دوای پێنج رۆژ لە یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا لەگەڵ یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گروپە و فەرماندەکانی بە نهێنی کۆبووەتەوە و تاوتوێی یاخیبوونەکەیان کردووە، ئەوەش بە گوتەی وتەبێژی کۆشکی کرملین.
کۆبوونەوەکە سەرەتا لەلایەن رۆژنامەی لیبرەیشنی فەڕەنسی ئاشکراکرا، لە کۆبوونەوەکەدا ڤیکتۆر زۆلۆتۆڤ، سەرۆکی گاردی نیشتمانی و سێرگی ناریشکین، سەرۆکی هەواڵگریی روسیا بەشدار بوون.
بەپێی گوتەبێژی دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرملین کە ئەمڕۆ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، کۆبوونەوەکە رۆژی 29ی حوزەیرانی 2023، واتە پێنج رۆژ دوای یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر بووە کە گەورەترین مەترسی و ئاڵنگاریی بوو بۆ پۆتین لە یەکەم رۆژی هاتنەسەر دەسەڵاتی لە ساڵی 1999.
گوتەبێژی کرملین گوتی، پوتین هەریەکە لە پریگۆژین و 35 فەرماندەی سەربازیی ڤاگنەری بانگهێشت کردووە و کۆبوونەوەکە سێ کاتژمێری خایاندووە.
باسی لەوەشکرد، “تەنها شتێک کە دەتوانین بیڵێین ئەوەیە کە سەرۆک هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ یاخیبوونەکەی ڤاگنەر لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە ئۆکراین کرد و هەروەها هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ڕووداوەکانی 24ی حوزەیران (ڕۆژی یاخیبوونەکە) کرد.”
ئاماژەی بەوەشکرد، پوتین گوێی لە ڕوونکردنەوەکانی فەرماندەکان گرت سەبارەت بەوەی ڕوویداوە و بژاردەی بۆ دامەزراندن لە وەزارەتی بەرگریی و کەرتی سەربازی بۆ کردوون.
“فەرماندەکانیش روونکردنەوەی خۆیان لەبارەى رووداوەکان (یاخیبوونەکە) خستەڕوو، ئەوان جەختیانکردەوە کە لایەنگری سەرسەخت و سەربازی سەرۆکی دەوڵەت و فەرماندەی گشتی باڵان، هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن بەردەوام بن لە شەڕکردن بۆ نیشتمانی دایک،” گوتەبێژەکەی کرملین وای گوت.
رۆژی 24ی حوزەیرانی 2023، گروپی چەکداری ڤاگنەر بە سەرۆکایەتی پریگۆژین یاخیبوونی دژی بەرپرسانی وەزاەرتی بەرگریی راگەیاند و شاری ڕۆستۆڤی لە باشووری وڵاتەکە و بینایەکی بارەگای سەربازییان کۆنترۆڵکرد، دوای 24 کاتژمێر و بە نێوەندگیری ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا یاخیبوونەکە پووچەڵکرایەوە.
پریگۆژین لەوکاتەدا جەختیکردەوە کە ئامانجی یاخیبوونەکە لابردنی حکومەت نییە بەڵکو بریتییە لە دژی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگرییە و دەیەوێت “بیانباتە بەردەم دادگەری.”
بەڵام پوتین تا ئێستاش سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری و ڤالێری جیراسیمۆڤی، سەرۆکئەرکانی سوپای لە شوێنی خۆیان هێشتووەتەوە و داواکەی پریگۆژینی ڕەتکردووەتەوە بۆ دوورخستنەوەیان.
بەپێی مەرجەکانی ئەو گرێبەستەی کە کۆتایی بە یاخیبوونەکە هێنا، بڕیار بوو پریگۆژین بەرەو بێلاڕوس بڕوات و لەوێ بمێنێتەوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی بیلاڕوس ڕایگەیاند کە پریگۆژین گەڕاوەتەوە ڕوسیا و چەکدارانی ڤاگنەریش هێشتا نەگوازراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش پرسیاری لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دروستکرد.