وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی دەکات و دەڵێت رێککەوتنەکە دەبێتە رێگەخۆشکەرێک بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ بەرەوپێشبردنی وڵاتەکە لەڕووی وزەی سەربەخۆ و ئامانجە کۆکراوەکانی بواری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
رێککەوتنەکە رۆژى دووشەممە، 10ى تەمموز بە های 27 ملیار دۆلار واژۆکرا، لە بنەرەتتدا بۆ جێبەجێکردنی چوار پرۆژەیە، کە تایبەتن بە پەرەپێدان و دامەزراندنی چەند ناوەندێکی نەوت، غاز و وزەی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی عێراق.
پڕۆژەی یەکەم تایبەت دەبێت بە ھەناردەکردنی نەوت لە رێگەی دەریاوە. لە پرۆژەی دووەمدا وەبەرھێنان لە کەرتی غازیی بەفیرۆچووی کێڵگە نەوتییەکاندا دەکرێت بە توانای 600 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
لە پڕۆژەی سێیەمدا پەرە بە کێڵگەی نەوتی ئەرتاوی لە پارێزگای بەسرە دەدرێت، بە جۆرێک بەرھەمھێنان لەو کێڵگەیەدا بۆ 210 ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.
پڕۆژەی چوارەم، تایبەت دەبێت بە دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆرەوە، بە توانای ھەزار میگاوات، بەمەش دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی وزە لە ناوچەکەدا.
دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، پرۆژەی پەرەپێدانی غازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی غازەکە و دانانی سەرچاوەی نوێی وزەی نوێبووەوە لە وڵاتەکەدا.
لەبارەی دەردانی گازی مەترسیدارەکانیشەوە، ئەمریکا دەڵێت، زۆر بە بەهێزییەوە پشتیوانی لە هەوڵەکانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی ئاسایشی وزەی وڵاتەکە سەلامەت بێت و دەردانی گازی مەترسیدار بۆ تەندروستی مرۆڤ کەمبێتەوە و ببێتە هۆی بەرەوپێشبردنی تەندروستییەکی باشتر بۆ عێراقییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرهەمهێنانی یەک گێگاوات کارەبا لەرێگەی تیشکی خۆرەوە، وڵاتەکە دەباتە قۆناغێکی نوێی بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە، بەمەش پشتبەستنی وڵاتەکە بە وزەیەک کە جێگەی متمانە نییە، کەمدەکاتەوە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاوڵاتییانی وڵاتەکە دەستەبەردەکات.
وەزارەتی دەرەوە پێی وایە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە ئاماژەیەکی گرنگ دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بازرگانیی کە دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی کە پێویستن بۆ رەخساندنی هەلی ئابوری بۆ سەرجەم عێراقییەکان.