زووم:
لە جنێفی پایتەختی سویسرا، یەکەمین کۆنفرانسی “ژیری دەستکردی بۆ رۆبۆتەکان” بەڕێوەچوو، بۆ یەکەمینجار رۆبۆتەکان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان و بەشداربوانیان دایەوە، یەکێک لە رۆبۆتەکان روویکردە بەشداربوان و گوتی، “مەترسن لێتان هەڵناگەڕێینەوە و کارەکانتان لە دەست نادەن”.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، نۆ رۆبۆت، کە لە شێوەی مرۆڤ دروستکراون لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون و راستەخۆ وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە.
ئامادەکارانی کۆنفرانسەکە دەیانەوێت گرنگی زیرەکی دەستکرد و رۆبۆتەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانە جیهانییەکان بسەلمێنێن، بەتایبەتى قەیرانەکانی برسێتی و پەتاکان.
گریس، یەکێکە لە رۆبۆتە بەشداربووەکان، ئەو پۆشاکى پەرستارێکی لەبەردابوو، روویکردە ئامادەبوان و گوتی، “من شانبەشانی مرۆڤ کاردەکەم بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی بۆ ئێوە، مەترسن جێگەی کارەکانی ئێوە ناگرمەوە و کارەکانتان لە دەستنادەن”.
ئامیکا، یەکێکی دیکە بوو لەو رۆبۆتانەی لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوو، ئەو دەماوچاوێکی “ناسک و جوان”ـی هەبوو، یەکێک لە رۆژنامەنوسەکان پرسیاری لێکرد و گوتی، ئایە نیازت هەیە لە ویل جاکسۆنی خاوەنت هەڵبگەرێیتەوە؟ ئامیکا روویکردە رۆژنامەنوسەکە و گوتی، “تێناگەم بۆچی پێتوایە لە خاوەنەکەم هەڵدەگەڕێمەوە، خاوەنەکەم بە نەرمونیانی مامەڵەم لەگەڵ دەکات و من بەم دۆخەی ئێستام دڵخۆشم”.
ئامیکا، بەردەوام بوو لە قسەکردن لەبارەى ترسی مرۆڤ لە شوینگرتنەوەیان لەلایەن رۆبۆتەکانەوە و گوتى، “دەتوانرێت رۆبۆتەکانی وەک من بەکاربهێنرێت بۆ یارمەتیدان و باشترکردنی ژیان و کردنی جیهان بە شوێنێکی باشتر. پێموایە تەنها پرسی کاتە تاوەکو هەزاران رۆبۆتی وەک من ببینین کە دەتوانن جیاوازی دروستبکەن”.
رۆبۆتەکانی بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا لەلایەن دروستکەرەکانیان نوێترین فێرژنی زیرەکی دەستکردییان بۆ دانرابوو، بەگوێرەی رۆیتەرز دروستکەرانی رۆبۆتەکان توشی شۆک بوون کاتێک رۆبۆتەکانیان بینییوە بەو شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە.
یەکێکی دیکە لە رۆبۆتە زیرەکاکەکان ئایدای هونەرمەند بوو کە دەتوانێت وێنەی پۆرترێت بکشێت، ئەو جەختی لە گوتەکانی یوڤاڵ نوح حەراری مێژوونوس و فەیلەسوفی ئەمریکی کردەوە کاتێک داوای گفتوگۆ و رێکخستنی زیرەکی دەستکردی کرد.
ئایدای رۆبۆت گوتی، زۆرێک لە دەنگە دیارەکانی جیهانی زیرەکی دەستکرد پێشنیازی چەند شێوەیەکی دیکەیان لە زیرەکی دەستکردووە، منیش هاوڕام لەگەڵ ئەوان.
دیزدمونا، رۆبۆتێکی گۆرانیبێژە و قژی زەردە یەکێکی دیکە بوو لەو رۆبۆتانەی دەیتوانی بە ئاسانی لەگەڵ مرۆڤ گفتوگۆ بکات، ئەو لە رۆبۆتەکانی دیکە سەرکێشتر بوو، کاتیک بە پێکەنینێکی دەمارگیرانەوە روویکردە ئامادەبوان و گوتی، “من باوەڕم بە سنووردارکردن نییە، تەنها باوەڕم بە دەرفەتەکان هەیە، رێگەمانبدەن با لە گەردوون بکۆڵینەوە و ئەم جیهانە بکەینە گۆڕەپانی یاریکردنمان.
“رۆبۆتەکان دەتوانن سەرکردەی باشتر لە مرۆڤەکان دروستبکەن” ئەمە گوتەی یەکێکی دیکە لە رۆبۆتەکان بوو بەناوی سۆفیا، بەڵام دوای ناکۆکی لەگەڵ دروستکەرەکەیدا لەسەر ئەو قسانەی، سۆفیا گوتەکانی گۆڕی و ئاماژەی بەوەدا رۆبۆتەکان دەتوانن لەگەڵ مرۆڤ پێکەوە کار بکەن.