ئاماری تووشبوانی تای خوێنبەربوون زیادیکردووە، بەرپرسانی تەندروستی هۆکارەکەی بۆ پابەندنەبوونی هاوڵاتی لە جەژنی قوربان دەگەرێننەوە،ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی تووشبوونی کەسێک بە نەخۆشییەکە راگەیەندرا کە ئەمە یەکەم حاڵەتی نەخۆشییەکەیە لەم سنورەدا.
هەر ئەمڕۆ حاڵەتێکی دیکە لە کەرکوک تۆمارکرا، بە مەش تاوەکو ئیستا چوار حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لەو شارە تۆمارکراوە کە یەکێکیان بەهۆی نەخۆشییەکە وە گیانی لەدەستداوە،لە سنوری ئیدارەی سۆرانیش یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا.
زۆربەی ئەو هاوڵاتیانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن، قەسابن یاخود کاری ئاژەڵداری دەکەن.بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری دەدەنە ئەو کەسانە و داوایان لێدەکەن بە دەستکێشەوە مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا بکەن و لەکاتی هەبوونی نیشانە سەرەتاییەکانی وەکو تاو سەرئێشە و خوێنبەربوون سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.
بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، جگە لەوەی نەخۆشییەکە خۆی مەترسیدارە هاوکات چارەسەرەکانیش وەکو پێویست نین و دەبێت هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن، لەو بارەیەوە سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ رایگەیاند، ئەو چارەسەرەی بۆ تای خوێنبەربوون بەکاری دەهێنین، چارەسەری بنبڕکەر نییە و مەرجیش نییە نەخۆشەکە سودی لێببینیێت.
سەباح هەورامی گوتیشی ئەو چارەسەرەی بەکار دەهێنرێت بۆ ڤایرۆس بەکاردەهێنرێت.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێم کە دوو رۆژ پێش جەژنی قوربان وەزیری تەندروستی بڵاویکردوە، 23 گومانلێکراو و 11 تووشبوو بە نەخۆشییەکە هەبووە، جگە لەمەش 5 کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی ئەم دوو هاوڵاتیەی ئەمڕۆی تێدانییە، بەم پێیە بێت ئێستا 13 تووشبوو بە نەخۆشییەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، هەروەها لە کەرکوکیش چوار حاڵەت هەیە.