جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا پشتویانى لە “بڕیارێکى زۆر قورس” دەکات، ئەویش ناردنى بۆمبی هێشووییە بۆ ئۆکراین، ئەم بۆمبە پێشینەى لە کوشتنى هاوڵاتیانى مەدەنیدا هەیە، بۆیە روبەڕوى رەخنەى بەشێکى دیموکراتەکان و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ بووەتەوە.
ماوەی هەفتەیەکە پرسی پێدانی بۆمبی ئەتۆمی بە ئۆکراین لەلایەن ئەمریکاوە، بووەتە بابەتی گەرمی میدیا جیهانییەکان، ئەمەش دوای ئەوە هات کە کۆتایی مانگی رابردوو ماڵپەری سی ئێن ئێنی ئەمریکی، لەزاری چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، ئیدارەی بایدن بەنیازە بەمنزیکانە رەزامەندی لەسەر ناردنى ئەو جۆرە چەکە بۆ ئۆکراین دەرببڕێت.
رۆژى هەینى بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن گوتى، ماوەیەکى پێچوو بۆ ئەوەى قایل بم بە ناردنى. ئەو دەڵێت، سەبارەت بەو هەنگاوە قسەى لەگەڵ هاوپەیمانەکانى ئەمریکا کردووە، ئەمەش پێش کۆبوونەوەى هەفتەى داهاتووى لوتکەى ناتۆیە لە لیتوانیا.
بۆمبی هێشووى یان کلەستەر لەلایەن 120 وڵاتەوە قەدەغەکراوە، ئەگەر بە فەرمى بایدن رەزامەندی دەرببڕێت هەر لەم مانگەدا بەزووترین کات پاکێجێکی نوێی هاوکاریی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە، کە ئەو جۆرە بۆمبەش دەگرێتەخۆ، بۆ ئۆکراین رەوانە دەکرێت کە لە ئێستادا لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ روسیادا.
بۆمبی هێشوویی چییە و بۆچی ئەوەندە مشتومڕی لەسەرە؟
بۆمبی هێشوویی، یان بە زمانی ئینگلیزی بۆمبی کلەستەر، بەو بۆمبە دەگوترێت کە لەناوخۆیاندا دەیان بۆ سەدان بۆمبی بچوکتری هەڵگرتووە. بۆمبەکە دەکرێت لەڕێگەی فڕۆکەوە بەسەر ناوچەی ئامانجدا بخرێتە خوارەوە یان لەرێگەی موشەکهاوێژ یان تۆپخانەوە هەڵبدرێت.
بۆمبەکە لە بەرزاییەکی دیاریکراو لە ئاسماندا بەسەر ناوچەی بە ئامانجکراودا دەکرێتەوە و بۆمبە بچوکەکەن پێشە ئەوەی بگەنە سەرزەوی بەرسەر ناوچەکەدا بڵاودەبنەوە و کە بەر زەوی دەکەون دەتەقێنەوە. لەڕێگەی تەقینەوە و بڵاوبوونەوەی ساچمەکانی نێو ئەو بۆمبە بچووکانەوە دەکرێت سەدان سەرباز بەیەکجار بکوژرێن. سەرەڕای ئەوەش، بۆمبەکە دەکرێت بۆ تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕیش بەکاربهێندرێت.
جۆری ئەو بۆمبە هێشووییەی ئەمریکا دەیدات بە ئۆکراین چییە؟
ئەمریکا کۆگایەک لە بۆمبی هێشوویی هەیە کە بە DPICM ناسراوە. لە ساڵی 2016ـەوە ئەمریکا ئەو جۆرە چەکە بەکارناهێنێت.
بەگوێرەی راپۆرتێک لە وێبسایتی eArmor ی سوپای ئەمریکا، واشنتن بەنیازە ئەو بۆمبە هێشووییە بدات بە ئۆکراین، کە لە تۆپی 155 ملیمییەوە دەهاوێژرێن و هەر دانەیەکی 88 بۆمبی بچووک هەڵدەگرێت. هەرکامێک لەم بۆمبە بچووکانە توانایەکی کوشندەی بە درێژایی 10 مەتر بە دەوری خۆیدا هەیە. بەم پێیەش، یەک بۆمبی هێشوویی توانای داپۆشینی روبەرێکی 30 هەزار مەتر چوارگۆشەیی هەیە، ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەو بەرزییەی کە بۆمبە بچوکەکانی لێوە دەخرێنەخوارەوە.
