حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ئیمزاکردنی چوار گرێبەستی تایبەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان، پەرەپێدان و گەشەپێدان بە کەرتەکانی نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسیدا راگەیاند.
حەییان لە میانی رێورەسمی ئیمزاکردنی گرێبەستەکاندا گوتی، چوار پرۆژەی گرنگ لە کەرتەکانی نەوت و غازدا جێبەجێ دەکرێن کە پڕۆژەی یەکەم تایبەت دەبێت بە بەکارھێنانی دەریا بۆ ھەناردەکردنی نەوت و لەچوارچێوەی پرۆژەی دووەمدا، وەبەرھێنان لە غازی ھاوەڵ دەکرێت بە توانای 600 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
پڕۆژەی سێیەم، بە گوتەی حەییان عەبدولغەنی، پەرەپێدانە لە کێڵگەی نەوتی ئەرتاوی لە پارێزگای بەسرە، بە جۆرێک بەرھەمھێنان لەو کێڵگەیە بۆ 210 ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت.
باسی لەوەیش کرد کە پڕۆژەی چوارەم، تایبەت دەبێت بە دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا لەڕێگای تیشکی خۆرەوە بە توانای ھەزار میگاوات کە دەبێت بە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی وزە لە ناوچەکە.
ھەرچەندە حەییان ئاماژەی بە بەھای گرێبەستەکان نەدا، بەڵام لە میدیاکاندا ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە بەھای ئەو چوار گرێبەستە کە لەنێوان عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسیدا ئیمزا کراون، 27 ملیار دۆلارە.