چەند ساڵێکە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵیی عێراق لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە زیادیانکردووە، زۆرینەى بڕیارەکان کاردانەوەى فراوان و توندى بەرپرسانى باڵاى هەرێمیان لێکەوتووەتەوە و دانیان پێدا نەناون، زۆرجاریش بڕیارەکان بە دژایەتیکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان وەسفکراون، بەڵام بڕیارەکەى 30ى ئایارى رابردوو کە تایبەتبوو بە نادەستوورییبوونى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان، بەبێدەنگى پەسەندکرا و بەوەش بۆیەکەمجار هەرێمى کوردستان پابەندبوونى خۆى بە بڕیارێکى دادگاى فیدراڵییەوە نیشاندا.
دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق لەگەڵ ئەوەى 18 ساڵە پێکهێنراوە، بەڵام نزیکەى شەش ساڵە ناوى ئەم دادگایە زیاتر بەرگوێی هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دەکەوێت، بەوپێیەى لە پاش ریفراندۆمەکەى پایزى 2017ەوە بڕیارەکانى دادگاکە لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە زیادیانکردووە، لێرەدا گرنگترین ئەو بڕیارانە دەخەینەڕوو کە لەو ماوەیەدا لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە دەرچوون، بەڵام بەرپرسانى هەرێم دانیان پێدانەناون و رەتیان کردوونەتەوە.
ساڵى 2017 پاش ماوەیەکى کەم لە ئەنجامدانى ریفراندۆمى سەربەخۆیی لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە، دادگاى فیدراڵى بڕیاریدا بە نادەستوورییبوون و هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى ریفراندۆمەکە، بەڵام هەرێمى کوردستان پابەندبوونى خۆی بە بڕیارەکەوە نیشاننەدا، بەڵکو حکومەتى هەرێم بە بڕیارێک ئەنجامى ریفراندۆمەکەى “سڕکرد” نەک هەڵیبوەشێنێتەوە وەکو ئەوەى لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵییدا هاتبوو.
پێنج ساڵ دواتر، بڕیارێکى دیکەى دادگاى فیدراڵى لەبارەى هەرێمەوە وەکو بۆمبێکى گەورە تەقییەوە، کاتێک لە شوباتى 2022دا دادگاکە بڕیاریدا بە نادەستوورییبوونى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان، بڕیاریشیدا بە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتەکەى بە حکومەتى فیدراڵى. بەڵام ئەوکات بەرپرسانى هەرێم بە توندى دژى بڕیارەکە وەستانەوە و پێداگریی خۆیان لەسەر بەردەوامبوونى پرۆسەى دەرهێنان و فرۆشتنى نەوت دووپاتکردەوە. تائەوکاتەى بەگوێرەى بڕیارێکى دادگاى نێوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێم لە کۆتایی ئازارى ئەمساڵدا راگیرا.
هەر لە هەمان ساڵدا واتە لە 2022دا، دادگاى فیدراڵى بڕیاریدا بە پابەندکردنى حکومەتى هەرێم بە کارکردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو کە ساڵى 2014 لە پەرلەمانى عێراق دەرچووە، بەگوێرەى ئەم یاسایە کە ئێستا لە ناوچەکانى دیکەى عێراق جێبەجێدەکرێت، کەمترین موچەى خانەنشینى 400 هەزار دینارە، بەڵام حکومەتى هەرێم تائێستاشى لەگەڵدابێت پابەندى ئەم بڕیارەى دادگاى فیدراڵى نەبووە و تائێستاش کار بە یاسایەک دەکات کە لە ساڵى 2006 دەرچووە، بەگوێرەى ئەم یاسایە کەمترین موچەى خانەنشینى 220 هەزار دینارە.
سەرەتاى ئەمساڵى 2023 بڕیارێکى دیکەى دادگاى فیدراڵى بوو بە شۆکێکى گەورە بۆ هەرێمى کوردستان، کاتێک لە 25ى مانگى یەکدا دادگای فیدراڵی سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقى هەڵوەشاندەوە کە تایبەتبوون بە رەوانەکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، لەوکاتەدا بڕیارەکە بووەهۆى پەکخستنى ناردنى ئەو 400 ملیار دینارەى کە جاروبار رەوانەى هەرێمى کوردستان دەکرا. ئەم بڕیارەش دیسان توڕەیی و ناڕەزایی توندى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانى لێکەوتەوە، تەنانەت مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان لە کاردانەوەى ئەم بڕیارەدا، دادگاکەی بە “مەحکەمەی شۆڕش”ـی سەردەمی بەعس چوواند.
پاش چوار مانگ لەم بڕیارە، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارێکى دیکەى لەبارەى هەرێمى کوردستانەوە دەرکرد، ئەویش بڕیارەکەى 30ى ئایارى ئەمساڵبوو کە تایبەتبوو بە نادەستوورییبوونى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان، بەڵام بە پێچەوانەى جارەکانى دیکەوە، ئەمجارە بەرپرسانى هەرێم بڕیارەکەیان رەتنەکردەوە، بەڵکو بەبێدەنگى پێوەى پابەندبوون، لەکاتێکدا ئەو دادگایەى ئەم بڕیارەی دەرکردبوو هەمان ئەو دادگایەبوو کە بڕیارەکانى پێشووشى دەرکردبوو، تەنانەت ئەندامانى دادگاکەش هەمان دادوەربوون و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتبوو، هەر ئەمەشە کە وەکو رەخنەیەک لەم پرسەدا روبەڕوى بەرپرسانى هەرێم دەکرێتەوە.