درۆنەکانی تورکیا لە سووریا و رۆژئاڤای کوردستان لە چالاکی ناوەستن، لە هێرشکردن بەردەوامن و قوربانییەکانیش رۆژ بە رۆژ لەزیادبووندان.
هێرشی درۆنە تورکییەکان لە ساڵی 2020 دەستیپێکرد، بە دیاریکراوی لەدوای رێککەوتنە دووقۆڵییەکەی نێوان رووسیا و تورکیا لە مانگی 10ی ساڵی 2019، پاش ئەو رێککەوتنە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچە سنورییەکان کشانەوە و ئیدی تورکیا دەستی بە جەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرد.
یەکەم هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆ رۆژئاڤای کوردستان لە قامیشلۆ بوو، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی 2022 هێرشی درۆنەکانی تورکیا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی، ئەمساڵیش هێرشەکان نەوەستاون، بە گوێرەی ئاماری فەرمی درۆنە تورکییەکان هەفتەی جارێک هێرشیان کردووەتە سەر سووریا و شارەکانی رۆژئاڤای کوردستان.
ئاژانسی نۆرس پرێس دەڵێت، لە شەش مانگی ئەمساڵدا درۆنەکانی تورکیا 34 جار هێرشیان کردووە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 44 کەس گیانیان لەدەستداوە و 29ی دیکەش برینداربوون، واتە بە کۆی گشتی 73 قوربانی هەبووە.
نزیکەی یەک لەسەر چواری قوربانییەکان مەدەنی بوون، بە گوێرەی ئامارەکەی نۆرس پرێس لەو 73 کەسە ی گیانیان لەدەستداوە، 20 کەسیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا شەشیان کوژراون، ژن و منداڵیشیان تێدا بووە.
هەر لە نێو کوژراوەکاندا 20 کەسیان ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون، 10 کوژراوی دیکەش سەر بە هێزەکانی حکومەتی سووریا بوون.
لەنێو شارەکانی رۆژئاڤای کوردستاندا، قامیشلۆ زۆرترین هێرشی کراوەتەسەر، نۆرس پرێس دەڵێت لەو شەش مانگەدا درۆنی تورکی حەوت جار بۆردومانی شارەکەی کردووە. چوار بۆردومانیش کراوەتە سەر حەسەکە و دوو جاریش بۆ سەر رەققە، کۆبانێ و منبجیش چوار جار هێرشیان کراوەتەسەر.
زۆرترین هێرشی درۆنەکانی تورکیا لەمساڵدا لە مانگی حوزەیراندا بووە واتە مانگی رابردوو، کە تیایدا 15 جار هێرشکراوەتە سەر سووریا و رۆژئاڤای کوردستان، کە خوێناویترینیان هێرشەکەی ناوەڕاستی حوزەیران بوو، کە بەهۆیەوە یوسرا دەروێش و لیمان شوێش کە دوو بەرپرسی ئەنجومەنی کانتۆنی قامیشلۆ بوون لەگەڵ فورات تۆمای شۆفێریاندا گیانیان لەدەستدا.