هەرێمى کوردستان لە بەردەم گورزێکى دیکەى دادگاى فیدراڵیدایە، سەرەتاى مانگى داهاتوو ئەم دادگایە لەبارەى درێژکردنەوەى تەمەنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە.
ساڵى 2005 هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە ئەنجامدرا، بەڵام ئەم پێکەوەبوونە تەنها بۆ ئەو خولە بوو، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە عێراق ساڵى 2009 و 2013 ئەنجامدرا، دەبوو ساڵى 2018 خولى چوارەم ئەنجامبدرێت، بەڵام نەکرا و بەردەوامبوو، تاوەکو ساڵى 2021 پەرلەمانى عێراق ئەنجومەنى پارێزگاکانى لەکارخست و بڕیارە مانگى 12ى ئەمساڵ ئەنجومەنێکى تازە هەڵبژاردرێت.
چیرۆکەکە لە هەرێمى کوردستان تاڕادەیەک جیاوازە، تاوەکو ئێستا دوو خول هەڵبژێردراون، خولى یەکەم وەک باسمانکرد، ساڵى 2005، خولى دووەم دواى نۆ ساڵ و لە 2014 ئەنجامدرا، ئەم خولەش نزیکەى 10 ساڵە بەردەوامە و ئاماژەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە دیارنییە.
پەرلەمانى کوردستان ساڵى 2009 یاسایەکى پەسەندکرد، بۆ رێکخستنى کارەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان، بەگوێرەى یاساکە هەڵبژاردنى هەر خولێک بۆ ماوەى چوارساڵە، بەڵام پەرلەمانى کوردستان ساڵى 2019 ئەم یاسایەى هەموارکردەوە و بڕیاریدا کارەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان بەردەوام بێت تاوەکو هەڵبژاردنى خولێکى تازە، بەبێ ئەوەى وادەى هەڵبژاردنەکە دیاری بکات.
ئێستا ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم پشتی بەم یاسایەی پەرلەمان بەستووە و لەسەر بنەماى ئەم یاسەیەش کارەکانى دەکات.
مانگى رابردوو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنەکەى لە بەغداد سکاڵایان لەسەر ئەم هەموارە تۆمارکرد، بەگوێرەى کارنامەى دادگاکە رۆژى 6ـى ئاب، واتە مانگى داهاتوو لەبارەى دۆسیەکە کۆدەبێتەوە.
سکاڵاکە لەسەر مادەى (2)ـی یاسا هەموارکراوەکەیە، کە تەمەنى ئەنجومەنەکەى بەبێ سنور درێژکردووەتەوە.
لەبارەى سکاڵاکەوە عەلی رەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر بە زوومى گوت، تۆمارکردنى سکاڵاکە سیاسییە.
ئەو بەردەوامبوونى کارەکانى ئەنجومەنى پارێزگاکان بە یاسایی دەزانێت و ئومێدى هەیە دادگاى فیدراڵیش لە بەرژەوەندى ئەوان بڕیار بدات.
هەوڵى هەڵوەشاندنەوەى ئەم خولەى ئەنجومەنى پارێزگاکان دواى بڕیارەکەى ئەم دواییەى دادگاى فیدراڵى دێت، کە درێژکردنەوەى تەمەنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستانى بە نادەستورى دانا و بەهۆیەوە پەرلەمان لە کارخرا.
هەرچەندە هێشتا وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیارنییە، بەڵام داواکارى هەیە بۆئەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکانی هەرێمى کوردستانیش پێکەوە ئەنجام بدرێت، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر ئەمە بە گونجاو دەزانێت.
ئەگەر دادگاى فیدراڵى هاوشێوەى دۆسیەى درێژکردنەوەى تەمەنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە دۆسیەى درێژکردنەوەى تەمەنى ئەم خولەى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بڕوانێت، پێدەچێت ئەمیش لەکاربخات.