زووم:
ڤایرۆسی کریمیا-کۆنگۆی تای خوێنبەربوون، کە لە بنەڕەتدا لە ناوچە گەرمەکانی گۆی زەویدا چالاکە، دەبێتە مەترسییەکی تازە لە وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا. ئەمەش لە کاتێکدایە پلەکانی گەرما ماوەی چەند ساڵێکە لەو وڵاتانەدا بەرەو بەرزبوونەوە دەچن.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە کیشوەری ئەوروپا، ناوچەکە دەکاتە ناوەندێکی لەبار بۆ ئەو زیندەوەرە بچوکەی کە لەشێوەی ئەسپێدایە و ڤایرۆسەکە دەگوازێتەوە، کە ڤایرۆسێکی کوشندەیە و لە دۆخی سەختیدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسی توشبوو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی یورۆنیوزی ئەوروپی، نەخۆشییەکە لە وڵاتانی بەڵقان، ئەفریقا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوە دەگرێت، رەنگە بەمنزیکانە بگاتە ئەوروپا، بەوپێیەی بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما مێرووەکان بەرەو باکوری کیشوەری ئەوروپا کۆچدەکەن.
زانایان هۆشدارییان لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە داوە، کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە WHO، لە لیستی نۆ نەخۆشییە لەپێشینیەییەکانی جیهاندا ئاماژەی پێکردووە، کە مەترسی جددین لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی.
ئەوەی زانایانی بواری پزیشکی هۆشدارییان لەبارەوە داوە، باس لە داهاتوویەکی دیاریکراو ناکات لەبارەی گەیشتنی نەخۆشییەکە بە ئەوروپا، بەڵکو باس لەوە دەکەن نەخۆشییەکە لە ئێستادا لە ئەوروپا بوونی هەیە و لەساڵی رابردوودا ئیسپانیا حاڵەتێکی نەخۆشییەکەی تۆمارکردبوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵانی 2011 و 2016 نەخۆشییەکە لەهەمان وڵاتدا بەدیکراوە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2016دا پیاوێک دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتی نەخۆشییەکەی کە تای خوێنبەربوون بوو، بە نەخۆشییەکە گیانی لەدەستدا.
عەلی میرازیمی، زانای بواری ڤایرۆس لە پەیمانگای کارۆلینسکا لە سوید، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا رایگەیاند، بەهۆی بەربوونەوەی پلەکانی گەرما و هاوینی وشک و دورودرێژەوە ئەو مێرووانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن بەرەو ئەوروپا دەڕۆن.
لەمدواییانەدا ڤایرۆسەکە لە عێراق و نامیبیا بەدیکراوە و لە پاکستانیش دوو کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. ساڵی رابردوو لە عێراقدا 212 حاڵەت تۆمارکران و ئەمساڵیش نزیکەى 150 حاڵەت تاوەکو ئێستا لە عێراق و هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە.
ڤایرۆسی کریمیا-کۆنگۆی تای خوێنبەربوون چییە؟
ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لەساڵی 1944 لە دورگەی کریمیا لە ئۆکراین تۆمارکرا، هەر بەو شوێنەشەوە ناونراوە. ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی تای خوێنەبەربوون و نیشانەکانی وەک، تای بەرز، سەرئێشە، ئازاری پشت و جومگەکان، ئازاری گەدە و رشانەوە. رێژەی مردنیش لەنێو کەسانی توشبوودا 10% بۆ 40% کەسە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەندێک ئاژەڵی وەک گوێرەکە، مەڕ و بزن هۆکارێک بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە. ئەگەر بەرکەوتنی راسەوخۆ لەگەڵ گۆشت و خوێنی ئاژەڵی هەڵگردا دروست ببێت، مێروەکە لەڕێگەی گازگرتنەوە ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دەگوازێتەوە. هەربۆیە زۆربەی حاڵەتەکان لە جیهاندا بۆ قەسابخانە و کوشتارگەکان دەگەڕێنەوە.
نەخۆشییەکە لەرێگەی بەرکەوتنی خوێن و شلەمەنییەوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە. کەسی توشبوو لەنێوان سێ بۆ نۆ رۆژ نەخۆشییەکە تێدەپەڕێنێت، ئەگەریش دۆخی نەخۆشەکە لەو ماوەیەدا باشتر نەبوو ئەوا لە هەفتەی دووەمدا گیان لەدەستدەدات.
نەخۆشەکە هیچ ڤاکسینیێکی گشتگیری جیهانیی نییە، بەڵام چارەسەر بۆ کەسی توشبوو هەیه کە دەرمانی دژەڤایرۆسی ریباڤیرینە.