دواجار کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئینستاگرام و واتسئەپ دەکات، پلاتفۆرمێکی دیکەی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەناوی (Threads – ثريدز- سرێدز)ی راگەیاند کە هاوشێوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرە و رێگە بە دانانی تێکست دەدات. بەشێک لە شارەزایانی تەکنەلۆجی تۆڕەکەیان بە بکوژی تویتەر ناویان بردووە، بەوپێیە چاوەڕێ دەکرێت جێگە بەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لێژبکات، بە تایبەت دوای کڕینی لەلایەن ئێلۆن مەسک و ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاری تێیدا کە بەهۆیەوە تۆڕەکە پێگەی لەناو بەکارهێنەراندا تادێت لاوازتر دەبێت.
هەر لە حەوت کاتژمێری سەرەتای دەستبەکاربوونی تۆڕەکە، ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتە 10 ملیۆن کەس، بەشێکی زۆر لە ئەستێرە بەناوبانگەکانی جیهان پۆستیان تێداکردووە.
مارک زوکەربێرک، بەڕێوەبەری گشتی و خاوەنی کۆمپانیای مێتا لە یەکەم پۆستیدا لە پلاتفۆرمەکەدا بەخێرهاتنی بەکارهێنەرانی کرد، دوای ئەوەش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر وێنەیەکی داناوە کە دوو کارەکتەری سپایدەرمان بەرامبەر یەکتریی وەستاون، وەک ئاماژەیەک بۆ رکابەریی نێوان تویتەر و سرێدز.
ئەپی سرێدز چۆن کار دەکات؟
Threads وشەیەکی ئینگیزییە و بەمانای “دەزوو” دێت، تاوەکو ئێستا سرێدز پەڕەی تایبەتی خۆتۆمارکردنی نییە، بەڵکو بەکارهێنەران دەتوانن لەڕێگەی ئینستاگرامەوە هەژماری سرێدز دروستبکەن و دەشتوانن فۆڵۆوی هەموو ئەو کەسانەش بکەن کە لە ئینستاگرام فۆڵۆیان کردوون.
لە سرێدز، دەتوانیت پۆستی تێکستی 500 رەنووسی بنوسیت و وێنە، وێنەی جوڵاو، ڤیدیۆی تاوەکو پێنج خولەکی لەگەڵدا دابنێیت.
هاوشێوەی تویتەر، دەتوانیت ناوەڕۆکی کورتی تێکستی بە تەنها بڵاوبکەیتەوە، لایک و ریپۆرتیش بکەیت، دەتوانی وەڵامی کۆمێنتەکانیش بدەیتەوە.
چۆن سرێدز بکەمەوە؟
لەئێستادا دەتوانیت لەڕێگەی مۆبایلەکەتەوە لە کۆگای ئەپی هەردوو سیستەمی IOS و Android ئەپی سرێدز (Threads) دابەزێنیت و چێژ لە بەکارهێنانی ببەیت، بەڵام لە ئێستادا هیچ وەشاندنێکی بۆ کۆمپیوتەر نییە.
بۆچی خەڵکێکی زۆر لە پرۆفایلەکەمدا هەن کە من فۆڵۆوم نەکردوون
یەکێک لە ڕەخنەکان روبەڕووی سرێدز بوونەتەوە دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەکاربوون ئەوەیە کە پۆستی خەڵکێکی زۆر لە لاپەڕەی سەرەکی دەبینیت کە تۆ فۆڵۆوت نەکردوون، مێتا دەڵێت ئەوە تێکەڵەیەکە لەو خەڵکەی کە فۆڵۆوت کردوون و ئەوانی تریش بەپێی راسپاردەکانی ئەلگۆریتم دێنە ناو لاپەڕەی سەرەکیت، تاوەکو ئێستا ئەو تایبەتمەندییەی نییە کە بتوانیت تەنها ئەو کەسانە ببینیت کە فۆڵۆوت کردوون و کۆمپانیای مێتاش باسی لەوەنەکردووە کە ئاخۆ وەها تایبەتمەندییەک بەردەست دەخات یاخود نا.
دەتوانم نامەی تایبەت بنێرم؟
لەئێستا هیچ بەکارهێنەرێک ناتوانێت نامەی تایبەت بۆ ئەو کەسانە بنێرێت کە فۆڵۆوی کردوون، ڕەنگە لە داهاتوودا و پاش ئەوەی ئەپەکە سەقامگیری وەرگرت، ئەو تایبەتمەندییە بکرێتەوە.
ئایا دەکرێت هەژماری ئینستاگرامەکە تایبەت بێت و هەژماری سرێدزەکەم گشتی بێت؟
بەڵێ دەتوانیت، ئەگەر دەتەوێت هەژماری ئینستاگرامەکە تایبەت بێت و هەژماری سرێدزەکەت گشتی بێت، خۆ ئەگەر تەمەنیشت لە خوار 16 ساڵەوە بێت، هاوشێوەی ئینستاگرام، هەژمارەکەت لە بنەڕەتدا تایبەت دەبێت.
دەتوانیت هەرکاتێک بتەوێ هەژماری سرێدزەکەت بگۆڕیت بۆ تایبەت، هەروەها ئەوەش دیاری بکەیت کە دەتەوێت کێ وەڵام و کۆمێنت لەسەر پۆستەکانت بنوسێت.
ئایا سرێدز ریکڵامی بازرگانی تێدایە؟
کۆمپانیای مێتا باسی لەوەکردووە کە لە ئەمساڵدا ریکڵام لە ئەپەکە دانانێت، بەڵام دەرگای بۆ دانانی خستووەتەسەر پشت.
ئایا دەتوانم ناوی بەکارهێنەری تری جیاواز لە ئینستاگرام دابنێم؟
لە ئێستادا، کۆمپانیای مێتا تەنها لە ئینستاگرامەوە رێگە دەدات هەژماری خۆت دروست بکەیت و هەمان ناوی بەکارهێنەرت دەبێت.
لە ئێستاشدا تۆڕەکە لە 100 وڵاتی جیهاندا بەردەستە، بەڵام هێشتا لە یەکێتی ئەوروپا بەردەست نییە بەهۆی ئەو گفتوگۆیانەی لەنێوان کۆمپانیای مێتا و بەرپرسانی ئەوروپا لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی داتاکان بەڕێوەدەچن.
راگەیاندنی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لەلایەن مێتاوە لەکاتێکدایە کە ناکۆکی زۆر لەنێوان زوکەربێرگ و مەسکدا هەیە، هەفتەی رابردوو هەردولا رەزامەندییان نیشاندا کە لەناو قەفەسدا شەڕەبۆکس بکەن بەڵام تا ئێستا وادەیەک بۆ شەڕەکەیان دیارینەکراوە.