارێکی دیکە عێراقییەکان و حکومەتەکەی روبەرووی هەمان دۆخی هاوینەکانی پێشتر کرد بە کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکراوی غاز بۆ عێراق کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.
بەڵام بۆچی هەناردەی غازی ئێرانی کەمیکردووە؟!
زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق هۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای گەڕاندەوە بۆ کەمبوونەوەی بڕی هاوردەکراوی غازی ئێرانی بۆ کەمتر لە نیوە، ئەوەش بووەتەهۆی لەدەستدانی پێنج هەزار مێگاوات کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە غازی ئێرانی و هەروەها هەزار مێگاواتیش لە هێڵی کارەبای بەستراوە کە بەهۆی دواکەوتنی پێدانی شایستە داراییەکانی ئێرانەوە راگیراوە.
باسی لەوەشکرد، لەئێستا 20 هەزار و 600 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت، بۆیە “لەگەڵ لایەنی ئێرانی لەسەرخەتین و هیوادارین لە دۆخی عێراق تێبگەن و بڕی غازی راگیراو هەناردە بکەنەوە.”
جەختیکردەوە کە “وەزارەتی کارەبا سەرجەم قەرزەکانی داوە، بەڵام کێشەکە لە بانکی بازرگانیی عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە ئەوەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، لەوەشدا وەزارەتی کارەبا و هاوڵاتیان باجەکەی دەدەن.”
بەڵام لە ئێرانەوە دوو لێدوانی دژبەیەک هەن لە وەڵامی وەزارەتی کارەبای عێراقدا، سەرەتا ئاژانسی هەواڵیی “فارس” کە بە میدیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ناسراوە لە زاری “سەرچاوەیەکی بەرپرس” لە کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران دەڵێت، هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق پێویستی بە گۆڕانکاری لە شێوازی پاکتاوی دارایی هەیە و جەختدەکاتەوە کە “وەزارەتی کارەبای عێراق جارێکی دیکە کەمتەرخەمی کردووە لە پێدانی پارەی ئێران لە بانکی بازرگانیی عێراق، چونکە لە ئێستادا میکانیزمی پاکتاوی دارایی پارەی غازی ئێرانی بەجۆرێکە دەبێت مۆڵەتی لێخۆشبوون لە ئەمریکاوە دەربکرێت ئەو کات دەتوانن پارەکە بنێرن.”
بۆیە، بە قسەی ئەو سەرچاوەیە، پێویستە ئەم میکانیزمە بگۆڕدرێت و پێشنیازێکی نوێ بخرێتەڕوو تاوەکو عێراق بتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ لێخۆشبوونی ئەمریکا پارەی غازی ئێرانی بدات.
دەشڵێت، هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق ڕانەگیراوە، بەڵکو سنوورێک بۆ قەبارەی هەناردەکراو دانراوە تاوە ببێتە فشارێک بۆسەر حکومەتی عێراق.
بەگوێرەی راپۆرتە، جارێکی دیکە وەزارەتی کارەبای عێراق کەمتەرخەمی کردووە لە دانان و ئازادکردنی پارەی غازی ئێران لە بانکی بازرگانیی عێراق، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێران فشار بخاتە سەر لایەنی عێراقی تاوەکو پارەکانی ئێران ئازاد بکرێن و قەرزەکانی سەری کەڵەکە نەبن.
بەڵام دواتر و لە میدیایەکی دیکە کە ئاژانسی هەواڵیی تەسنیمی نیمچە فەرمییە، محەممەد ڕەزا جولەی، بەڕێوەبەری تۆڕی دابەشکردنی کۆمپانیای نیشتمانی غازی ئێران هۆکارێکی دیکەی بۆ کەمبوونەوەی هەناردەی غاز بۆ عێراق خستەڕوو کە زۆر جیاوازە لەو هۆکارەی سەرچاوەکەی دەزگای هەواڵیی فارس باسی کرد.
جۆلای ڕایگەیاندووە، “چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە تۆڕی غازی نیشتمانی لە رۆژئاوای ئێران بوونەتەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی غاز بۆ عێراق بە رێژەی 5 بۆ 10 ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە.”
جەختیکردەوە کە “هەناردەی غاز بۆ عێرق بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت، بەڵام بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باشور و باشوری رۆژئاوای ئێران، کارایی ئامێرەکان لە کەرتەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەدا ڕووبەڕووی تێکچوون بوونەتەوە و ئەوەش کاریگەری خراپی کردووەتەسەر پرۆسەی هەناردەی غاز بۆ عێراق.”
ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای نیشتمانیی غازی ئێرانی باسی لەوەشکرد کە “تێکڕای هەناردەی رۆژانەی غاز بۆ عێراق 30 ملیۆن مەتر سێجا بووە لە مانگی رابردوودا، بەڵام لەم مانگەدا دابەزیوە بۆ 21 ملیۆن مەتر سێجار.
بەڵام وادیارە لێدوانەکەی ئەمڕۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی لەبارەی قەیرانی کارەبا کردی و رایگەیاند، پێویستە جێگرەوە بۆ غازی ئێران بدۆزنەوە، تارادەیەکی باش تیماری دەردەی عێراقییەکان بکات.
لە کۆبوونەکەدا سودانی رایگەیاند، بەھۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بەکارھێنانی غازی ئێران بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە عێراق، بۆ زیاتر لە نیوە دابەزیووە، وتیشی، کار لەسەر دۆزینەوەی جێگرەوە و چارەسەری خێرا دەکەن و ھەوڵی کڕینی غاز لە تورکمانستان و قەتەر دەدەن.