بڕیارە یەکى مانگى داهاتوو دادگاى فیدراڵیى عێراق یەکەم دانیشتن لەبارەى ئەو سکاڵایەوە ئەنجام بدات کە دژى لێبڕین و پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە، ئەوە لەکاتێکدایە پێنج ساڵ لەمەوبەریش سکاڵایەکى هاوشێوە لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکرابوو، بەڵام دادگا سکاڵاکەى رەتکردبوەوە و رایگەیاندبوو، یەکلاکردنەوەى پرسى پاشەکەوتى مووچە لە تایبەتمەندى ئەواندا نییە.
سکاڵاکەى ئەمجارە لەلایەن شەش کەسەوە تۆمارکراوە، لەنێویاندا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و سروە عەبدولواحید سەرۆکى فراکسیۆن و چەند پەرلەمانتارێکى دیکەى عێراقى جوڵانەوەکە، هەروەها ناوى باسم خەشان پەرلەمانتارى سەربەخۆى عێراقیش لەسەر سکاڵاکە هەیە. سکاڵا لەسەرکراویش بریتییە لە مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێم.
دادگاى فیدراڵى سکاڵاکەى خستووەتە بەرنامەى کارى دانیشتنى رۆژى یەکى ئابى 2023ەوە، دەقى سکاڵاکە لە ماڵپەرى فەرمى دادگا بڵاوکراوەتەوە و دەردەکەوێت سکاڵاکە لەسەر بڕیارى ژمارە 61ـى ساڵى 2020 ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە کە بەگوێرەى ئەو بڕیارە رێژەى لەسەدا 21ى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەبڕدرا.
سکاڵاکارەکان پێیانوایە بڕیارەکە پێچەوانەى یاسابەرکارەکان و دەستوورى عێراقە، هەربۆیە داوادەکەن دادگاى فیدراڵى بڕیاربدات بە پوچەڵکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکە و نەهێشتنى ئەو کاریگەرییانەى کە دروستیکردووە، ئەویش لە رێگەى دەستبەرداگرتنى بڕى ئەو پارەیەى کە بەگوێرەى ئەو بڕیارە لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بڕدراوە.
بەتێڕوانین لە ناوەڕۆکى سکاڵاکە، دەردەکەوێت ئەم سکاڵایە تەنها لەسەر ئەو بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم تۆمارکراوە کە لە 21ـى حوزەیرانى 2020 دەرچووە، بڕیاری دابوو بە بڕینى لەسەدا 21ى مووچەى فەرمانبەران بە پاساوى بڵابوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کەمبوونەوەى داهات و دابەزینى نرخى نەوت، ئەم بڕیارە لەجیاتى پاشەکەوت ناوى لێنرابوو “لێبڕین” تاوەکو مانگى حوزەیرانى 2021 بەردەوامبوو.
تۆمارکردنى ئەم سکاڵایە لەلایەن جوڵانەوەى نەوەى نوێ-ەوە پاش ئەوە دێت ساڵى 2018ـش سکاڵایەکى هاوشێوە دژى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە دادگاى فیدراڵیی عێراق تۆمارکرابوو.
سکاڵاکەى ئەوکات بە سیفەتى شەخسى لەلایەن ناز نورى عارف سەرۆکى پێشووترى داواکارى گشتى سلێمانییەوە تۆمارکرابوو لەسەر نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێم بەوپێیەى بە ئیمزاى ئەو، بڕیارى ژمارە 64ى ساڵى 2016 دەرچبوو کە بەگوێرەى ناوەڕۆکەکەى لەسەدا 50 بۆ 60ى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەکرا بە پاشەکەوتى ئیجبارى.
سەرۆکى پێشووترى داواکارى گشتى سلێمانى پێیوابوو بڕیارەکە نادەستوورییە، ئەویش پاڵپشت بە مادەکانى 14 و 15 و 16ى دەستوورى عێراق، هەروەها باسى ئەوەى کردبوو کە بڕیارەکە بە تاکەکەسى لەلایەن سەرۆکوەزیرانى هەرێمەوە دەرکراوە بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان ئەوەش وادەکات پێچەوانەى بنەماکانى دەستوور بێت.
دادگاى فیدراڵى لە دانیشتنى رۆژى 11ى ئازارى 2018 کە بە سەرۆکایەتى دادوەر مەدحەت مەحمود سەرۆکى ئەوکاتى دادگاکە بەڕێوەچوو، تاوتوێى سکاڵاکەى ناز نورى کرد، بەڵام لە ئەنجامدا دادگا بڕیارى دا بە رەتکردنەوەى سکاڵاکە و ئاماژەى بەوەدا کە ناوەڕۆکەکەى لە تایبەتمەندییەکانى دادگاى فیدراڵی نییە.
ئێستا کە جارێکى دیکە سکاڵایەکى هاوشێوە لەبارەى پاشەکەوتى مووچە بۆ دادگاى فیدراڵى بەرزکراوەتەوە هێشتا روون نییە کە هەمان چارەنووسى سکاڵاکەى پێنج ساڵ لەمەوبەرى دەبێت، یاخود ئەمجارە سکاڵاکارەکان دەتوانن قەناعەت بە دادگا بهێنن کە بڕیارى لێبڕین و پاشەکەوتى مووچە پێچەوانەى دەستوور و یاسابەرکارەکان بووە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەو پارەیەى لە مووچەخۆرانى هەرێم بڕدراوە بۆیان بگێڕدرێتەوە.
مانگى رابردوو پرسى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بابەتێکى گەرمى گفتوگۆکانى پرۆژەیاساى بودجەى عێراق بوو، لیژنەى دارایی بڕگەیەکى بۆ پرۆژەکە زیادکرد کە حکومەتى هەرێمى پابەند دەکرد بەگێڕانەوەى لەسەدا 10ى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، بەڵام حکومەتى هەرێم لە زیادکردنى بڕگەکە نیگەرانبوو سەرەنجام پاش بگەرە و بەردەیەکى زۆر بڕگەکە لابرا، ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانى لێکەوتەوە کە پشتیوانییان لە مانەوەى بڕگەکە دەکرد، یەکێک لەو لایەنانە نەوەى نوێ بوو، هەر ئەوکات هەڕەشەى تۆمارکردنى سکاڵاى کرد لە دادگاى فیدراڵى.