جۆبایدنی سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە دوێنێ یەکشەممە بڵاوکرایەوە، ئۆکراینی لە خواستەکەی بێ هیواکرد ، کە دەیویست ببێت بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ. بایدن رایگەیاند دەبێت سەرەتا شەڕی روسیا و ئۆکراین کۆتایی پێبێت پاشان ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند هیچ رێککەوتنێک لەناو ناتۆدا بوونی نییە کە ئاماژە بەوکاتە بکات کە رێگە بە ئۆکراین بدرێت ببێت بە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە. ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک کێشەی دیکە هەن کە رێگردن لەوەی ئۆکران نەبێت بە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە، یەکێک لەو کێشانەش، پرسی دیموکراسییە لە وڵاتەکەدا.
بایدن رایگەیاند کە پێی وانییە یەکدەنگی لەناو ناتۆدا هەبێت بۆ ئەوەی ئۆکراین ببێت بە ئەندام، چونکە ئەگەر ئەوە روبدات، ئەوکات ناتۆ دەبێت پابەند بێت بە پاراستن و بەرگریکردن لە هەر بستێکی خاکەکەی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراین لە جەنگدایە لەگەڵ روسیا، ئەگەر ببێت بە ئەندام ئەوکات ناتۆ روبەڕووی جەنگ دەبێتەوە لەگەڵ روسیادا، هەربۆیە بایدن پێی وایە دەبێت شەڕی روسیا کۆتایی بێت ئینجا بڕیار لەبارەی بەئەندامبوونی ئۆکراین لە ناتۆ بدرێت.
بەڵام لە بارەی هاوکارییەکانەوە، بایدن بەڵێنیدا کە پابەند دەبێت بە ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراین، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا پێشتر 100 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری داوە بە ئۆکراین.
لەدوای لەشکركێشییەکەی روسیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین بۆ ماوەی چەندین مانگە خەریکی دروستکردنی لۆبییەکە بۆ ئەوەی وڵاتەکەی ببێت ئەندام لە ناتۆ و هاوپەیمانێتییەکە ببێت بە فریادڕەسی وڵاتەکەی لە جەنگی دژی روسیادا.
هەرچەندە سکرتێری گشتی ناتۆ، جێنس ستۆلتێنبێرگ، زۆر بەڕوونی لەگەڵ ئەوەدایە ئۆکراین ببێت بە ئەندامی ناتۆ، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ ئەوەی ئەوپرسە خێراتر بکات.
ناتۆ یان (رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی) هاوپەیمانێتییەکی سیاسیی و سەربازیی نێودەوڵەتییە کە 31 وڵات تیایدا ئەندامن و لەساڵی 1949دا دامەزرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانەی یەکێتی سۆڤیەت لە سەردەمی جەنگی ساردا بۆ ئەمریکای باکور و ئەوروپا دروستیکردبوون. ئامانجی هاوپەیمانێتییەکە پاراستنی ئازادی و ئاسایشی وڵاتانی ئەندامە لەبواری سیاسی و سەربازی، ئەمەش مانای وایە هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی ئەندام، بە هێرشکردنە سەر تەواوی ناتۆ لە قەڵەمدەدرێت.
بەوهۆیەوە، لەدوای دەستپێکردنی لەشکرکێشی روسیا و هەڕەشەکانی بۆسەر ئۆکراین خواست لەسەر بەئەندامبوونی هاوپەیمانێتییەکە زیادیکرد و هەریەک لە فینلەندا و سوید ساڵی رابرد داواکارییان پێشکەشکرد بۆ ئەوەی ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە. سەرەنجام، فینلەندا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بوو بە 31ەمین ئەندامی ناتۆ. بەڵام بەهۆی ناڕەزایی تورکیا، کە ئەندامی ناتۆیە، سوید تا ئێستاش نەیتوانییوە ببێت بە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە. بیانووی تورکیا بۆ رێگریی لە سوید پارەدارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و رێگەپێدانی چالاکییەکانیەتی لە ناو وڵاتەکەیدا.