“رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بەر بە بەربەستی بەئامانجگرتنی پێکهاتەکان دەکەوێت” ئەمە یەکێکە لە مانشێتەکانی ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەندەنی.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، رایگەیاندبوو کۆمەڵێک گەندەڵکاران چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجەن بۆ دەستبردنی بۆ داهاتی گشتی، هاوکات لەگەڵ ئەم قسانە دەستەی دەستپاکی عێراق رێکارەکانی توندکردەوە دژ بە گەندەڵی، رێکارەکان سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام وەک رۆژنامەکە نوسیویەتى، پێکهاتە و مەزهەب بوونەتە بەربەست لەبەردەم رێکارەکان.
لە دواین پێشهاتدا دەستەی دەستپاکی عێراق، بەڕێوەبەری خانەنشینی ئەنبار و بەرپرسی دەستەی دەستپاکی ئەو پارێزگایەی دەستگیرکرد، لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی چەندین ئوتومبێل و ملیۆنان دۆلار، کە نەیارەکانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانى عێراق دەڵێن، ئەو بەرپرسانەی ئەنبار لەلایەن حەلبوسی پارێزراون، ئەمە لە کاتێکدا حزبی تەقەدوم، بە سەرکردایەتی حەلبوسی دەنگی زۆرینەی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 2021.
ململانێ و بەرکەوتن
پارێزگای ئەنبار بەوە ناسراوە تەواوی پارێزگاکە لە پێکهاتەی سونەی عەرەبن، لایەنە سیاسییە پشتیوانەکانی حەلبوسی دەڵێن، ئێمە پشتیوانی هەنگاوەکانی حکومەتین، بەڵام ئەم رێکارانەی پارێزگای ئەنبار جیاکاری تێداکراوە.
هاوپەیمانی یەکگرتووی ئەنبار، کە هێشتا لەسەر سەرکردەیەک رێکنەکەوتوون، بەڵام زۆرێک لە لایەنەکان لەگەڵ سەرکردایەتی رافع عیساوین، وەزیری دارایی پێشووى عێراق، ئەم هاوپەیمانێتییە پشتگیری هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن و دەڵێن، گەندەڵکارانی ئەنبار لەلایەن حەلبوسی پاڵپشتی دەکرێن.
پشتیوانەکانی حەلبوسی دەڵێن، ژمارەیەک کەسی “بێگانە” هاتوونەتە نێو پارێزگاکە کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری پارێزگاکە دەدەن.
مەبەستی پشتیوانەکانی حەلبوسی، هاتنی سەدان شوێنکەوتووی تەریقەتی کەسنەزانین لە سلێمانییەوە بۆ ئەنبار بەمەبەستی خۆپیشاندان دژ بە گەندەڵکاران.
بەرگریکاران لە حەلبوسی دەڵێن، “ئەمە دەستێوەردانێکی قبوڵنەکراوە لەلایەن لایەنێکی دەرەوەی ئەنبار، کە تەنانەت زمانی عەرەبی نازانن” بەڵام ناوی ئەو لایەنەیان نەهێناوە.
دەستەی دەستپاکی بەرگری لە خۆی دەکات
دەستەی دەستپاکی عێراق، دوێنێ هەینی، 7ی تەموزی 2023 رایگەیاند، “ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، کە دەگوترێت دەستەی دەستپاکی پارێزگای ئەنباری بە ئامانج گرتووە”.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، لە بەسرە و میسانیش گەورە بەرپرسان دەستگیرکراون، سەرۆکی وەبەرهێنانی زیقاریش دەستگیرکراوە، بەهۆی زیانگەیاندنی بە داهاتی گشتی، بەڕێوەبەرانی پێشووی شارەوانی و تەندروستی بابلیش دەستگیرکراون، بەرێوەبەری بانکی دیوانیەش دەستگیرکراوە، رێکارەکان لە بەغداد و سەماوە و پارێزگاکانی دیکەش وەک یەکن.