ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەى لوتکەی جیهانی ناتۆ لە ڤیلنیەسی پایتەختی لیتوانیا بە بەشداری سەرۆکانى 31 وڵاتى ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە بەڕێوەدەچێت و بۆماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. سکرتێرى گشتى ناتۆ بە کۆبوونەوەیەکى مێژوویی وەسفى دەکات، ئەمەش دواى ئەوەى ئەرۆدۆغان رازی بوو سوید ببێتە ئەندامى رێکخراوەکە.
لە لوتکەی ئەمجارەی ناتۆ چەند تەوەرێک دەبنە باسی سەرەكی گفتوگۆی نێوان ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە، لەوانەش: شەڕی ئۆکراین، فراوانکردنی هاوپەیمانێتییەکە، بەهێزکردنی هاوپیەمانێتییەکە، پرسی ژینگە و پرسی ئاسایش هێڵەکانی ئینتەرنێت.
لەبارەی لوتکەکە، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ، کە ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە لەبارەی ئۆکراینەوە بڕیاری گرنگ دەدەن بۆ ناردنی چەندین پاکێجی هاوکاریی بۆ ئەو وڵاتە. سەرەڕای ئەوەش لە لوتکەکەدا پرسی بەئەندامبوونی ئۆکراین لە هاوپەیمانێتییەکەدا تاوتوێ دەکرێت کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
لەوبارەیەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە ئۆکراین ببێت بە ئەندام بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە لە ئێستادا لەگەڵ روسیا لەشەڕادایە و بەئەندامبوونی لە ناتۆ واتە هەڵگیرسانی شەڕی ناتۆ لەگەڵ روسیا.
پرسێکی دیکەی گرنگ، پرسی بەئەندامبوونی سویدە کە ماوەی ساڵێکە لەگەڵ فینلەندا بەهۆی مەترسییەکانی روسیاوە دوای بەئەندامبوونیان لە هاوپەیمانێتییەکەدا پێشکەشکرد، بەڵام تەنها فینلەندا توانی ببێت بە ئەندام و داواکاری سوید لەلایەن تورکیاوە بەردەوام رەتدەکرایەوە.
لە دوایین پێشهاتدا، شەوى رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا نەرمى نواند، وەک سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، ئەردۆغان رەزامەندی نیشانداوە و بەمنزیکانە پرسەکە دەنێرێتە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بەمەش سوید دەبێت بە 32ەمین ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە.
رەزامەندی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت، کە هەریەک لە سکرتێری گشتی ناتۆ و سەرۆکوەزیرانی سوید لەگەڵى کۆبوونەوە.
سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، پرسی ئاسایشی تورکیا بەتەواوی تاوتوێکراوە و سوید چەندین گۆڕانکاریی لە دەستور و یاساکانی وڵاتەکەیدا کردووە.
ماڵپەری ناتۆ لەزاری سکرتێری گشتییەوە بڵاویکردەوە، “سوید ئۆپراسیۆنە دژەتیرۆرییەکانی لە دژی پەکەکە چڕکردووەتەوە و لەو ماوەیەدا بەردەوامبووە لە ناردنی چەک بۆ تورکیا”.
ئاماژەی بەوەشکردوو ناتۆ لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی هاوپەیمانێتییەکەدا کەسێکی وەک نوێنەری هەماهەنگیی تایبەتی دژەتیرۆری هاوپەیمانێتییەکە راگەیاند.
ئەو گوتیشی، “بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ هەنگاوێکی مێژووییە کە سود بە ئاسایشی هەموو هاوپەیمانانی ناتۆ دەگەیەنێت لەم کاتە هەستیارەدا و هەموومان بەهێزتر و سەلامەتتر دەکات”.
ناتۆ یان (رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی) هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی و سەربازیی نێودەوڵەتییە، کە 31 وڵات تێیدا ئەندامن و لەساڵی 1949دا دامەزرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانەی یەکێتی سۆڤیەت لە سەردەمی جەنگی ساردا بۆ ئەمریکای باکور و ئەوروپا دروستیکردبوون. ئامانجی هاوپەیمانێتییەکە پاراستنی ئازادی و ئاسایشی وڵاتانی ئەندامە لەبواری سیاسی و سەربازی، ئەمەش مانای وایە هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی ئەندام، بە هێرشکردنە سەر تەواوی ناتۆ لە قەڵەمدەدرێت.