بەگوێرەی راپرسیەک 78.5%ی لایەنگرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) داوا دەکەن، گۆڕانکاری لە پارتەکەیاندا بکرێت و 53%ی لایەنگرانی حزبەکەش پێیان باشە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
سەرنەکەوتنی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا، وایکرد داواکاری گۆڕینی کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتەکە و دەستەی ناوەندی پارتەکە زیاد بکات و پێشەنگایەتی ئەو رەوتەش لەلایەن ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵەوە دەکرێت.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاکسۆی، کە کار لە بواری راپرسی، ئامار و لێکۆڵینەوەکاندا دەکات، راپرسیەکی لەبارەی ئاستی داواکاری گۆڕانکاری لەنێو لایەنگرانی جەهەپەدا ئەنجامدا. ناوەندەکە لە رێگەی تەلەفونەوە، پەیوەندی بە هەزار و 69 لایەنگری پارتەکەوە کردووە و پرسیاریان لێکراوە کە پرسی گۆڕانکاری لەنێو جەهەپەدا چۆن دەبینن؟
بەگوێرەی راپرسیەکە، 78.5%ی بەشداربووان لەگەڵ ئەوەدان گۆڕانکاری لەنێو جەهەپەدا بکرێت و 21.5%ی بەشداربووانیش لەدژی پرۆسەکەن.
پرسیار لە لایەنگرانى جەهەپە کراوە دەتانەوێت کێ ببێتە سەرۆکی پارتەکە، وەڵامەکەى بەمشێوەیە بووە: 38.5% ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ، 22.7% کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی ئێستا، 8.4% مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنقەرە، 8.2% ئوزگور ئوزەل پەرلەمانتاری جەهەپە و بەشەکەی دیکەش کەسایەتی دیکەیان هەڵبژاردووە.
لە راپرسیەکەدا 79%ی بەشداربووان، پێیان وایە ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کاندید بکاتەوە، جارێکی دیکە سەردەکەوێتەوە.
هەروەها لە راپرسیەکەدا، 67.7%ی بەشداربووان پێیان وایە جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا سەرکەوتنیکی بەرچاو بەدەست دەهێنێت و 57.5%ی بەشداربووانیش پێیان وایە، جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی داهاتوودا، یەکەم دەبێت.