لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا کەناڵی BBC بەریتانی تووشی دۆخێکی شەرمهێنەر بووەتەوە پش ئەوەی دەرکەوت پێشکەشکارێکی بەناوبانگی کەناڵەکە داوای لە هەرزەکارێک کردووە وێنەی رووتی خۆی بۆ بنێرێت و لەبەرامبەر ئەم کارەشدا بە هەزاران پاوەنی بۆ ناردووە.
بۆ یەکەمجار هەواڵەکە لە رۆژنامەی The Sunی بەریتانی بڵاوکرایەوە و هەرزوو کاردانەوەی میدیا جیهانییەکانی لێکەوتەوە بەشێوەیەک کە خودی کەناڵی BBC نەیتوانی خۆی لەم بابەتە بێدەنگ بکات، هەربۆیە راپۆرتێکی لەبارەی ئابروچوونەکەوە بڵاوکردووەتەوە.
چیرۆکەکە لە 19ی مانگی ئایارەوە دەستپێدەکات کاتێک دایکی ئەو هەرزەکارە، کە رەگەزەکەی تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، سکاڵای خۆی گەیاندووەتە کەناڵەکە کە پێشکەشکارێکی پیاوی بەناوبانگیان پارەیەکی زۆری داوە بە منداڵە 17 ساڵانەکەی بۆ ئەوەی وێنەی رووتی خۆی بۆ بنێرێت و نمایشی بۆ بکات، لە ئێستادا منداڵەکە تەمەنی گەیشتووەتە 20 ساڵ و لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی ئاڵودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر هەرزەکارەکە بە داواکانی پێشکەشکارەکە رازیبووە.
بەگوێرەی وتەکانی دایکی کە بۆ رۆژنامەکە دواوە، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی کەناڵەکە هێشتا پێشکەشکارەکە لەسەر شاشە دەردەکەوێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ملیۆنان کەس ئەو پێشکەشکارە دەناسن. لەبارەی ئەو پرسەوە کەناڵی BBC دەڵێت وتەکانی دایکی ئەو منداڵە بە جددیی وەردەگرین و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بەردەوامە.
بەپێی راپۆرتە تایبەتییەکەی رۆژنامەکە، پێشکەشکارەکە لەماوەی پەیوەندییەکی سێ ساڵیدا لەگەڵ ئەو هەرزەکارە بڕی 35 هەزار پاوەنی بۆ منداڵەکە ناردووە کە بە گوتەی دایکی بووەتە هۆکاری لە خشتەبردنی منداڵەکەی و سەرجەم پارەکانی لە ماددەی هۆشبەری کۆکایندا خەرجکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر ناردنی پارەی ئەو پێشکەشکارە بۆ منداڵەکەیان بەردەوامبووایە، ئێستا منداڵەکەی مردبوو.
دوا بەدوای هەواڵەکە چەندین پێشکەشکاری بەناوبانگی کەناڵەکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بێبەریبوونی خۆیان لە ئابڕوچوونەکە راگەیاند، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی خێزانی ئەو هەرزەکارەیە ئەوەیە کە تا ئێستا پێشکەشکارەکە لەسەر شاشە دەبینرێت، BBCیش لەوبارەیەوە دەڵێت لە لێکۆڵینەوەدان.
ئەوەی کە لە ئێستادا خێزانی هەرزەکارەکە داوای دەکەن ئەوەی ئەو پێشکەشکارە لە کارەکەی بوەستێنرێت و چیتر نەیەتەوە سەرشاشەی کەناڵەکە، چونکە بە گوتەی بنەماڵەکە، منداڵەکەیان یەکێک بووە لە خوێندکارە زیرەکەکان، بەڵام بەهۆی ئەو پێشکەشکارەوە منداڵەکەیان رەوشت و رەفتاری بەتەواوی تێکچووە و ژیانیان بووە بە “دۆزەخ.”