لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان هانی حکومەتی عێراق دەدەن لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە داوا لە لایەنی ئەمریکی بکات باجی دارایی سەر ئەو پارەیە هەڵبگرێت کە عێراق دەیداتە ئێران لە بەرامبەر هاوردەکردنی غاز بۆ کارکردن بە وێستگەی کارەباییەکانی بە تایبەت لە گەرمای تاقەتپڕوکێنی هاویندا.
بەهۆی سزا ئابورییەکانی واشنتن لەسەر تاران، بەغداد ناتوانێت راستەوخۆ پارەی هاوردەکردنی غازی ئێرانی بدات، بەڵکو پێویستە تاران لە بەرامبەر ئەو پارەیەدا خواردن و بابەتی تەندروستی لە عێراق بکڕێتەوە، ئەوەش میکانیزمێکی ئاڵۆز و کاتێکی زۆری دەوێت.
زۆرجاریش بۆئەوەی فشار لە بەغداد بکات تاوەکو پارەی کاشی پێ بدات، تاران غازی پێویست بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دابینکردنی یەک لەسەر سێی پێداویستییەکانی غازی عێراق دەبڕێت و قەیرانێکی گەورەی کارەبا لە وەرزی هاویندا دروست دەکات.
ئەمڕۆ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لایەنە نزیک و هاوپەیمانەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەیاندا دەڵێن، وڵات تووشی قەیران بووەتەوە بەهۆی کەمی دابینکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا بە تایبەت لە هاوینی سەخت و گەرمدا، ئەوەش بارگرانی لەسەر هاوڵاتی عێراقی دروست دەکات.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەکات “حکومەتی عێراق لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە پەیوەندی بە لایەنی ئەمریکی بکات بۆئەوەی بە خێرایی باجی سەر شایستە داراییەکانی پەیوەست بە هاوردەکردنی غازی ئێرانی هەڵبگرێت و چیتر ئەو پرسە وەک کارتێکی سیاسی بەکارنەهێنرێت چونکە کاردانەوەی خراپی بەسەر هاوڵاتیانی عێراقییەوە هەیە.”
لە کۆتاییەکانی حوزەیرانی رابردوو، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت کە وەزارەتەکەی سەرجەم شایستە داراییەکانی هاوردەکردنی غازی ئێرانی داوە کە بڕەکەی 11 ملیار دۆلار بوو.”
ڕوونیشیکردەوە کە “ئەو پارەی کە دەدرێتە لایەنی ئێرانی لەڕێگەی سندوقی متمانە لە بانکی بازرگانی عێراقییەوە خەرج دەکرێت”.
بەهۆی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، پێویستە عێراق ئەو پارەیە بە لێخۆشبوونێکی ئەمریکی بۆ ئێران بنێرێت، رۆژی 13ی حوزەیرانی رابردوو، ئەمریکا جەختیکردەوە کە رێگەی داوە بە پێدانی ئەو پارەیە، بەبێ ئەوەی باس لە بڕەکەی بکات.
ماسیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەی هەفتانەی خۆیدا گوتی، “ڕێککەوتووین لەسەر گواستنەوەی دارایی لە هاوشێوەی ئەو گواستنەوە داراییانەی پێشتر پەسەندکرابوون، بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئێران بدرێت دەستی بەو پارانە بگات کە لە هەژمارەکانی عێراقدا ڕاگیراون”.
چوارچێوەی هەماهەنگی ئۆباڵی خراپی دۆخی کارەبای خستووەتە گەردنی ئەمریکا، لە راگەیەنراوەکەیدا هیچ رێگەچارەیەکی تری بۆ حکومەتی عێراق پێشنیازنەکردووە تاوەکو بە شێوەیەکی بنجبڕ کێشەی کارەبا چارەسەربکات، بە تایبەت پرسی بەرهەمهێنانی غازی نیشتمانی کە عێراق خاوەنی یەدەکێگی زۆر و بودجەیەکی زەبەلاحە.
بابەتی غاز و کارەبا بابەتێکی هەستیارە بۆ عێراق، چونکە لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە و کارەباش رۆژانە دەبڕێت، ئەوەش توڕەیی خەڵکی لێدەکەوێت و زۆرجار لە شار و شارۆچکەکان خۆپیشاندان دەکرێت و ئۆباڵی ئەوەش دەخرێتەسەر بوونی ناکۆکی سیاسی و گەندەڵی زۆر لە عێراق.
کابینەکەی سودانی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی ئێرانی، دەیەوێت سەرچاوەیەکی غاز زیاتر بکات، بە تایبەت هاوردەکردنی لە وڵاتانی کەنداوی وەک قەتەر، هەروەها لەڕێگەی بەکارهێنان و کۆکردنەوەی غازی بەفیڕۆدراوی کێڵگەکانی نەوت کە بەبێ سوودوەرگرتن ساڵانە بایی چوار ملیار دۆلار دەسوتێت و سەرچاوەیەکی سەرەکی پیسبوونی ژینگەیە.