بۆمبە بچووکەکان بەشێوەیەک دروستکراون ئەگەر بەر تانک یان ئۆتۆمبێلێکی گوللـەنەبڕ بکەوێت، کونێک دەکاتە درعەکەوە و دەتەقێتەوە. بۆ تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی گوللـەنەبڕ 10 بۆمبی بچووک پێویستە. بەڵام یەک دانە لەو بۆمبە بچوکانە بەسە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە یان تانکەکە لەکار یان لە جووڵە بخات.
ئەوەی جێگای مەترسییە ئەوەیە یەک لەسەر سێی ئەو بۆمبە بچوکانە ناتەقنەوە، بەمەش مەترسییەکانیان لەو ناوچانەی شەڕدا بەردەوام دەمێنێتەوە و بۆ چەندین ساڵ مەترسیی لەسەر ژیانی هاوڵاتیی مەدەنیی دروستدەکەن. بەگوێرەی داتاکان، 94%ی قوربانیانی بۆمبەکە هاوڵاتییانی مەدەنین و لەورێژەیەش 40%ی منداڵانن.
تاوەکو ئێستا ئەم جۆرە بۆمبە لە شەڕی روسیا و ئۆکراین بەکارهاتووە؟
هەریەک لە روسیا و ئۆکراین لەسەرەتای دروستبوونی شەڕەکەوە لە شوباتی ساڵی رابردوو بۆمبی هێشووییان بەکارهێناوە. بەمدواییانەش هێزەکانی ئۆکراین ئەو بۆمبانەیان بەکارهێناوە، کە لەلایەن تورکیاوە پێیان دراوە.
بەڵام بەرپرسانی ئۆکراین بەردەوام فشاریان خستووەتە سەر ئەمریکا بۆ ئەوەی بۆمبی هێشوویی وڵاتەکەیان بۆ دابین بکات. بیانوی ئۆکراینیش بۆ ئەو چەکە ئەوەیە ئەوان بۆمبەکانیان لە سیستمە موشەکییەکاندا زیاتر بەکاردەهێنن و دەشیانەوێت دابینکردنی ئەو بۆمبانە یارمەتیدەریان بێت لە بەرتەسککردنەوەی توانا هەمەجۆرییەکانی سوپای روسیا لەبواری تۆپهاوێژەکانیدا.
بۆمبی هێشوویی بۆچی ئەوەندە جێگای مشتومڕە؟
بۆمبەکە بەسەر ناوچەیەکی فراواندا بڵاودەبێتەوە و دەکرێت خەڵکانێک بکاتە ئامانج کە لەبەرەکانی جەنگدا نین. بەگوێرەی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، 10% بۆ 40%ی بۆمبە بچووکەکان ناتەقێنەوە و ئەمەش لەدواییدا بە بەریەککەوتنی لەگەڵ هاوڵاتییانی مەدەنیدا دەتەقێنەوە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەبن بە مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتییان.
لەبارەی بەکارهێنانی چەکەکەوە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی ئەو جۆرە بۆمبەوە روسیا و ئۆکراین خەڵکی مەدەنییان کوشتووە و ئەو جۆرە چەکە یەکێکە لە خراپرتین چەکەکانی جیهان، بۆیە دەبێت بەکارهێنانی ئەوچەکە بەتوندترین شێوە ئیدانە بکرێت.
چەکەکە لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهان کە ژمارەیان 123 وڵاتە قەدەغەکراوە. بەڵام ئەمریکا، ئۆکراین، روسیا و 71 وڵاتی دیکە هێشتا قەدەغەیان نەکردووە.
بەگوێری یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکارهێنانی ئەو چەکە لە بەرەکانی جەنگدا نایاسایی نییە، بەڵام بەکارهێنانی بۆ هاوڵاتییانی مەدەنی لەلایەن مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.
چەکەکە لە جەنگی جیهانی دووەم بەکارهاتووە و دواهەمین جاریش لە ساڵی 2003 بۆ 2006 لە لایەن ئەمریکاوە لە عێراق بەکارهاتووە. بەڵام لە ساڵی 2016ـەوە بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە لەلایەن ئەمریکاوە راگیراوە.