18 رۆژی دیکە 100 ساڵ بەسەر ئەو رێککەوتنەدا تێدەپەڕێت کە کوردستانی پارچە پارچەکرد، چەند مانگێکە چالاکی و کۆنفرانسەکان لەبارەی پەیماننامەی لۆزانەوە چرتربوونەتەوە.
لە باشوری کوردستان و رۆژئاڤا و ئەوروپا باس باسی لۆزانە، ئەمڕۆش لە حەسەکەی رۆژئاڤای کوردستان، ئیدارەی ناوچەکە رایگەیاند “رێگە نادەین لۆزانێکی دیکە دووبارە ببێتەوە”.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی رۆژئاڤا کۆنگرەیەکی بەناوی لوتکەی نێونەتەوەیی پەیمانی لۆزان لە شاری حەسەکەی رۆژئاڤای کوردستان ئامادەکردووە و دەیەوێت زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و ئەمنی هۆڵی کۆنگرەکە بە باسی لۆزان گەرم بکەن.
هەریەکە و باس لە لایەنێکی پەیماننامەی لۆزان دەکەن.
راکان شێخی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی رۆژئاڤا دەڵێت “ئامانجی لوتکەکە ئەوەیە باسی ئەو ریککەوتنانە بکرێت کە لەسەر حسابی گەلی کورد واژۆکراون. کورد دەیەوێت دوای 100 ساڵ چاو بە پەیماننامەی لۆزاندا بخشێنرێتەوە و مافی کورد و نەتەوەکانی دیکەش بگەڕێندرێتەوە.”
بێریڤان خالید هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، ” دەوڵەتی تورکیا سنورەکانی لۆزانیش تێدەپەڕێنێت و هەوڵ دەدات ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە.”
بێریڤان خالید دەڵێت، پێویستە کورد لەم قۆناغەدا لە چوار پارچەی کوردستان ریزەکانی یەک بخات و ناکۆکیەکانی تێپەڕێنێت، چونکە نابێت لۆزانێکی دیکە دووبارە ببێتەوە.
هاوکات مەزڵوم عەبدى فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەشداری لە لوتکەکە کرد.
مەزلۆم عەبدى لەبارەی پەیمانی لۆزانەوە گوتی “سیاسەتی رەتکردنەوەی کورد کە لەگەڵ واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان دەستی پێکردووە، بەڵام تا ئێستاش هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە و تێکشکاوە”.
فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، ” ئەمڕۆ لە چوار پارچەی کوردستان کورد دەستکەوتی گەورەی هەیە. پێویستە ئێمە بەدوای رێبازی پاراستنی دەستکەوتەکانمان بگەڕێین. لە باشوری کوردستان دەستکەوتی گەورە هەیە، وەرن پێکەوە دەستکەوتەکان بپارێزین و پشتگیری لە یەکدی بکەین”
هەسەدە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو لەنێو کورددا دەستپێشخەریەکی راگەیاندووە. لە رێگەی دەستپیشخەریەکەوە هەوڵ دەدات هەموو پارت و هێزەکان کۆبکاتەوە و لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێکبکەون، بەڵام هەوڵەکان وەستاون. مەزڵوم عەبدى دەڵێت پێویستە دەست پێ بکەینەوە، لەبەرئەوەی ئەم قۆناغە، قۆناغی خەباتی هاوبەشە و هیوادارین هەموو لایەنە کوردییەکان لەسەر مێزی دیالۆگ کۆببنەوە.”