لە تورکیا و باکوری کوردستان لەلایەک موچەی کارمەند و خانەنشینان زیاد دەکرێت و لەلایەکی دیکەوە نرخی لیرە بەرامبەر دراوە بیانیەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر دادەبەزێت، باجی سەر خواردن و کەلپەلی رۆژانە و رێژەی هەڵاوسانیش بەرز دەبێتەوە.
پرسی ئابوری لە ئیستادا بووەتە رۆژەڤی سەرەکی تورکیا و حکومەت هەوڵ دەدات دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات و ئۆپۆزسیۆنیش باس لە شکستێکی گەورەی حکومەت دەکات.
محەمەد شیمشەک وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بینی هاوڵاتییانیان ساڕێژکردووە و نووسیویەتی: “چاوەڕوانین ئەمساڵ خەرجییەکانی تایبەت بە بوومەلەرزە بگاتە 761.7 ملیار لیرە، لەم چوارچێوەیەدا دەستکراوە بە بنیاتنانی 179 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون. پلان وایە لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا، 319 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون رادەستی خاوەنەکانیان بکەین”.
محەمەد شیمشەک باسی لەوەیش کردووە کە لە ساڵی 2023دا، پێشکەوتنی گرنگیان ئەنجامداوە کە کاریگەری لەسەر 15.9 ملیۆن خانەنشین و 4.9 ملیۆن فەرمانبەر هەیە و رایگەیاندووە: “بە زیادکردنی مووچەکانیان ئاستی خۆشگوزەرانیی فەرمانبەران و خانەنشینانمان بەرزکردووەتەوە بۆ سەرووی رێژەی هەڵئاوسان. لە کۆتایی 2022دا کەمترین مووچەی فەرمانبەرمان بەڕێژەی سەدا ٪141.8 و کەمترین مووچەی خانەنشینمان سەدا 114.3٪ زیاد کراوە و گوتی، ” لە قۆناغی داهاتوودا، بە کۆنترۆڵکردنی کورتهێنانی بودجە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دیسپلینی دارایی، رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر و رێگە بە پاشەکشەکردنی پێوەرەکانی دارایی گشتیی نادەین، بۆ ئەوەیش رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر. بە بەهێزکردنی هاوئاهەنگی نێوان سیاسەتی دراو و سیاسەتی دارایی پشتیوانی لە بانکی ناوەندیی دەکەین بۆبەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان.”
لەلایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لە سەردانێکدا بۆ شاری بایبورت، لهبارهی ههڵاوساون له وڵاتهكهی رایگەیاند، بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان، بێگومان رێگە بە تەماحکار و دەرفەتخوازان نادەن.
ئەردۆغان گوتی: “رێژەی 25٪ بۆ مووچەکانی خانەنشینان زیاد دەکەین. بەڵێنەکەمان دەبەینە سەر کە گوتمان رێگە نادەین خانەنشینانمان بەهۆی زیادبوونی هەڵئاوسانەوە زیانیان پێ بگات”.
هەرچەندە ئەردۆغان و شیمشەک رایانگەیاندووە کە رێژەی هەڵاوسان کەم دەکەنەوە و موچەش زیاد دەکەن بەڵام، رۆژ بە رۆژ نرخی کەلوپەل و خواردەمەنی رۆژانە زیاد دەبێت. لە ماوەی حەفتەی رابردوودا، کرێی هاتوچۆ، نان، سوتەمەنی، کەلوپەلی کارەبایی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەر لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 19.60 لیرە بوو، بەڵام حەوتی تەمووز دۆلارێک گەیشتە 26.19 لیرە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی ئامارەکانی تورکیا کە سەر بە حکومەتە، رێژەی هەڵاوسان لە شەش مانگی رابردوودا، 19.77٪ زیادی کردووە، بەڵام بەگوێری ئاماری گروپی لێکۆڵینەوەی تورکیا کە گروپێکی سەربەخۆیە، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا رێژەی هەڵاوسان 50.53٪ زیادی کردووە.
کلچدارئۆغلۆ: بە کەوچک دەدەن و بە دەمە شۆفڵ وەردەگرن
کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە لە هەڵبژاردنەکاندا رکابەری سەرسەختی ئەردۆغان بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا لە بارەی دۆخی ئابوری تورکیا قسەی کرد.
کلچدارئۆغلۆ کە بەر لە هەڵبژاردنەکانیش رەخنەی زۆری لە سیاسەتی ئابوری حکومەتەکەی ئەردۆغان دەگرت، رایگەیاند، سیاسەتی ئابوری حکومەت، سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنە. لەلایەک دەڵێن، موچەمان زیاد کرد، بەڵام لەلایەکی دیکەوە نرخی نان و ئاویش زیاد دەکەن. واتە ‘بە کەوچک دەدەن و بە دەمە شۆفڵ وەردەگرن’.